سەرنجێکی کورت لەسەر وتارەکەی مەریوان وریا قانیع
لە وتارەکەی کاک مەریوان سەبارەت بە ڕۆژئاوا، ناکۆکییەکی بنەڕەتی هەیە، لە لایەک دەسەڵاتی نوێی سوریا بە دەسەڵاتێک پێناسە دەکات کە نە دەوڵەتی یاسایە، نە پلورالیستییە، نە مافی سیاسی و نەتەوەیی کورد بە ڕوونی دەپارێزێت؛ بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێکەوتن لەگەڵ هەمان دەسەڵات بە (تاقە ڕێگای عەقڵانی) دەزانێت.
ئەگەر ئەو دەسەڵاتە بەو ئەندازەیە مەترسیدارە، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، چ گەرەنتیەک هەیە کە سبەینێ ماف و دەسکەوتەکانی کورد پێشێل نەکات؟ تەنها وتنی «ناچارین» وەڵامی ئەم پرسیارە ناداتەوە.
ئەو جۆرە لۆژیکە پێشتر لە باشووری کوردستانیش بینرا، لە کاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧دا، بەشێک لە نوسەرو ڕۆشنبیران و هێزە سیاسییە کوردییەکان بە ناوی (واقیعبینی) و (هاوسەنگی هێز) و (مەترسیی ناوچەیی) دژایەتییەکی زۆریان لە هەنگاوەکە کرد؛ دواتریش هەندێک لەوانە ئەنجامەکانی ریفڕاندۆمیان لە دیدگای خۆیانەوە بێ هیچ بنەمایەکی لۆژیکی بە شکستی سیاسی پێناسە کرد.
بەڵام هەڵەی تاکتیک، کات یان سەرکردایەتی، هیچکات بە مانای هەڵەبوونی مافی گەلێک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی نییە،
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە، بۆچی هەر کات خەڵکی کوردستان هەنگاوێک بۆ فراوانکردنی دەسەڵات و مافی سیاسیی خۆی دەنێت، (واقیعبینی) دەبێتە پاساو بۆ دواخستن یان سنووردارکردنی ئەو هەنگاوە؛ بەڵام کاتێک قسە لە سازش و پاشەکشەی سیاسی دەکرێت، هەمان (واقیعبینی) دەبێتە تاقە ڕێگای عەقڵانی؟
ناچاری دەتوانێت ڕێکەوتنێکی کاتی ڕوون بکاتەوە، بەڵام نابێت ببێتە فەلسەفەی هەمیشەیی بۆ سنووردارکردنی ماف و ئارەزووی سیاسیی خەڵکی کوردستانی رۆژئاوا.
ڕەخنەی سەرەکی لە وتارەکەی کاک مەریوانیش لێرەدایە، ئەو بە دروستی مەترسییەکانی دەسەڵاتی سوریا دەژمێرێت، بەڵام بەڵگەی پێویست بۆ ئەو حوکمە ناهێنێتەوە کە گوایە قبوڵکردنی ئەو دۆخە (تاقە ڕێگای عەقڵانی)یە.
واقیعبینی سیاسی پێویستە؛ بەڵام واقیعبینی ئەگەر هەمیشە کۆتاییەکەی کەمکردنەوەی داواکاریی خەڵکی کوردستان بێت، ئیتر پێویستە بپرسین، ئەمە واقیعبینییە، یان تەنها بەڕێوەبردنی پاشەکشە و شکستە لە ژێر ناوێکی جوانتر؟