مالیخۆلیا

ئاراز مەحمود قەرەداغی
  2026-09-21     30

یەکێک لە ئەمیرە بوەیهیەکان کە حوکمی ئێرانیان دەکرد , دوچاری نەخۆشیەک دەبێت . ئەمیرەکە تووشی حاڵەتێکی دەرونی دەبێت کە خۆی لێ دەبێتە مانگا . هەرچەند هەوڵی لەگەڵ دەدەن و پێی دەڵێن: قوربان جەنابت مانگا نیت و ئەمیری ئێمەیت , سودی نابێت . حەکیمی دونیای بۆ بانگ دەکەن چارەسەری بکات ,بەڵام بێسود دەبێ . هەتا ئەو کاتەی لاوێکی هەژدە ساڵی بۆ بانگ دەکەن بە ناوی ابن_سینا.

ئیبن سینا دەزانێ ئەم ئەمیرە دوچاری نەخۆشیەکی دەروونی بوە . کە نەخۆشەکە خەمۆکیەکی قورسی هەیە و خۆراکیش واز لێدێنێ . سەرەنجام دووچاری لاوازی جەستەو بەدخۆراکیش دەبێ .

ئیبن سینا کە دێتە ناو کۆشکەکە و ئەمیرەکە دەبینێ , هیچ ئینکاری لەگەڵ ناکات و دەڵێ ڕاستەکات ئەمە مانگایە . لەهەمان کاتدا ئەم نەخۆشە زۆر دەمێکە داوای کردوە قەسابێک بێنن و سەری ببڕن و بیکەن بە چێشت و نان و بیخۆن . ئیبن سیناش دێت لەبری ئەوەی بەربەرچی بداتەوە ,دەچێتە عالەمی نەخۆشەکە. بانگ دەکات قەسابێک بهێنن سەری ببڕن. بەڵام لەگەڵ قەسابەکە بە نهێنی ڕێکەوتنی دەبێت .

کاتێک قەسابەکە دێتە ناو کۆشک هاوار دەکات کوا مانگاکە؟

ئەمیرەکە وەک مانگا دەبۆڕێنێ (وەک بڵێ منم).

قەسابەکە دێت و دەیخاتە سەر زەوی , بەڵام دەستی پیا دێنێ و دەڵێ ئەم مانگا زۆر لەڕو لاوازە ,بەکەڵکی سەربڕین نایەت . ئاڵف و خۆراکی باشی پێدەن ,با قەڵەو ببێ ,پاش ماوەیەکی تر سەری دەبڕین.

ئەمیرەکە بە خۆشحاڵیەوە ڕازی دەبێت . لە کاتێکدا پێشتر وازی لە خواردن هێنابوو .

پاش ماوەیەک کە خۆراکی باش دەخوات و ئیبن سیناش کۆمەڵێک داو دەرمان دەخاتە خواردنەکانی , هۆشی بە بەردا دێتەوەو واز لە مانگایەتی دێنێ

ئەم نەخۆشیە خەمۆکیەکی قورسە , ئەو کاتە هێشتا زانست زۆر لە نەخۆشیە دەرونیەکانی نەدەزانی ,بەڵام ئەم زانا گەنجە موسوڵمانە پەی پێ بردبوو .

موسوڵمانان تا ئەو کاتەی دونیا کێبەرکێی زانستی دەکرد لە پێشەوە بوون , بەڵام کاتێک جیهان کێبەرکێی دەستپێکرد بۆ دروستکردنی چەکی بەهێزو کۆکوژو خێراکوژ نەیانتوانی لەگەڵ شەپۆلەکە بەردەوامبن . چونکە ئەسڵی ئەم دینە رەحمەتە بۆ عالەمین.

 

تێبینی/ ناوی زانستی ئەم نەخۆشیە ئێستا پێی دەوترێت melancholia

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×