لە ھەر بوار و سێکتەرێکدا بێت، سەرچاوەی مرۆیی داینەمۆ و ھێزی سەرکەوتنی ھەموو پڕۆژەیەکە. کلیلی سەرکەوتنی ھەر دام و دەزگایەک (بازرگانی، حکومی، رێکخراوەیی) لە لای بەرپرسیار و ئەو تیمەیە کە بەڕێوەی دەبات ، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە کە بزانرێت کێ دادەنرێت و بۆ چ مەبەست و کارێک دادەنرێت.
ڕاستە تا ئەم کاتە حزبەکان نەگەشتونەتە ڕێککەوتن لەسەر پێکھێنانی حکومەت بەڵام درەنگ بێت یان زوو ھەر پێیدەگەن ، بۆیە ئەم نوسینەم بۆ ئەو کاتەیە:
ئێستا ھەرێمی کوردستان سەرەڕای چەندین گۆڕانکاری ناوخۆیی لە پۆستە کارگێڕییەکاندا ، لەبەردەم پێکھێنانی دوو کابینەی حکومەتدایە (حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق) ، لەم پرۆسەیەدا دەبێت ئەوە بە ھەند وەربگیرێت کە ھەڵبژاردنی کەسەکان بۆ پۆست و پێگەکان چارەنوس و شوناسی حوکمەتی داھاتوو دیاری دەکات ، چونکە دیدگاکانی ئەوانە لە ئایندەدا دەبێتە بناغەی پلان و کارەکانی داھاتووی ناو حکومەت. بۆیە زۆر گرنگە بۆ پڕکردنەوەی پێگەکانی بڕیاردان ، ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو جەخت لەسەر گرنگی سەرچاوەی مرۆیی بکرێتەوە و بەدوای خەڵکی شارەزا و پسپۆڕ و دڵسۆزدا بگەڕێن کە لەپاڵ بڕوانامەدا ، ئەزموون و شارەزایی باشی ھەبێت. بە گەشبینیەوە چاوەڕوانم خاوەن بڕیارەکان لە حیزب و حکومەتدا لە ھەڵبژاردنی کەسەکاندا پشت بە کۆمەڵێک پێوەر و ستانداردی گرنگی بواری بەڕێوبردن ببەستن و ئەوەیان لە لا ڕوون و ئاشکرابێت کە مرۆڤە بەتواناکان ھەمیشە ئەمەکدارتر و وەفادارتر و بەخزمەتتر ئەبن بۆ خەڵک و حکومەت و حیزبەکەشیان ، پێچەوانەکەشی دەبن بە لەکە و گیرفان پڕکەر و لە ئەنجامیشدا مۆرکێکی ناشرین دەبن لەسەر حوکمەت و حزبەکەشیان.