ئەگەرچی تائەم ساتەش شتێکمان نییە بەناوی مێدیای نیشتیمانی کوردیی، یان مێدیایەکی بەڕاستی سەربەخۆ و ئازاد، بەڵام لە قۆناغێکی ڕابردوودا، یەک دوو ڕۆژنامە و دامەزراوەی ڕاگەیاندنی کوردیی لە باشووری کوردستان، هەوڵیان دەدا، مۆدێلێکی جیاواز لە کاری ڕاگەیاندن پێشکەش بکەن؛ مۆدێلێک کەتێیدا مێدیا تەنها دەنگی حیزب و دەسەڵات نەبێت، بەڵکو دەنگی کۆمەڵگا و چاوی چاودێری دەسەڵات بێت.
بەداخەوە، لەچەند ساڵی ڕابردوودا، بەشێکی زۆر لەو مێدیایە، بەرەو پوکاندنەوەو خۆرکە لێدان چوون. ئەوەی ئێستا بەناوی مێدیای «سەربەخۆ» و «ئازاد» ناسراوە، زۆرجار لەبڵاوکردنەوەی چالاکییەکانی حیزبەکان، دەسەڵاتداران، سەرۆکی حیزب و کادرەکانیان، زیاتر لەوەی خۆی دەبێت، دەور دەبینێت.
لە هەندێک حاڵەتدا، مێدیای بەناو سەربەخۆ، ئەوەندە چالاکی و هەواڵی سەرۆک و کادرە حیزبییەکان بڵاو دەکاتەوە، کەوا دەردەکەوێت تەنانەت مێدیای فەرمیی خودی حیزبەکانیش، پێویستی بەهەمان ئاست لە کارکردن نییە.
ئەمە پرسیارێکی گرنگ دروست دەکات: مێدیا بۆ چییە؟
مێدیا ئەگەر بۆ چاودێریکردنی دەسەڵات نییە، ئەگەر بۆ دەنگدانەوە بەدەنگی هاووڵاتی نییە، ئەگەر بۆ ئاشکراکردنی هەڵە و گەندەڵی و سەرپێچییەکان نییە، ئەگەر لەکاتی پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەوانان و ڕاگەیاندن بێدەنگ بێت، ئەوا جیاوازییەکەی لەگەڵ دامەزراوەی ڕاگەیاندنی حیزبی چییە؟
کاتێک ڕۆژنامەوانێک دەکوژرێت، لێی دەدرێت، هەڕەشەی لێ دەکرێت یان سووکایەتیی پێ دەکرێت، مێدیای سەربەخۆ نابێت تەنها چاودێر بێت؛ بەڵکو دەبێت بەیەک دەنگ لەدژی ئەو هەڵسوکەوتە بوەستێت. ئەگەر مێدیا لەو کاتەدا بێدەنگ بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرنامە و چالاکیی هەمان لایەن بڵاو بکاتەوە، ئەوا قسەکردن لەسەر «سەربەخۆیی مێدیا» دەبێتە تەنها ناونیشانێکی بێ ناوەڕۆک.
لەوڵاتانی دیموکراتیکدا، هێزی مێدیا تەنها بەژمارەی بینەر و خوێنەرەکانی ناپێورێت؛ بەڵکو بەوەش دەپێورێت کەتاچەند دەتوانێت لەبەرامبەر دەسەڵاتدا سەربەخۆ بێت و لەکاتی پێشێلکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن، هەڵوێستی پیشەیی بگرێت.
بۆ نموونە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەهەندێک ڕووداو و وتووێژدا قسەو هەڵسوکەوتێکی توندی لەگەڵ هەندێک ڕۆژنامەوان و دامەزراوەی ڕاگەیاندنی ئەمریکی هەبوو، ژمارەیەک لە دامەزراوە گەورەکانی ڕاگەیاندن، هەڵوێستیان لەبارەی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەوانان و دەستگەیشتن بەکۆنگرە و بریفینگەکانی کۆشكی سپی دەربڕی و بایكۆتیان كردووە. ئەمە نموونەیەکە لەوەی کەدامەزراوەی ڕاگەیاندن، دەتوانێت لەکاتی پێشێلکردنی بنەماکانی کاری ڕۆژنامەوانی، هەڵوێستی پیشەیی بگرێت.
پرسیارەکە بۆ ئێمەش هەمانە: ئەگەر مێدیای کوردیی نەتوانێت لەبەرامبەر دەسەڵات و حیزبەکاندا سەنگی خۆی بپارێزێت، چۆن دەتوانێت ببێتە چاوی کۆمەڵگا؟
مێدیا نابێت ببێتە دەروازەی پشت بارەگای حیزبەکان، بەرامبەر بەبڕێک بەرژەوەندیی ماددی، پلە و پۆست. چونکە کاتێک مێدیا دەست دەکات بە فرۆشتنی سەربەخۆیی خۆی، ئەوە تەنها خۆی زیان پێ ناگات؛ متمانەی کۆمەڵگا بەهەموو دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنیش لاواز دەکات.
مێدیا پێویستی بەدەنگێکی بەرزتر نییە؛ پێویستی بە سەنگێکی قورستر هەیە.
ئەگەر مێدیا خۆی قەدری خۆی نەزانێت، لایەنێكی دیكە، قەدری بۆ دانانێت. ئەگەرخۆی سنووری نێوان ڕاگەیاندن و دەسەڵات نەزانێت، کۆمەڵگا ئەو جیاوازییەی بۆی ناکات.
مێدیا دەبێت چاودێربێت، نەك چاوی حیزب، نەک زمانی دەسەڵات.
ئەگەر ئەو سەنگە لەدەست بچێت، ئەوا مێدیا لەکۆتاییدا نابێتە پەناگەی هاووڵاتی؛ دەبێتە پشتەماڵی شەخس و حیزب.
ئەمە، بەڕاستی، یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی ڕاگەیاندنی کوردیی ئەمڕۆ.