ئەمڕۆ لە سەرانسەری کوردستاندا ھەموو قوتابخانەکان لەڕێگەی چەند پلاتفۆرمێکەوە دایباب و قوتابیان بە قوتابخانەوە گرێداوە . ئەم پلاتفۆرمانەش وەک گروپەکانی ڤایبەر و واتس ئەپ ومەسنجەرو ھتد .
دەکرێت ئەم پلاتفۆرمانە بەشێوەیەک قازانج بە قوتابی و پرۆسەی فێرکردن بگەیەنن .بەڵام بەشێوەیەکی ڕەھا ئەم سودگەیاندنە بەردەوام نابێ ئەگەر ڕێک نەخرێت .
ناکرێت قوتابی و دایباب ھەموو رۆژ و سەعات و خولەکێک چاوەڕێی ئەوەبن پەیامێک لەو گروپەوە بێت و ئەوانیش شوێنی بکەون .
گونجاو نیە پەیوەندی نێوان دایباب و قوتابخانە ببێتە عالەمێکی دیجیتاڵ و دایبابان نەزانن لە واقیعی قوتابخانەدا چی دەگوزەرێ .
ناکرێت قوتابی لە قوتابخانە خەمساردی بنوێنێ بەرامبەر ئەو ئەرکەی پێی دەدرێت و چاوەڕێبێت لەماڵەوە لە گروپی واتس ئەپەکەیدا پاشان بزانێ کامە ئەرکی ماڵەوەیەتی .
گونجاو نیە کە قوتابی ھەمیشە بە بیانوی ئاگابوون لە خشتەی رۆژانەو ئەرکی ماڵەوە و پلانی سەیران و ھتد.. بەھانەی پێ بدرێت کە مۆبایلێکی ھەبێت یان ببێتە شەریک لە مۆبایلەکەی دایکیدا یان باوکیدا . ئاشکراشە کاتێک مۆبایل دەکەوێتە دەستیان بەسەعات خۆیانی پێوە سەرقاڵ دەکەن و ئەسڵی بابەتەکەیان ھەر بیر نامێنێ کە بۆچی مۆبایلەکەی لە دایبابەکەی وەرگرتوە .
ھەندێک قوتابخانەش بەھۆی ئەم پەیوەندیە خێراوە ، بەتایبەت لەسەرەتای ساڵی خویندندا شەوێکی درەنگ خشتەی وانەکانی رۆژی داھاتوو دەخەنە سەر پلاتفۆرمەکە ، نمونەم لایە بۆ پۆلی دوانزە کاتژمێر یانزەی شەو جەدۆلی رۆژی داھاتوو خراوەتە ناو گروپەوە.
جاران کە ئەم ھۆکاری پەیوەندیە نەبوو لە نێوان قوتابخانەو قوتابیدا ، قوتابی وردو درشتی دەستودەم لە مامۆستا وەردەگرت و وەک تێبینی دەینوسیەوە . بەم شێوە قوتابی وردتر گوێی لە مامۆستا دەگرت و باشتریش تێدەگەیشت .
بەڵام کاتێک مامۆستای بابەتێک وێنەی وایتبۆردەکە دەگرێت و پاشان لە گروپدا ئەپلۆدی دەکات ، ناراستەوخۆ بە قوتابیەکان دەڵێ ، ئێوە خۆتان ماندو مەکەن و ھیچ مەنوسن لە پۆلدا, ئەمەش کۆنترۆڵی پۆل قورستر دەکات و قوتابی چالاکی نوسین و گوێگرتنەکەی دەگۆڕێ بۆ قسەو پاشان پۆلێکی نا ئارام دێتە ئاراوە .
چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم پلاتفۆرمانە وەک پێویست و زانستیانە بەکار بھێننرێت ؟
١-باشتر وایە بەھیچ شێوەیەک مامۆستای ھیچ وانەیەک وێنەی وایتبۆرد نەگرێت و پاشان ئەوەی شەرحی کردوە بە حازری بیکات بە دەمی قوتابیەوە .
٢-ھەفتەی یەکەمی سەرەتای ساڵی خوێندن خشتەی وانەکان جێگیر بکرێت و قوتابی بە ھیچ شێوەیەک چاوەڕێی خشتەی نوێی وانە نەکات لە شەودا .
٣-خشتەی تاقیکردنەوە یان کویزی رۆژانە بەھیچ شێوەیەک لەو گروپانەدا دانەنرێت ، چونکە ئەگەر قوتابی وەک ھەواڵی بەپەلە پێی بوترێ تاقیدەکرێتەوە ، شڵەژانی دەرونی بۆ دروست دەبێ و دەرەنجامی باشی نابێ .
٤-ئەگەر ئەم گروپانە بونیان پێویستیشبێ لەھەندێ شوێن ، پێویستە:
*بەشێوەیەکی سنوردار بەکار بھێنرێت لەلایەن قوتابخانەوە بۆ ھەر ئاگاداریەک بیەوێ بە قوتابی بڵێ .
*رۆژانە تەنھا لە کاتێکی دیاریکراودا ئاگاداری تیا دابنرێت و دایبابانیش ئاگاداری ئەو کاتەبن و ماوەکەشی زۆر کورتبێ . بۆ نمونە ھەموو رۆژێک تەنھا کاتژمێر حەوت بۆ حەوت و نیوی شەوبێ . لەم کاتەدا قوتابی ناتوانێ بەبیانوی ئاگابوون لە گروپی قوتابخانەوە ببێتە شەریک لە مۆبایلەکەی دایکیداو کاتێکی زۆریشی بە فیڕۆ بدات .