بەڕێز جەنابی  وەزیری پەروەردە

ئاراز مەحمود قەرەداغی
  2026-02-02     767

راستە لەم کاتەدا کوردستان بەھەر چوار پارچەکەیەوە بە دۆخێکی ناھەمواردا تێدەپەڕێ ، بەڵام گرنگیدان بە پەروەردە  و زانست لە ھیچ بارو دۆخێکدا ناکرێت بەھۆی ھیچ ھۆکارێکەوە کەمتربێت لە ئاستی پێویست . ئەوەی دەمەوێ بیخەمە بەردەستی جەنابتان و ڕای گشتی لەم نوسینەدا سەبارەت بە د انان و دابەشکردنی مامۆستایانە بەپێی پسپۆڕیی لە ناوەندەکانی خوێندندا. .لە نوسراوی ژمارە ١٦٦٣٩ی بەرێوەبەرایەتی گشتی فێرکردنی ئامادەیی و پیشەیی لە بەرواری ٢٧/٧/٢٠٢٥ کۆمەڵیک پڕەنسیپ لەژێر رۆشنایی فەرمانی وەزاری ژمارە ٢٠٢  لەبەرواری ١٣/٧/٢٠٢٥دا ھاتۆتە کایە ،  کە لەخاڵی سێھەمدا بۆ دابەشکردنی میلاکات بەھیچ شێوەیەک پشت بە پسپۆڕی مامۆستا نابەستێ بۆ پۆلەکانی یەک تا نۆیەمی بنەڕەتی .
ھەرچەند لەو خاڵەدا بە ڕوونی داوا نەکراوە بۆ دابەشکردنەوەی میلاکات پشت بە پسپۆڕی نەبەسترێ ، بەڵام لەبەر ئەوەی تەنھا ئاماژە بە ٢٤ بەشە وانەو ژمارەی پۆل و ژمارەی مامۆستا کراوە ، وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە پسپۆڕی ھیچ بایەخێکی نەبێت بۆ ئەم قۆناغە (١تا ٩).
بەڕێز جنابی وەزیری پەروەردە ، ئاشکرایە لەھەندێک لە وڵاتانی دونیادا بۆ قۆناغی سەرەتایی چاوپۆشی لە پسپۆڕی مامۆستا دەکرێت و لەو قۆناغەدا مامۆستا زۆرێک لە وانەکان دەڵێتەوە . بەڵام پێناسەو واتای قۆناغی سەرەتاییش لە وڵاتانداجیایەو ھەر وڵاتێک بەپێی پێوەرێک چەند پۆلێک ناو دەنێت قۆناغی سەرەتایی . بۆ نمونە 
لە بەریتانیا ١ تا شەش پێی دەوترێت سەرەتایی
لەفەرەنسا تەنھا تا پۆلی ٥ پێی دەوترێت قۆناغی سەرەتایی 
لە ئەڵمانیا تەنھا تا پۆلی چوار قۆناغی سەرەتاییە ، درێژترین ماوەی قۆناغی سەرەتاییش لە ولاتی ئیرلەندایە کە ٨ساڵە .
سەرەڕایی پێناسەی جیاواز بۆ قۆناغی سەرەتایی ، پێوەری دیکەش ھەیە کە لەسەرێکەوە مامۆستا ناتوانێ وەک مامۆستای وڵاتان پەرە بە تواناکانی بدات وەک ئەو زانستەی لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا فێری دەبن و ئەو کەشەش کە وانەی تێدا دەڵێتەوە . لەلایەکی تریشەوە قوتابی وخوێندکاری ئێمە ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخساوە کە ولاتانی دەرەوە بۆیان رەخساوە ، بۆ نمونە لە ڕووی کات و شوێنەوە . زۆریی ژمارەی قوتابیان لەھەندێ شوێن کاریگەری خراپی لەسەر توانای فێربوون ھەیە و کەمی کاتی مانەوەش لە قوتابخانە بەراورد بە وڵاتانی دونیا بەھەمان شێوە لە توانای فێربونیان کەم دەکاتەوە .
گومانی تێدا نیە وەزارەتی پەروەردە لەسەر دەستی بەرێزتان ھەنگاوی باشی ناوەو ھەمیشە ھەوڵەکان دیاربوون بۆ گۆرانکاری و بەرەو پێشەوە چوون ، سەرەڕای ئەو دۆخە ئابوریە ناجۆرەش کە باڵی بەسەر کۆی خەڵکدا کێشاوە . لەبەرئەوە بە پێویستی دەزانم لەھەموو قۆناغەکانی خوێندندا گرنگی تەواو بە پسپۆڕیی مامۆستا بدرێت .گونجاو نیە تەنھا بۆ پڕکردنەوەی جێگای مامۆستایەک کە خانەنشین دەبێت ھەر مامۆستایەکی تر لە شوێنی دابنرێت .کورد دەمێکە وتویەتی نان بۆ نانەواو گۆشت بۆ قەساب . ھیچ کاتێک مامۆستایەکی ئاین یان وەرزش ناتوانێ وەک پێویست وانەیەکی ئینگلیزی یان بیرکاری بڵێتەوە . سەرەڕای ئەوەی قوتابیەکە لەڕووی زانستیەوە مافی خۆی لە مامۆستاکە بۆ وەرناگیرێ ، مامۆستاکەش بەشیوەیەک  دەرونی ماندوو دەبێت ، چونکە ساڵانێک بابەتێکی لە زانکۆ یان پەیمانگا خوێندوەو ئێستا دەبێت شتێکی تر بڵێتەوە بەبێ ئەوەی خولێکی شیاندنیشی بینیبێت  .لەکۆتاییدا ئەو فیلمە میسیریە کۆمێدیە دێنمەوە بیری ھەموان ، کە فڕۆکەیەک فڕۆکەوانەکەی دەبورێتەوە ، ھاوار دەکەن کێ لە فڕۆکە دەزانێ ؟ کەسی تیانابێ لێی بزانێ ؟ ئەنجا دەڵێن ئەی کێ سایەقی ئۆتۆمبێل دەزانێ ؟ سایەقیشی تیا نابێ . پاشان دەڵێن ئەی کەسی تیایە لەماتۆڕ بزانێ ؟ ئەویشی تیانابێ . پاشان ھاواردەکەن ئەی پاسکیلسواری باشی تێدایە ؟ دانەیەکیان دەڵێ من . پێی دەڵێن دە وەرە ئاگات لە لێخوڕینی فڕۆکەکە بێت تا فڕۆکەوانەکە ھۆشی دێتەوە !

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×