رەگەزەکانی قوتابخانەی زۆر باش

ئاراز مەحمود قەرەداغی
  2026-02-17   

قوتابخانە تەنھا باڵەخانەو شتومەکی ناوی نیە ، ھەرچەند ئەمانەش گرنگن و بەشێکن لە پێشخستنی قوتابخانە . قوتابخانەی زۆر باش بەم رەگەزانەی خوارەوەدا دەناسرێتەوە . زۆر بە کورتی و بەخاڵ ئاماژەیان پێدەدەم .
١-    سەرکردایەتی بەھێز، بەو واتایەی ئەم چەمک و تێگەیشتننا لە خۆ بگرێت 
*دیدگای ڕوون و ئاشکراو بزانن بەرەو چ ئامانجێک ھەنگاو دەنێین بەپێی کاتی جیاواز 
*ھەبوونی ڕیسای تایبەت بۆ ڕیکخستنی پەیوەندی نێوان ئەندامەکانی قوتانبخانە(بەڕێوەبەر، مامۆستا ، قوتابی ، کارمەند ، شتومەکی قوتابخانە ..ھتد)
*بەڕێوەبردنی دادپەروەرانە  و پاڵپشتکار  بۆ ھەموو ئەندامانی قوتابخانە .
*پلانی دوورمەوداو کارپیکردن و زەمینە بۆ رەخساندنی .

٢-مامۆستای بەتوانا و لێھاتوو کە  ئەم ئاکارانەی خوارەوەیان تێدابێت 
*زانیاری تەواو و قووڵ دەربارەی ئەو بابەتەی دەیڵێنەوە ، کەواتە پێویستە  ھەر مامۆستایەک پسپۆڕی خۆی بڵێتەوەو زۆریش تیایدا شارەزابێت . نمرەی بەدەستھاتووی مامۆستا لە زانکۆ دەکرێت تا ڕادەیەکی باش دەرخەری ئەم توانابێت .
*توانای ئیدارەدانی پۆلی بەھێزبێت و کەمترین کێشەی ھەبێت و کەمترین کێشەی نێوان خۆی و قوتابیش بباتە لای بەرێوەبەر .
*دانەبرێت لە فێربوونی بەردەوام لە پسپۆڕی خۆی و ھەمیشە گەشە بە توانای زانستی خۆی بدات لە پسپۆڕیەکەیدا .
*فێرکردن و وانە وتنەوە خولیای بێت و ھەمیشە چێژ لەپیشەکەی ببینێ ، ھیچ مامۆستایەک نانتوانێ وانەکەی بکاتە وانەیەکی چێژدار بۆ قوتابی ، ئەگەر خۆی وانەکەی خۆش نەوێت .
٣-کەشێکی گونجاو و  ئەرینی لە قوتابخانەدا ، کە لەم خاڵانەدا ڕەنگ دەداتەوە 
*ھەبوونی ڕێز لەنێو ئەندامانی قوتابخانەدا ، لەنێوان قوتابی و قوتابی و مامۆستاو قوتابی و بەڕێوەبەرو مامۆستاو ....ھتد 
بەشێوەیەک ھیچ کەس لە قوتابخانەدا ھەست بە کەمی و پەراوێزخستنی نەکات .
*ھەبوونی کەشێکی سەلامەت و ڕێسا بۆ دانراو ،ھیچ یەکێک لە ئەندامانی قوتابخانە ھەست بە ھیچ مەترسیەک نەکەن و ئاسودەبن تیایدا .
*ھاندان ھەمیشە جێگەی ترساندن بگرێتەوە . ھاندانەکەش دەکرێت ناخیی بێت وەک پیا ھەڵدان و بەرز نرخاندن ، یا دەکرێت دەرەکیی بێت وەک پێدانی خەڵات و نمرەی زیادە بۆ ھەر بەرەو پێشچونێک .
*ھەبوونی بەھای دیارو نرخاندنی کارە باشەکان و دەستنیشانکردنی ھەڵس و کەوتی ناشایستە ، ئەمەش دەکرێت لە ڕێگەی کۆمەڵێک ڕیسا و یاساوەبێت لەسەرەتای دەستپێکی دەوامی قوتابخانە . دەبێت ھەموو ئەندامانی قوتابخانە بزانن ڕێگەپێدراون چۆن لەگەڵ یەکتر ھەڵسوکەت بکەن . 

٤-ھەبووونی کۆمەڵێک پێوەری زانستی و ڕوون ، کەلەم خاڵانەدا دەردەکەوەێت 
*ھەبوونی پرۆگرامێکی دیاریکراو و گرێدراو پێکەوە بەشێوەیەک ھەر بەندێک و بابەتێک لەخزمەتی یەکتردابێت و قوتابی بزانێت پرۆگرامەکە بەرەو کوێی دەبات .
*ھەبوونی ئامانجی ڕوون لە فێرکردنەکەداو پرۆگرامەکە بەبێ تێکەڵکردن و ئاڵۆزکردن قوتابی بەرەو ئامنجێکی دیاریکراو ببات .
*ھەبوونی ھەڵسەنگاندنی ڕیکخراو و ئاشکرا ، بەشێوەیەک قوتابی بتوانێت لەکەم و کوڕیەکانی خۆی تێبگات و پاشان ھەوڵی پڕکردنەوەی کەلێنە زانستیەکانی بدات دوای ھەڵسەنگاندنەکان .
*پاراستنی ھاوسەنگی لەنێوان زانستی رووت یان تێوری و بەکردەکردن یان تاقیکردنەوەی لەسەر ئەرزی واقیع ، بەشیوەیەک تەنھا بیردۆز نەبێت و قوتابی لەواقیع داببڕێت . بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێت تاقیگەی زانست و ھۆڵی کۆمپیوتەر و  ھۆلێ تایبەت بە زمانەکان ھەبێت بۆ ئەوەی بە کردەیی کار لەسەر تیورەکان بکەن .
٥-پاڵپشتیکردنی قوتابی ، ئەویش لەم بوارانەدا بەدی دێت 
*پاڵپشتی زانستی و ڕاوێژکردن لەگەڵیان ، بەشێوەیەک بەپیی سروشتی قوتابیەکان بەدوای باشترین ڕێگادا بگەڕێی بۆ فێرکردنیان. .
*پاڵپشتیکردنیان لە رووی دەرونی و  ڕاگرتنی ھەستیان ، بەشێوەیەک ھەموان بەبێ جیاوازی رەگە ز و بیرکردنەوەو توانای فێربوون و ..ھتد ڕێزلێگیراوبن .
*ھەبوونی یارمەتی زیاتر بۆ ئەو قوتابیانەی خاوترو درەنگتر فێر دەبن ، خوێندنەوەی جیاوازی تواناکان و پێدانی کاتی زیاترو دەرفەتی زیاتر پییان پاڵپشتیەکی گەورەیە بۆ فێرکردنیان و مانەوەیان لەریزی ھاوڕێکانیاندا بەبێ ئەوەی ھەست بە جیاوازی بکەن. .
*گەڕان و دۆزینەوەی قوتابی بەھرەدار و کار لەسەرکردنی پاڵپشتیەکە بۆ ئەو قوتابیانە ، دەبێت مامۆستا دڵنیابێت لەوەی بەدەگمەن قوتابیەک دێتە بەردەمی و دەڵێ مامۆستا من بەھرەدارم . بەڵکو لەڕێی چالاکی و چاودێریکردنی وردی قوتابی و خوێندکارەوە قوتابخانە دەتوانێ بەھرەداراەکان بدۆزێتەوەو پەرەشیان پێ بدات . ئەستەمە لە قوتابخانەیەکی دووسەد بۆ سێسەد کەسیدا بەھرەدارێک نەبێت ، دەکرێت ھەبن ، بەڵام قوتابخانە نەیتوانیبێ بیاندۆزێتەوە . ھەموو بەھرەدارەکان لەسەرەتادا شەرم لە دەرخستنی بەھرەکانیان دەکەن و دەترسن پێی بشکێنەوە ، بەتایبەت لەکۆمەڵگاکانی رۆژھەڵاتی ناوەراستدا .
بۆ پاڵپشتکردنی قوتابیانی بەھرەدار دەکرێت بڵێین (ھەموو قوتابیەک دەبێت ھەست بکات کە دەبینرێت ) واتا ون نەکرێن .

٦-بەشداریی پێکردنی دایبابان ، ئەم خاڵەش دەکرێت لە کۆمەڵێک خاڵی تردا چالاک بکرێت وەک :-
*ھەبوونی پەیوەندی لەگەڵ دایبابان ، بەشیوەیەک دایباب بە ئەرکی خۆی بزانێت لەھەندێ کاروباری قوتابخانەدا بەشداربێت . دەبێت ئەو ھەستە لای دایباب دروستبکرێت لەزۆر شتی منداڵەکەی بکۆڵێتەوە لە قوتابخانەدا ، تەنانەت ئەگەر ویستی بزانێت ئەو پۆلەی تیایدا دادەنیشێ چۆن پۆلێکەو تا چەند شایستەیە بە قوتابیەکەی . ئەو فرۆشگای منداڵەکەی شتی لێدەکڕێت تاچەند گونجاوە ...ھتد 
*ھەمیشە بەشێوەکی ڕیکخراو و بەپێی کاتی دیاریکراو مامۆستاو دایباب کۆبونەوەیان ھەبێت و ھەوڵ بدەن لە کێشەو ئاستەنگەکانیان بکۆڵنەوە .ھەرەوەھا قوتابخانە بتوانێت بەشێوەیەکی خێرا وەڵامی ئەو دایبابانە بداتەوە کە رۆژانە دێن ھەواڵی قوتابیەکانیان دەپرسن . ئەمەش دەکرێت لەڕێی ھەڵگرتنی زانیارییان بێت سەبارەت بە دوو خاڵ ، یەکەم ئاستی زانستی و دوەم ھەڵسوکەوتی خوێندکارەکە لە قوتابخانە . ھەندێک جار بەھۆی زۆری ژمارەی قوتابیانەوە مامۆستا ناتوانێ بەتەواوی ھەواڵی ئەو دوو خاڵە بداتە دایباب ، لەبەر ئەوە باشتر وایە ئیدارەی خوێندنگا بە میکانیزمێکی تایبەت ئەو دوو زانیاریە لەمامۆستاکان وەرگرێت و لەکاتی پێویستدا خێرا گەڕانی بۆ بکات و بیداتە دایباب ،
٧-حەوتەم نیشانە و رەگەز بۆ دەرخستنی قوتابخانەی زۆر باش باڵەخانەو شت و مەکی ناو قوتابخانەکەیە . ئەمەش لەچەند خاڵێکدا دەکرێت ھەستی پێبکرێت ، وەک :-
*باڵەخانەی پاک و خاوێن و سەلامەت ، بەشیوەیەک بۆ ھەموان سەلامەتبێ . بۆ قوتابیەکی خاوەنپێداویستی تایبەت و قوتابیەکی ئاسایی وەک یەک خزمەت بکات .
*ھەبوونی کتێبخانە ، بەڵام دەبێ کتێبخانەکە چالاکبێ نەک تەنھا بۆ ئەوەی قوتابی تیایدا دانیشێ ئەو کاتەی مامۆستای بابەتێک نایەت . کتێبخانەی چالاک ئەو کتێبخانەیە کە کتێبێک دەداتە خوێندکارو چەند لاپەرەیەکی بۆ دیاری دەکات ، پاشان لەو چەند لاپەڕەدا بە نوسینەکی چەند پرسیارێکی لێدەکات .کاتێک دەردەکەوێت قوتابیەکە کتێبەکەی خوێندۆتەوەو ھەزمیشی کردوە دەبێت لای قوتابخانەوە بناسێنرێ و خەڵاتیش بکرێت .
*ھەبوونی زۆرێک لەھۆکارە فێرکاریەکان و بەکارھێنانی ، ئیدارەی خوێندنگاش ناوی ئەو مامۆستایانە تۆمار بکات کە ھۆکارەکان بەکار دەھێنن و ھانیان بدات .
*سوودبینین لە تەکنەلۆجیای نوێ *ھەبوونی تاقیگەی چالاک و بەکارھێنانی بەدروستی و بەشداریی پێکردنی قوتابیەکان لەکارەکانی تاقیگەدا.
ئەم حەوت خاڵەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا حەوت رەگەزی سەرەکین بۆ دروستکردن، یان پێشخستنی ھەر قوتابخانەیەک لەھەر شوێنێکی ئەم دونیادا . ئەو کاتەی کوالێتی قوتابخانەکانی ئەمڕۆمان دەگاتە ئاستێکی ئاوا ستانداردو بەپێی پێوەرە جیھانیە پێشکەوتوەکانی لێدێت ، زامنی ژیانێکی باشتر بۆ سبەینێی نەوەکانیشمان دەکەین.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×