ئەخلاق لە مرۆڤایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە ئایین (ئیمیل دورکھایم).
پێموایە فاکتەری دیارکەر لە ھەموو ڕەفتارەکانی مرۆڤدا سەر بە مرۆڤایەتییە. گشتگیربوون ئەو مرۆڤایەتیەیە کە ناچارمان دەکات ئیدانەی توندوتیژی بکەین، پرۆتیستۆی تاوانکاری بکەین، نەوەکانی داھاتوومان ئامادە بکەین بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و بۆ ڕێککەوتن و دانوستان بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی توندوتیژی، ئەمانە ئەو ئەخلاقە گشتگیرانەن کە دەتوانن تا ڕادەیەکی زۆر توندوتیژی و شەڕ لەناوببەن، یان لانیکەم سنوورداری بکەن، بۆ ئەوەی واقیعبینتر بین. بەبێ ئەمە: شەڕەکان کە بەناوی ئایینەوە ئەنجامدراون، شەڕەکان کە بە ناوی بەکافرکردن و داگیرکاری و ئاوارەیی و دەرکردنەوە ئەنجامدرابوون، شەڕەکان کە بەناوی ئەرکی پیرۆزی بڵاوکردنەوەی پەیامێکەوە کرابوون، بەناوی ئایین و بەناوی بڵاوکردنەوەی پەیام و قسەی خودا - و بەناوی ئەنفال و فەتحکردن ئەنجامدرابوون. ھەموو ئەمانە بەبێ ئەوەی بچینە ناو وردەکارییەکان، بێگومان بەناوی ئەم ئەرکەوە تفەنگ و شمشێر و کوشتن و جێبەجێکردنی سزاکان ھەبوو. ھەموو ئەمانە بە باشی ناسراون، ئێمە ناگەڕێینەوە بۆی. ئەگەر بە کورتی بگەڕێینەوە سەری، ئەوە دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە کە شتێکی گرنگتر و بەردەوامتر ھەیە و ئەویش مرۆڤایەتییە. مرۆڤایەتی سەرچاوەی سەرەکی ئەخلاقە کە گەرەنتی پێکەوەژیانی نێوان گروپ و ئایینە جۆراوجۆرەکان دەکات، تەنانەت ئەگەر ئەو ئایین و گروپانە ناتەبا و ناکۆکیش بن.
کێشەکانی پەیوەندی لە نێوان ئەخلاق و ئاییندا لە ڕووی ئەنترۆپۆلۆژی و کۆمەڵناسییەوە پرسێکی یەکلاکەرەوەیە، دۆرکھایم دەڵێت: کاتێک ئەخلاق دەست پێدەکات کە وابەستەبوون بە گروپێکەوە دەست پێدەکات، واتە کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئەم گرێبەستە ناڕاستەوخۆیەوە دامەزراوەکان بەرھەم دەھێنێت، لەوانەش دامەزراوەی ئەخلاقی، بە چ واتایەک باس لە دامەزراوەیەکی ئەخلاقی دەکەین؟
ئێمە باس لە پلەبەندییەکی بەھاکان دەکەین، سیستەمێکی ئەرکە باڵاکان کە تاکەکان تێدەپەڕێنێت و پەیوەندییەکانیان لەنێو کۆمەڵگەدا ڕێکدەخات. ئەمە ئەخلاقە! ئەخلاق لە نەریت و ئاوەزەوە سەرچاوە دەگرێت، ھەروەھا لە ئایینیشەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک باس لە ئەخلاقی ئایینی دەکەین، باس لە دیاردەیەکی گشتگیر دەکەین.
ئایین لە ھەموو کۆمەڵگەیەکدا بوونی ھەیە، لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە خێڵ و کولتوورە ڕەسەنەکاندا، شتە پیرۆز و تابووەکان ھەبوون.
لە ھەر شوێنێکدا قەدەغەکردن بدۆزینەوە، ئیمتیازێکی ئەخلاقی دەبینینەوە، کە خۆمان لەم کارە یان ئەو کارە بەدوور بگرین. ئەو تێڕوانینەی کە لاوازبوونی ویژدانی ئایینی ویژدانی مرۆڤ و ھەستی مرۆڤ و ئەخلاقی لاواز دەکات، لێدوانێکی ڕێژەیی و بەپێی کۆنتێکست و کۆمەڵگە دەگۆڕێت و لەگەڵ ئەو گرەوانەی کە پەیوەندی بەوەوە ھەیە پەرەدەسەنێت، شەڕە ئایینییەکان- جەنگی خاچپەرستەکان، شەڕەکانی ھەلگەڕانەوە لە ئیسلامدا، شەڕی نێوان کاسۆلیکەکان، پرۆتستانتەکان و ململانێ و شەڕی نێوان سونەو شیعە، ھەموو ئەم نموونانە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە قسەکردن لەسەر ویژدانێکی ئایینی کە مرۆڤایەتی یان لانیکەم بەشێکی ئاراستەی مرۆڤایەتی دەکات، بەرەو چاکە و ئاشتی، زیادەڕەوییەکە کە بێبەری نییە لە بنەما ئایدیۆلۆژییە ناسراوەکان.
مەبەستیش ئەوەیە کە ھەندێک شەڕ لە ھەندێک شەڕی تر وێرانکەر و دڕندەتر بوون. لە کۆتاییدا بابەتی سروشتی چەک و سروشتی ئامێرەکانی کوشتنە. جەنگی یەکەم و دووەمی جیھانی بە جەنگی خاچپەرستەکان بەراورد ناکرێن، بە شەڕەکانی ھەڵگەڕانەوە، بە ململانێی نێوان کاسۆلیک و پرۆتستانت... بێگومان ژمارەکان ڕێژەیین؛ ئەوان ھیچ پەیوەندییەکیان بەو ژمارە ڕەھا و سەرسوڕھێنەرە نییە، کە لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیھانیدا لە ھێرۆشیما و ناگازاکی بەھۆی چەکی ئەتۆمی مۆدێرن کوژراون.
سەدان ساڵ برا ھاودینەکانمان ھەر بە ناوی خودا و ئیسلامەوە قڕمان دەکەن، جا ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی دوور و نزیکی نەتەوەکەمان ھەڵدەینەوە، تەنانەت ئەو مێژووەی کە دژمنی ناحەز و دڵڕەق بە درۆو بووختان بۆی تۆمار کردووین، مخابن ھەر ھەمووی کوشتوبڕی کوردی ئێزیدی و یارسان و زەردەشتی و عەلەوی نەبووە، تەنانەت کوردی مسوڵمانی باوەڕداریش لەو ھەموو تاوانی قڕکردن و کۆمەڵکوژییە بی بەش نەبووە، نەتەوەی کورد ھەردەم پرۆژەیەک بووە بۆ جینۆساید بەناوی ئایین و پشتکردن لە ئەخلاقی مرۆڤایەتی و ھاوشاری و ھاونیشتمانی، شەڕ فرۆشتنەکەی ڕۆژانی ڕابردووی گەرەکەکانی ئەشرەفییەو شێخ مەقێود بەلگەیەکی زیندوون بۆ گەڕاندنەوەی پاشخانی مێژووی تاوانەکانی دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی نەتەوەسەردەستەکان لە کوردستاندا.