چونکە ئەم نەوەیە، تەنھا نەوەیە کە دەکرێت نیشتمانی پێ بسپێردرێت بەبێ ئەوەی لێی بترسین جارێکی تر نیشتمان رادەستی دوژمن بکرێتەوە و لە سەنگەرەکانی رووبەڕووبوونەوەدا تەسلیم بێت، یان لە بازاڕی زلھێزەکاندا مامەڵەی پێوە بکرێت و بکەوێتە تەڵەی دۆستایەتیی سیاسییەوە. ئەم نەوەیە خاوەنی عەقڵییەتێکی نیشتمانیی پاکە؛ کوردبوونی لە قاڵبی تەسکی حیزبی دەرھێناوە و کردوویەتی بە ناسنامەیەکی مرۆیی و ئەخلاقیی بەرز، خەمی یەکێتیی نەتەوەیی و یەکگوتاری نیشتمانی لەناو جەرگەی دڵیدا لێ دەدات. ئەوان لە دوای خۆپێشاندانەکان و پشتگیرییە بێوێنەکانیان بۆ بەرخودانی رۆژئاوا، مانا و پێناسەیەکی نوێیان بە (کوردبوون) بەخشیووەتەوە کە زۆر قووڵتر و رەسەنترە لەو دروشمانەی نەوەی پێشوو دەیانگوت.
چونکە ئەم نەوەیە بڕوای بە یەکجەستەیی گەلەکەی و یەکپارچەیی خاکەکەی ھەیە، بەبێ ئەوەی دەستی بە خوێنی شەڕی براکوژی سوور بووبێت. لە کاتێکدا مێژووی نەوەی پێشوو، سەرباری ھەموو دڵسۆزی و خەبات و تێکۆشان و قوربانییەکانیان، بەداخەوە پڕە لە پشتقوڵگرتن لە ھاوسەنگەر و خیانەتکردن لە ھاوخەبات؛ مێژوویەک کە لە دوای ھەر داستانێکی پڕ لە شانازی، پەڵەیەکی شوورەیی شەڕی ناوخۆی تێدا ھەڵکەنراوە و پشتی یەکدی تێدا شکێندراوە، کەچی ئەم نەوەیە بێ ھیچ بەرژەوەندییەک دڵیان بۆ نیشتمان دەکوڵێت. سنوورە دەستکردەکان دەشکێنێت، کوردستان وەک یەک جەستەی بێبەش لە (زۆن) دەبینێت. لای ئەوان نیشتمان یەک یەکەیە، نەک وەک سنووری دێگەڵە و بازگەی ھیران؛ چ شەرمێکی گەورەیە لەبەردەم نەوەیەکدا کە ھاوار دەکات (یەکە یەکە کوردستان یەکە)، تۆ ھێشتا بە عەقڵییەتی ژەنگاویی (زۆنی سەوز و زەرد)ەوە دانیشتبێتی و نەخشەی دابەشکاری بکێشیت.
ئەم نەوەیە جیاوازە، نەوەی پێشوو ھێندەی گریدراوی شەڕەپەڕۆ و عەقڵییەتێکی داخراوی حیزبی بوو، ھێندە خەمی نیشتمانی نەکردە ئامانج، بەدوای دروشمە بریقەدارەکانی ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە بوون، نەک گوتارێکی ھاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانی. ئەی ئەوە نییە دوای بەخشینی رووبارێک لە خوێن و چەندان کارەساتی وەک ئەنفال و ھەڵەبجە، ھێندەی ئەم چەند رۆژەی کە لە خۆپێشاندانەکانی پشتگیریی رۆژئاوای کوردستان بینیمان، روحی ئەو میللەتە پێ یەک نەخرا؟ بۆیە ئەو نەوەیە جیاوازە چونکە بەسوێتر لە رابردوو، ھەستی ئازاری ھاوبەش و خەمی نەتەوەیی، وای لێ کرد لە چەند رۆژێکدا سنوورە دەستکردەکان لە روحی کوردبووندا تێکبشکێنێت، کارێکی وەھا بکات کە ھەزاران دروشمی ئایدۆلۆژی و ململانێی حیزبی نەیانتوانیبوو لە نیو سەدەدا ئەنجامی بدەن.
ئاخر ئێمە چیمان نەکرد بەم خاکە؟ لەسەر (کەپکی حەمە ئاغا و کڵاو قاسم) خوێنی باشترین رۆڵەکانی ئەم وڵاتەمان رشت، پەلی دەستی کام دوژمنمان نەگرت بۆ سەر یەکتری؟ چی مابوو بەم نیشتمانەی نەکەین، کردمان. ئەم نەوەیە نە دەستی بە خوێنی برا سوورە، نە شۆفڵەکانی بەنداوی بێخمە و تانکەرە نەوتەکانی ئێستای ئاودیو کردووە، نە جاش و ئەنفالچی کردووە بە لیوا، نە خەریکی قاچاخیی دەرمان و جگەرەیە.
سەرباری ئەوەش، چی ما بەو نەوە تازەیە نەکرێت؟ پشتگوێخستنی تواناکانیان، نادیدەگرتنی بەھرە و خەونەکانیان، بە (نەوەی ئایپاد و مۆبایل) ناوزەند دەکران، بە بێکاری و نادادی جێھێشتران، پۆل پۆل وڵاتیان بەجێ ھێشت و لە رێگای ھەندەراندا ھەزارانیان لێ خنکان. کەچی وا ئێستا ھەر ئەوان پێمان دەڵێن: بەرگری لە نیشتمان ئەخلاقی راستەقینەیە، نەک تەسلیمبوون و بوونە مەقاشی دەستی ئەجێندای ئەم و ئەو.
ئەم نەوەیە بە خۆبەخشی چەکی کردە شان و چووە سەنگەرەکانی شەڕەفی رۆژئاواوە؛ ھەر لە کۆبانێوە تا قامیشلۆ بەگژ تاریکترین بەکرێگیراوەکانی دوو دەوڵەتدا وەستایەوە. سەیری ھەژموونی روحی شەھیدێکی وەک (ئەحمەد ھێمن) بکەن؛ چۆن دوای شەھیدبوونی، تەرمەکەی جەستەی ئەم وڵاتەی لە دەوری یەک کۆکردەوە، ئەمە ئەو شانازییە نەتەوەییەیە، کە ئەم نەوەیە بە وڵاتەکەی دەبەخشێت.
ھەموومان بینیمان، ئەم گەنجانە بێ ئەوەی چاوەڕێی وەرگرتنی پارچە زەوی و پلەی بەتاڵ بن، بەبێ مووچە و دامەزراندن، دواین دیناری ناو گیرفانەکانیان بە کەمپینەکانی کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان دەبەخشن و بەوپەڕی سەربڵندییەوە و بە دەنگێکی بەرز گۆرانی (کینە ئەم)ی (شڤان پەروەر) دەڵێنەوە. ئەمانە ئەو گەنجانەن کە لەناو یاریگاکانی جیھاندا، لە بەرامبەر تیپی گەلاتەسەرای تورکیدا، بە جلی کوردییەوە دێنە ناو یاریگاکان و ئاڵای کوردستان بەرز دەکەنەوە. ئەمە ئەو نەوەیەیە شەقامەکانی کوردستان و ئەوروپای ھەژاندووە تا بە جیھان بڵێت: ئێمە نەتەوەیەکی زیندووین، ئێمە کوردین و کوردستان نیشتمانمانە.
ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە راشکاوانە دان بە راستییەکدا بنێین: ئەم نەوەیە وەرچەرخانێکی مێژووییە لە جەستەی شەقاربووی نەتەوەکەماندا. بۆیە شەرمە بۆ مێژوو ئەگەر دەست بە ئامانجە پیرۆزەکانیانەوە نەگرین، چونکە ئێمە لەبەردەم ئەو ھەژموونە روحییەی ئەواندا بەرپرسیارین. دەبێت شانازییان پێوە بکەین، دەست بە پەیامەکەیانەوە بگرین. دەرکەوت ئەم نەوەیە دەبێت چاوەڕوانی زیاترمان لێی ھەبێت، بەتایبەت بۆ سارێژی برینەکانی دوێنێ، چونکە لە سادەترین دەربڕیندا دەرکەوت: ئەوان خۆیان بریندارن، بەڵام بکوژ نین.
ھەرچەندە گومانم ھەیە عەقڵییەتی سیاسیی کورد، بەتایبەت لە باشوور، ھێندە بەوەفا بێت پەیامی ئەم نەوەیە بخوێنێتەوە. چونکە ھەر لەو کاتەی (عوسمان بایدەمیر) گوتی: وەڵا وە بیلا باشووری کوردستان ھەناسەو نەفەسی کوردانن، ئێوە ھێشتا لەناو کێشەی وەزیر و گزیردا چەقیون! لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار رێکناکەون، پەرلەمانتان پەکخستووە و حکومەتتان ئیفلیج کردووە، ھێزی پێشمەرگەتان کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندیی حیزبی و بەشێکی زۆری داھاتی وڵاتیش دەچێتە گیرفانی ئەم و ئەو.
ئیتر بە چ روویەکەوە وەڵامی ئەم نەوەیە دەدەنەوە؟ نەوەیەک کە خەونی نیشتمانێکی سەربەرز و شکۆداری ھەیە؛ نیشتمانێک کە تێیدا کوردبوون شکۆ بێت نەک پاشکۆ.
لە لایەکی ترەوە، ھەموو کوردێک لەمەودوا لە بەرامبەر پەیامی ئەو نەوەیەدا بەرپرسیارە. دەبێت دوای رۆژئاوا لە خۆمان بپرسین: چۆن دەتوانین ئیتر لە بەرامبەر خنکاندنی (ئامەد)دا بێدەنگ بین؟ چۆن دەبێت دوای لە سێدارەدانی رۆژھەڵات، خەو بچێتە چاومانەوە؟ بە چ روویەکەوە باسی مادەی ١٤٠ و ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکوک بکەین، ئەگەر ئەم روحییەتە نەتەوەییە یەکگرتووەی گەنجان نەکەینە ھەوێنی سیاسەت؟
با دەست بەو یەکێتییە نەتەوەییەوە بگرین و ئامانجی گەنجانمان بکەینە نەخشەرێگای ئایندە. لە سەرووی ھەمووشیانەوە، گەنجان خۆیان پێویستە پارێزەری ئەو روحییەتە بەرزەی خۆیان بن؛ یەکێتیی نەتەوەیی لای ئێوە لە شەقام و سەنگەرەکاندا دەستی پێکردووە، با لە عەقڵ و بەڕێوەبردنی ئەم خاکەشدا ببێتە ئەمری واقیع.