کەزیی شەڕڤانەکانمان بۆ دەبڕن؟

خالید قادر
  2026-01-23     155

ئەگەر لە مێژووی جیھاندا بە شانازییەوە باس لە کەزیی خانمە ئیتاڵییەکان بکرێت، لە ساڵی ۳۹۰ی پێش زایین، کاتێک ھۆزە گۆلەکان (Gauls) شاری رۆمایان گەمارۆدا، لەو کاتەدا سوپای رۆمانییەکان گرفتی ژێی ئامێرە بەردھاوێژەکان و تیر و کەوانەکانیان ھەبوو، چونکە زۆربەیان پچڕابوون و کەرەستەی چاککردنەوەیان نەمابوو، ناچار ژنانی شارەکە بە کۆمەڵ کەزییە درێژەکانیان بڕی و لێیان چنییەوە تا وەک ژێیەکی بەھێز بۆ تیروکەوانەکانیان و چەکەکانی تریان بەکاری بھێنن.
بەڵام لای ئێمەی کورد دیمەنەکە تەواو بەپێچەوانەوەیە؛ لە رۆما ژنان کەزییان دەبەخشی بۆ ئەوەی پیاوان بجەنگن، بەڵام شیرەژنەکانی کوردستان، کچە شەڕڤانەکانی ئێمە، نەک ھەر کەزییەکان بە خاک و نیشتمان دەبەخشن، بەڵکو خۆیان جەنگاوەر و ھەر خۆشیان پاڵەوانی مەیدان و بەرگریین. ئەو ئازایەتی و ئیرادەیەی ئەوان لە شەڕدا ئەنجامی دەدەن، مەگەر موعجیزەیەک بێت خوا لەسەر ئەو زەمینەدا تەنھا بە ژنانی میللەتەکەی ئێمەی بەخشیبێت، ئەگینا لە وەسفی ھیچ داستان و ئەفسانەیەکدا نەبووە و نابێت ژن ببێتە شاخ و لەبەردەم ھەرچی گەردەلوولێکدا بوەستێت.
کورد دەبێت بەوپەڕی سەربەرزییەوە شانازی بەو شەڕڤانە ژنانە بکات، کە لە بەرەکانی جەنگدا ھەمیشە لە پێشەوەن؛ ئەو تەوارانەی پەلکە کەزییەکانیان تەنھا قژ نییە، بەڵکو درێژکراوەی زنجیرەی خەبات و بەرخودانی گەلێکە، کە لە وەتەی ھەیە شەڕ بۆ پاراستنی خاکەکەی و شکۆی نەتەوەیی دەکات و دژ بە داگیرکەران دەوەستێت.
ھەر بۆیە کاتێک کەزیی کچە شەڕڤانێکی ئێمە لە مەیدانی جەنگدا دەمێنێتەوە، ئەوە تەنھا تاڵەکانی قژی بەجێماوی کچێک نییە کە سەربەرزانە شەھید بووبێت، بەڵکو ژێیەکیشن بۆ ریسواکردنی ئەو (ملپانە) خۆفرۆش و بەکرێگیراوەکانەی بە دوژمناندا ھەڵدەڵێن. 
ئەو کەزییانە چەندە دەرخەری قارەمانییەتی ژنی کورد بن، کە ھاوشانی پیاوان ھەمیشە رووبەڕووی دوژمنان دەوەستن و شکۆی گەلەکەیان دەپارێزن، ھێندەش بەگژ ئەو عەقڵییەتە تاریکپەرستانەدا دێنەوە، کە شەڕەف تەنھا بە (نامووس) دەبەستنەوە و پشت لە خاک و وڵاتەکەیان دەکەن و وەک بەکرێگیراوێک بۆ چەتە و بەکرێگیراوەکانی وەک (ئەحمەد شەڕع) ھەڵدەپەڕن. ئەوەتا لە فەرھەنگی سیاسیی کوردیدا، لەسەر زاری شێخ سەعیدی پیران دەگێڕدرێتەوە کە فەرموویەتی: نیشتمان شەڕەفە، شەڕەفیش بە زۆر نادرێت بە بێشەڕەف.
 کاتێک تاقمێکی بەکرێگیراو بە شانازییەوە کەزییەکی بڕاو وەک دەستکەوتی جەنگ بەرز دەکەنەوە، ئەوە تەنھا نیشاندانی رق نییە، بەڵکو گوزارشتە لە ئیفلاسی ئەخلاقیی خۆیان و بێدەنگیی شەرمەزارانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سەردەمی (ترامپیزم)دا، ئەو سەردەمەی کە تێیدا ویژدانی مرۆڤایەتی لە گیرفانی چەند بازرگانێکدایە و خوێنی ئازاترین ژنانی دونیا دەکرێتە قوربانیی رێککەوتنی سیاسیی ژێربەژێر.
ئەو کەزییەی کە بە دەستی چەکدارێکی دڕندەی جۆڵانی دەبڕدرێت، ھەمان ئەو پەلکە پڕ لە شکۆیە بوو کە جیھان لە کۆبانێ و شەنگالدا وەک (موعجیزەی سەدە) سەیری دەکردو بە شانازییەوە لە میدیاکاندا روماڵیان دەکرد. ئەو کچانەی کە لە شاخ و لوتکە بەرزەکانی قەندیل و بەرخودانی کۆبانێ و عەفرین و شەڕی تێکشکانی داعشدا، بە دەستێک کەزییەکانیان دەھۆنییەوە و بە دەستەکەی تریان تفەنگیان بەرامبەر بە تیرۆریستان رادەگرت و سنگی داعشیان دەپێکا، ھەمان ئەو کەزییانەن کە ئێستا لەبەرامبەر سوپای دوو دەوڵەت و ھەزاران چەتە و دز و جەردەی (محەمەدی جۆلانی‌فرۆش) راوەستاون. ئەو شێرە ژنانە ناسنامە و شکۆی کوردبوونی ئێمەن؛ پێویستە ھەموو کوردێکی بەشەڕەف لە ئاست گەورەییاندا سەری رێز بنەوێنێت، چونکە ئەوان تەنھا بەرگری لە خاکی باب و باپیرانمان ناکەن، بەڵکو پارێزەری کەرامەتی نەتەوەیەکن، کە ئێستاکە لەناو جیھانێکی چاوچنۆکدا، کە پڕە لە درۆی بریقەداری (مافی مرۆڤ)، لە ئاستیدا کڕوکەپ و کوێر بووە.
نەفرەت لەو جیھانە سپڵەیەی کە دوێنێ وێنەی ئەم کچە شەڕڤانانەی وەک پارێزەری شارستانیەت بڵاودەکردەوە، کەچی ئەمڕۆ لە ئاست خیانەت و بڕینی کەزییەکانیاندا بێدەنگە. بەڵام بەدڵنیاییەوە کەزیی کچە شەڕڤانی ئێمە مێژوویەکە کە نانووشتێتەوە، خاکێکە لەناو دڵی کوردبووندایە و داگیر ناکرێت، ئازادییەکە کە ھەرگیز نابێتە قوربانیی بازاڕە گەرمەکانی سیاسەت، ئیرادەیەکە بە ھیچ مەقەست و خەنجەرێک نابڕدرێت.
سڵاو بۆ ئەو تەوارانەی ڕۆژئاوا، کە بە کەزی و لولەی تفەنگەکانیان، مێژوویەکی نوێ بۆ کورد دەنووسنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×