ئێران له‌وه‌ته‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیلی ئاراسته ده‌كرێت، به‌هێزترین چه‌كی ده‌ستی، داخستنی گه‌رووی هورمز بووه وه‌ك گوشارێكی گه‌وره له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا. دوای ئه‌وه‌ی له دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا، ئێران كه‌وته به‌ر هێرشێكی فراوانی سوپای ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڕه‌شه و هۆشدارییه‌كانی تاران بۆ داخستنی گه‌رووی هورمز، بوون به كردار و گرفتی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌م هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و ڕێڕه‌وی بازرگانیی عێراق و كوه‌یت و سعودییه و به‌خرێن و وڵاتانی تردا دروستكردووه و بووه‌ته یه‌كێك له دیارترین مه‌ترسیی بۆ سه‌ر جووڵه‌ی ئابووریی ئه‌و وڵاتانه و ته‌نانه‌ت جیهانیش، به‌وپێیه‌ی گه‌رووی هورمز، شاڕێگه‌یه‌كی ستراتیژی و سه‌ره‌كیی هه‌نارده‌ی نه‌وت و جموجۆڵی بازرگانییه له ناوچه‌یه‌كی گه‌رم و هه‌ستیار‌ی وه‌ك ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، بۆیه له ئه‌گه‌ری درێژه‌كێشانی داخستنیدا، ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌تی تره‌مپ و ئیداره‌كه‌ی ده‌كه‌ونه به‌رده‌م گله‌یی و ڕه‌خنه و نیگه‌رانیی ئه‌و وڵاتانه‌ی زیانمه‌ندی جه‌نگه‌كه‌ن.
تره‌مپ له بڕیاردان سڵ ناكاته‌وه
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌رۆكێكی ته‌قلیدی نییه و له‌و جۆره سه‌رۆكانه‌ش نییه قبووڵی ڕه‌خنه یان چاوه‌ڕێی ماوه‌یه‌كی درێژمه‌ودا بكات بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌یه‌كی هه‌ستیار، ده‌بینین شه‌ش حه‌وت مانگ له‌مه‌وبه‌ر له ڕێگه‌ی ئیسرائیله‌وه هێرشی كرده سه‌ر ئێران و له‌پڕێكیشدا شه‌ڕه‌كه‌ی ڕاگرت و چه‌ند گه‌ڕێكی دانوستاندنی له‌گه‌ڵ تاران‌دا ده‌ستپێكرد، له‌كاتێكدا تاران خۆی به دانوستاندنی تر ئاماده ده‌كرد، هێرشێكی توندی ئاسمانی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیله‌وه كرایه سه‌ر ئێران و عه‌لی خامنه‌یی و ده‌یان سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی وڵاته‌كه له چه‌ند كاتژمێرێكدا كوژران و پێگه گرنگه‌كانی وڵاته گه‌وره‌كه‌ی ناوچه‌كه خاپوور و تێك‌شكێنران، بێگومان تره‌مپ ده‌یزانی كوشتنی خامنه‌یی باوك، په‌رچه‌كرداری توندی ئێرانییه‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام له‌وه‌دا سڵی نه‌كرده‌وه و ئه‌وه‌ی خۆی ویستی، هه‌ر ئه‌وه‌ی كرد، بۆیه له‌باره‌ی دۆخی هورمزیشه‌وه چاوه‌ڕێی سوپرایزی لێ ده‌كرێت!
ده‌ستبه‌سه‌ر گه‌رووی هورمزدا ده‌گیرێت
ڕوون نییه سوپرایزه‌كه‌ی تره‌مپ چییه! به‌ڵام به‌وپێیه‌ی ئێستا دۆخی گه‌رووی هورمز بووه‌ته خاڵێكی شه‌رمه‌زاركه‌ر بۆ دۆناڵد تره‌مپ و ئه‌مه‌ریكاش، بۆیه تره‌مپ داوا له وڵاتان ده‌كات كه‌شتیی جه‌نگی بۆ سنووره‌كه بنێرن به‌مه‌به‌ستی پاراستنی گه‌رووه‌كه به‌ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌هۆی جه‌نگه‌كه‌ی تره‌مپه‌وه له ئابوورییان دراوه و به‌رژه‌وه‌ندییان كه‌وتووه‌ته مه‌ترسییه‌وه، هه‌ر هیچ نه‌بێت كه‌مێك دڵی ئه‌و وڵاتانه بداته‌وه كه زیانیان به‌ركه‌وتووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نایه‌وێت ئه‌و وڵاتانه له‌ده‌ست بدات، یان به‌هۆی بڕیاری جه‌نگه‌كه‌وه جیهان له‌وه زیاتر زیانی به‌ركه‌وێت، ئێ ئه‌و چه‌ند وڵاته‌ی ڕاسته‌وخۆ زیانمه‌ندی داخستنی هورمزن، ڕۆحی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندییان به پێگه‌ی نه‌وت و سه‌رچاوه‌كانی تری وزه‌وه كه ئه‌مه نرخی نه‌وت به‌رز ده‌كاته‌وه. كه‌واته دۆناڵد تره‌مپ هه‌رچۆنێك بێت، گه‌رووی هومرز ده‌كاته‌وه و له چنگی ئێرانی ده‌رده‌هێنێت، ئینجا ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێت یان ئێران ناچار ده‌كات هه‌ڕه‌شه له هاتوچۆی كه‌شتییه‌كان نه‌كات، یان به‌هێز هه‌ژموونی سوپای ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر گه‌رووه‌كه‌دا له ئێستا و بۆ داهاتووش ده‌سه‌پێنێت، ڕوونه تره‌مپ هه‌وڵی فراوانخوازیی هه‌ژموونی سوپای ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه و له‌نێویاندا ئێران ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ڕێگه به تاران نه‌دات به واشنتۆن بڵێ نه‌خێر!
ئێران ده‌بێته‌وه خاوه‌نی گه‌رووی هورمز:
له‌و سۆنگه‌یه‌وه ده‌كرێت بڵێین ئیدی ئێران جارێكی تر به ته‌واوی نابێته‌وه خاوه‌نی گه‌رووی هورمز! ئینجا زوو یان دره‌نگ بێت هه‌ژموونی به‌سه‌ر گه‌رووه‌كه‌دا نامێنێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌م جه‌نگه‌دا تاران به كرده‌وه سه‌لماندنی هه‌تا ئه‌و گه‌رووه له‌ژێر هه‌ژموونیدا بێت، ناوچه‌كه و جیهانیش له مه‌ترسیدا ده‌بن. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌مه‌ریكا كار بۆ كردنه‌وه‌ی یان ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌واوه‌تی گه‌رووه‌كه ده‌كات و ئه‌گه‌رێك و چاوه‌ڕوانییه‌كی به‌هێزه، له‌كاتێكدا تره‌مپ باكی به‌وه نییه به‌هۆی بڕیاره‌كانییه‌وه، جیهان چۆن باسی ده‌كه‌ن و چ تۆمه‌تێكی ئاراسته ده‌كه‌ن، مه‌گه‌ر هه‌ر تره‌مپ نه‌بوو له چه‌ند كاتژمێرێكدا سه‌رۆكی ڤه‌نزوێڵای له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا قۆڵبه‌ست كرد و به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكای گواسته‌وه! مه‌گه‌ر ئێستا چاوی نه‌بڕیوه‌ته دوورگه‌ی گریلاند له دانیمارك! مه‌گه‌ر له چاوترووكانێكدا گلۆپی سه‌وزی بۆ توركیا هه‌ڵنه‌كرد و به‌شار ئه‌سه‌دیان ده‌ر‌په‌ڕاند و سه‌ره‌ڕای باكگراونده‌كه‌ی ئه‌حمه‌د شه‌رعیان كرده سه‌رۆك و ئه‌ستێره‌یه‌كی نوێی سیاسه‌ت! گه‌رووی هورمزیش یه‌كێك له خاڵه‌كانی بریاردانی نزیكی تره‌مپ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئێران به‌مزووانه نه‌یكاته‌وه و دۆخی هاتوچۆی كه‌شتییه نه‌وتییه‌كان ئاسایی نه‌كاته‌وه، هه‌رچۆنێك بێت ئه‌و دۆخه چاره‌سه‌ر ده‌كات كه ده‌كرێت كردنه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران‌دا بێت، به‌ڵام سووربێت له‌سه‌ر داخستن و شه‌رمه‌زاركردنی له‌وه زیاتری تره‌مپ، بڕیاری داگیركردنی گه‌رووه‌كه یه‌كێك له بژارده دیاره‌كانی واشنتۆن ده‌بێت.
عێراق به‌دوای به‌دیلدا ده‌گه‌ڕێت؟
عێراق زۆرترین هه‌نارده‌ی نه‌وته‌كه‌ی له ڕێگه‌ی ئه‌و گه‌رووه‌وه‌یه، به كردنه‌وه‌ی گه‌رووه‌كه‌ش، به پله‌ی یه‌كه‌م سوودمه‌ند ده‌بێت، له‌كاتێكدا ئێستا به‌غدا بۆ هه‌نارده‌ی به‌شێكی نه‌وته‌كه‌ی به‌دوای به‌دیلدا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام له دۆخی ئاساییبوونه‌وه‌یدا كه پێده‌چێت ماوه‌یه‌كی زۆر نه‌خایه‌نێت، ئیدی عێراقیش پێویستی به‌گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و به‌دیله نه‌بێت و جارێكی تر نه‌وت له ڕێگه‌ی هورمزه‌وه و ئه‌مجاره له‌ژێر هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكادا هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كان ده‌كاته‌وه و ئابوورییه‌كه‌ی ده‌بووژێنێته‌وه.
جگه له عێراق، هاوكات وڵاتی دیكه‌ش له ئه‌گه‌ری بڕیاری تره‌مپ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی گه‌رووه‌كه‌دا ئابوورییه‌كه‌یان له چنگ ئه‌و گه‌مارۆیه‌ی ئێران ڕزگاری ده‌بێت و به‌مه‌ش تره‌مپ متمانه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی ڕاسته‌وخۆ زیانمه‌ندی داخستنی گه‌رووه‌كه‌ن، به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه، چونكه ئه‌و گه‌رووه ئه‌وه‌نده‌ی ڕه‌هه‌ندێكی ئابووریی جیهانی هه‌یه، ئه‌وه‌نده ئێرانی نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه پێشبینی ده‌كرێت تره‌مپ ئه‌و ڕه‌هه‌نده جیهانییه بكاته پاساوێك بۆ داگیركردنی گه‌رووی هورمز و خۆی ئیداره‌ی بدات!