ھەمیشە مەمنوع 

ئاراز مەحمود قەرەداغی
  2026-03-08     390

کاتی خۆی خزمێکمان ھەبوو تا سەدام لە سەر حوکم بوو بەشان و باڵی پێشمەرگەدا ھەڵیدەدا . ڕادیۆکەی ھەمیشە لەسەر دەنگی ھەردوو شۆڕشەکە بوو . ئێستاش دەنگی ئەو تەشویش و لورەلورەی ڕادیۆکەیم لە گوێدایە . بەڵام کاتێک سەدام ڕوخاو پێشمەرگە ھاتنەوە و کۆمەڵێک مەوقیفی بینی کە بەتەما نەبوو بیبینێ , ئەنجا کەوتبوە وەسفی زەمەنی ڕژێمی ڕابوردوی سەدام . دوایی بۆم دەرکەوت ئەم پیاوە سیفاتێکی تیایە حەزەکات دایمە مەمنوعبێ .ھەمیشە حەزەکات ئەگەر بە خەیاڵیشبێ ھەر  لە شاخبێ !

 شۆڕشی کوردیش ئەوەتی ھەیە سیفاتی ئەم پیاوەی تێدایە ,یان سیفاتی ئەوی لەبەرکراوە . نابێ قەت بسرەوێ . ھەمیشە دەبێ قەدەغەو مەمنوعبێ .

چۆن ؟

🔹کە خەلافەتی عوسمانی ڕوخاو غەرب دەیانویست بەتەواوی لەناوی ببەن , کورد ھەوڵی دەدا ئەو خەلافەتە بمێنێ , کۆمەڵێک شۆڕش بەرپابوو بە ئاشکرا دژی ئینگلیز دەجەنگان . زۆر دور نەڕۆین شۆڕشەکەی مەلیکی کوردستان یەکێک لەوانە . تا دوا دەرفەت دژی ئینگلیز جەنگاو بەردە قارەمانی بە یادگاری بۆ جێھێشتین . ھەرلەبەر ئەوە لەو ڕۆژەوە ئینگلیز تاڵاو دەکات بە قوڕگماناو تا ئێستاش غەرامەی ئەو سەرپێچیەمان بە تەواوی پێنەداون  (بە حسابی خۆیان ).

🔹 ئێستاش کە زەمەنی دوو زلھێزەکە بە ئەکیدی بەرەو کۆتایی دەچێت , دەیانەوێ بمانکەن بە گژ دراوسێکانماندا . دەیانەوێ بمانگلێنن لە جەنگێکەوە کە دوای سەد ساڵی تر غەرامەی سەرپێچیەکەیمان دیسان بۆ نەدرێت . دەیانەوێ کارێکمان پێبکەن دوای ھەڵھاتنی خۆیان لەم ￵ناوچە لە ئەنفال خراپترمان بەسەربێنن و لە کیمیاوی پیسترمان بکەن بەسەرداو ,کەسیش دڵی پێمان نەسوتێ .

 ئەگەر ئەمجارەش کە زۆر دوور نیە لەو جارەی پێشوو کە تۆم باراک بە چاو ھەڵتەکاندنێک ڕەفزی پێداین و فرۆشتینی بە عەرەبی سوریا , دیسان فریو بخۆین , ئیتر نۆرەی ئەوەیە خوا خۆمان بگرێ و تا قیامەت ھەر مەمنوعبین .

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×