زۆر دەمێکە بەشێک لەئێرانیەکان لەم دەسەڵاتەی ئێستا بێزارن . من ساڵی نەوەدەکان سێ ساڵ لە ئێران ژیاوم , دەزانم خەڵکێک ئەو کاتەش خواخوای دەرچەیەکی بوو لەو ڕژێمە نەجاتی ببێ . بیرمە ئەوەندە بە تاسوقەوە باسی ئەوەیان دەکرد کە وەلی عەهد (وابزانم کوڕی شای ئێرانە ) بە نهێنی هاتۆتە تاران و سوڕاوەتەوە !
گەلی ئێرانی بە گشتی بێزوو بەزەمانی شاوە دەکەن . ئەوەتا لەم خۆپیشاندانەی دوایدا بە ئاشکرا هاواریان دەکرد (رەزا شا , ڕوانشا) بەو واتایەی گیانی ڕەزا شا شادبێ , چونکە ئەو بارە ئابوریەی ئێستا ئێرانیەکان تێیدا دەژین لە سەردەمی پێش ئەم حکومەتەی ئێستادا نەیانبینیوە .
داڕمانی بەهای تومەنی ئێرانی و قورسبوونی ژیان لەم ساڵانەی دواییدا پاڵنەرێکی ترە بۆ ئەوەی بەشێک لە ئێرانیەکان بیر لە سەردەمێکی نوێ و دەسەڵاتێکی نوێ بکەنەوە .
سەرەڕای ئەمانەش ئەم وڵاتە زۆر لەبارە بۆ پەرتبوون و لەمانگێکی فەوزادا پێدەچێت چەندین پێکهاتەی ئێرانی خۆیان ڕێکبخەن,بەتایبەت ئەو کاتەی دەستێکی دەرەکی بەهێز هاندەرە بۆ ئەم کارە .
ئێران پێکهاتوە لە کوردو تورک و عەرەب و فارس هەروەها کەمینەی تریشی تێدایە .
یەعنی چانسی پەرتبوونی سێ هێندەی عێراقە . وە ئەم پێکهاتانە دەمێکیشە بەدەست دەسەلاتەوە خەم دەخۆن .
جیاوازی مەزهەبی و تایفیش با لەولاوە بوەستێ , سوننە , شیعە ,جولەکە , ...هتد
لەبەر ئەوە بەدور نازانرێت ئێران وەک یەکێتی سۆڤێتی جاران بکرێت بەچەندین پارچەوە و ئەمریکاش ئەو کاتە بێت ڕاوی خۆی لەو ئاوەلێڵەدا دەکات .
ئەگەر هیچ هۆکارێکیش بۆ ئەم پەرتبوونە نەبێت , لەوانەیە ئیتر ئێرانیەکان بیانەوێت ڤێرژنێکی نوێی دەسەڵات تاقیبکەنەوە , کە لە ١٩٧٩ چەقی بەستوە .
ئەوەی جێی پرسیارو تێڕامانە لەم سەروبەرەدا ئەوەیە ئەگەر دەسەڵاتێکی نوێ لەو وڵاتە بێتە ئاراوە کە منەتی بە ناوچەکە نەبێت و زلهێزانی دونیا پشتگیری بکەن , لەگەل کوردی ئێران و ئەم دەسەڵاتە هەرێمیەی باشوری کوردستاندا چۆن دەبێ ؟
تۆ بڵێی دیسان کورد لەو گۆرانکاریەدا زیانی بەرنەکەوێ ؟