لە جەنگی دوەمی جیهانی ئەوەی یەکێتی سۆڤییەتی لە داگیرکاری و هێرشی دوژمنانی پاراست سەرما و بەفری زۆر بو، هەربۆیە زاراوەی "جەنەڕاڵ بەفر" چوە نێو ئەدەبیاتی سەربازییەوە.
لێرەوە تێدەگەین لەوەی کە دیاردەی سروشتی زۆرجار مێژو لە لەتبون دەپارێزێت، یان وادەکات مێژوی ناوچەیەک لەت بێت.
ئەو باران و لافاوە بەهێزەی رۆژی 9ی ئەم مانگە زیاتر لە ناوچەکانی تر سنوری چەمچەماڵی گرتەوە، تەنیا ئەوە نەبو کە جارێکیتر خەبات و گیانفیدایی درێژمەودای چەمچەماڵییەکان بخاتەوە نێو دانیشتنەکان و سەر شاشەکان، بەڵکو مێژوی ناوچەکەی لەت کرد، لە ئایندەدا کە باسی چەمچەماڵ دەکرێت دەبێت بوترێت بەر لە لافاوەکە یان دوای لافاوەکە.
دابارینی زۆر حاڵەتێکی سروشتییە، بەڵام لافاو لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوندا ناسروشتییە، کتوپڕ نەبو، پێشتر هۆشداری درابو لە دۆخەکە، بەڵام بەهەند وەرنەگیرا. بۆیە لە لایەک لێکەوتەی نەرێنی گەورەی بە گیان و ماڵ و دەرونی هاوڵاتییانی سنورەکەوە جێهێشت. ئەی لە لایەکەی ترەوە چی بۆ ئێمە ئاشکراکرد؟
لەساڵی 1957 لافاوێک لە شاری سلێمانی دروست بو، بەهۆیەوە 35 کەس گیانیان لەدەست دا، بەڵام لە هەمو شارەکانی عێراق کۆمەک بۆ زیانمەندان کۆکرایەوە و وەصی عەبدولئیلای شازادەی عێراق هاتە سلێمانی، بەدوایدا قەرەبوی زۆری هاوڵاتیان کرایەوەو چاکسازی بنەڕەتی لە ڕێڕەوی ئاو و رێگاوبانەکان کرا.
لافاوەکەی چەمچەماڵ پەردەی لەسەر زۆر بابەت ڕاماڵی، دەرکەوت ئەوەی خەڵکی چەمچەماڵی بەبێدەنگی و رازیبون بەو دۆزەخە خراپە هێشتوەتەوە دڵسۆزی کاربەدەستەکان و پرۆژەکانی حکومەتی هەرێم نییە، بەڵکو گیانی دڵسۆزی و خۆبەکەم پیشان نەدان و هێشتنەوەی ئەوەیە کە بەخوێنی جەستەیان بەدەستهاتوە.
خۆشبەختانە پێشبینی دەکرێت ئەم روداوەش بەبەرژەوەندی هەموان کۆتایی بێت، چونکە لانیکەم گیانی هاوکاری و یەکدەنگی کوردی لە هەمو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پیشانداو دەرخەری ئەوە بو کە گیانی کوردبون و دەستگرتنی یەکتر ئاسمان و رێسمانە لەگەڵ پەیامە حزبییەکان. سەلماندی لەکاتی لێقەوماندا ئەگەر سیاسییەکانمان لێگەڕێن شارەکانمان سنوریان نییە.
لێکەوتە لاوەکییەکانیش زۆربون، لەوانە میدیا هاتە گۆڕەپانەکەوە و ڕۆڵی گەورەی بینی لە پیشاندانی وێنەکەی ئێستا و وێنە گشتییەکەی ژیانی مرۆڤ لەو شارە، کە شوکرانەی دەوێت چۆن تائێستا سروشت نەیکردوه بە پارویەکی گەرم بۆخۆی. پاشان حکومەت ناچاربو بەشێک لە لێپرسراوانی کەمتەرخەم لەکار بخات کە بەنیازبون تا قالوبەلا لەو پۆستانەدا بن.
هەر بەهۆی کاری باشی لافاوەکەوە چاوەڕێ دەکرێت بەو کۆمەکە زۆرەی دارایی کە لە چەندین پۆینت و ڕێگەی جیاوازەوە کۆکراونەتەوەو بە دەیان ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، لانیکەم قەرەبوی ماڵیی زیانلێکەوتوانی پێ دەکرێتەوە و ئەگەر لە دەستێکی پارێزراودا بێت رەنگە مەترسی دوبارەبونەوەی لافاوی پێ بڕەوێنرێتەوە. لە بەرامبەر ئەمەشدا نازانم تاکەی چاو و گوێمان لەو سامانە سروشتییە زۆرە ناکرێنەوە کە لەژێر پێی چەمچەماڵییەکاندایە؟
هاوکات ڕوی چەمچەماڵییەکانی پیشاندا کە هیچکات، تەنانەت لەم دۆخەشدا خۆیان وەکو هەژار و خاوەن پێداویستی پیشان نادەن و ڕازین بەوەی کە هەیانە.
دیاردەیەک کە جێگەی سەرنجە و لێکەوتەکەی بە قازانجی چەمچەماڵیەکانە، کێبڕکێی سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکانە بۆ بەخشینی زۆرترین پارەو دەستگیرۆیی، ئەم کارەی ئەوان بە هەر مەبەستێک بێت کڕینی پاروە نانێکە بۆ خوساندنی سکێکی برسی. هەرچەند تاکە یەک بەرپرسی حکومی و حزبی خۆی نەخزاندە ناو ئەو هەڵمەتی بەخشینەوەو هیچ وێنەیەکی لێقەوماوان هەستی نەجوڵاند.
بۆیە جێی خۆیەتی ئێمەی چەمچەماڵییەکان سوپاسی جەنابی لافاو بکەین کە لەگەڵ خۆیدا کەمەکێک لە ژیانی باشتر کردین و برای شیری زۆری بۆ ئاشکراکردین.