ڕۆژنامه‌ی "العربي الجديد" ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌وانی له‌باره‌ی بیرۆكه‌ی دروستكردنی وه‌زاره‌تێكی تایبه‌ت بۆ تێكه‌ڵكردنی هێزه چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پۆلیس و سوپای عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه كه پشتی به چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منیی عێراقی به‌ستووه سه‌باره‌ت به بیرۆكه‌ی دروستكردنی وه‌زاره‌تی ئاسایشی فیدڕاڵی.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كه، ئه‌و وه‌زاره‌ته له‌ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاوا به مه‌به‌ستی كۆنتڕۆڵكردنی هێزه چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سوپا و پۆلیس دروست ده‌كرێت، به داخه‌وه له ڕاپۆرته‌كه‌دا ناوی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان له‌گه‌ڵ حەشدی شەعبی و فیرقەی دەستوەردانی خێرا و پۆلیسی فیدراڵیدا هاتووه.
ئه‌گه‌رچی له ڕاپۆرته‌كه‌دا ئه‌و پرسه ته‌نیا وه‌ك بیرۆكه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی و گفتوگۆكردن ئاماژه‌ی بۆ كراوه گوایه عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ ڕازیكردنی ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی میلیشیا چه‌كداره عێراقییه‌كان په‌نا بۆ دروستكردنی ئه‌و وه‌زاره‌ته ده‌بات.
دروستكردنی ئه‌و وه‌زاره‌ته ڕه‌نگه بۆ میلیشیا چه‌كداره عێراقییه‌كان كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بێت و له‌وانه‌یه به‌شێكیان پێشیان خۆش بێت و كاری جیدیشی بۆ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بیرۆكه‌كه به كرده‌یی كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌وه، ئه‌و هێزانه ده‌بنه هێزی فه‌رمی، ئه‌وكات مووچه و چه‌ك و كۆمه‌ڵێك ئیمتیازاتی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی سوپا و هێزه ئه‌منییه‌كانی دیكه‌یان ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه، ده‌بێت دامه‌رزاوه یاسایی و سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی كوردستانیش به توندی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن و له ئێستاوه ڕه‌تی بكه‌نه‌وه، چونكه پێشمه‌رگه میلیشیا نییه تا بخرێته نێو ئه‌و گرووپانه‌وه! ده‌بێت شوناسی پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر به خوێنیش بێت بپارێزرێت، به‌وپێیه‌ی هێزێكی ته‌واو فه‌رمی و دانپێدانراوه و خاوه‌ن وه‌زاره‌ت و ئیداره و په‌یكه‌ربه‌ندیی تایبه‌ت به خۆیه‌تی و دوورونزیك په‌یوه‌ندی به گرووپه له‌یاساده‌رچووه‌كان و چه‌كداره‌كانی عێراقه‌وه نییه كه بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدی له‌سه‌ر ئاسایشی عێراق و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه‌دا، له كاتێكدا پێشمه‌رگه هێزێكی فه‌رمی سه‌ر به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و ڕۆڵێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی له پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌یه، ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش هاوكاریی ماددی و سه‌ربازی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن.
له سیاسه‌تدا پڕۆژه‌یه‌ك یان سینارۆیه‌كی تاقیكاری هه‌یه، زۆر جار ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بۆ زانینی هه‌ڵوێستی جه‌ماوه‌ر یان حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی به‌رانبه‌ریان، له شێوه‌ی باڵۆنێكدا فڕێی ده‌ده‌نه نێو میدیا و ڕای گشتییه‌وه.
ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر و حیزبه‌كان قه‌بووڵیان كرد و پێی ڕازیبون، پڕۆژه‌كه به فه‌رمی ده‌بێته پڕۆژه‌یه‌كی فه‌رمی و به یاسا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و دواتر جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ریش به توندی ڕه‌ت كرایه‌وه، پرۆژه‌كه فه‌شه‌ل ده‌هێنێت و باڵۆنه‌كه ده‌دڕێت!
وه‌ك نموونه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا نیه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی هه‌بێت، سه‌ره‌تا دێت ئه‌و پرسه له میدیاوه ده‌وروژێنێت و ده‌ڵێت حكوومه‌ت له به‌رنامه‌یدایه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه‌م بكاته‌وه وه‌ك خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ دۆخی خراپی داراییدا، ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌ران بێده‌نگ بوون و هیچ هه‌ڵوێست و خۆپیشاندانیان نه‌بوو، مووچه‌كه كه‌م ده‌كرێته‌وه. ئه‌گه‌ریش دژی وه‌ستانه‌وه و حكوومه‌ت هه‌ستی كرد به‌هۆی ناڕه‌زاییه‌كانه‌وه ئاسایشی وڵات ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، پڕۆژه‌كه ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه و له ڕێگه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك یان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمیدا حكوومه‌ت ده‌ڵێت شتی وا نییه و ته‌نیا ده‌نگۆی میدیاكانه!
ئه‌م ستۆری و نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌بوو ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ڕاپۆرته ڕۆژنامه‌وانییه‌ی "العربي الجديد" به‌هه‌ند وه‌ربگرێت و له ئێستاوه تێكه‌ڵكردنی پێشمه‌رگه به‌و هێزانه به توندی ڕه‌ت بكاته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دژی دروستكردنی وه‌زاره‌ته‌كه نه‌بێت. ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێته‌وه كه پێشمه‌رگه میلیشیا نییه و په‌یوه‌ندیشی به‌و گرووپانه‌وه نییه و ناكرێت ناوی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بێت، له‌به‌ر ئه‌وه ناچینه نێو هیچ گفتوگۆیه‌ك و دانیشتنێكه‌وه سه‌باره‌ت به تێكه‌ڵكردنی پێشمه‌رگه به‌و وه‌زاره‌ته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان بچێته نێو گفتوگۆكانی دروستكردنی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه، گه‌وره‌ترین زیان به پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ناوبانگی پێشمه‌رگه ده‌گات.
عێراق به پڕۆژه‌ی سیاسی و ئابووری، ده‌یه‌وێت هه‌رێمی كوردستان لاواز بكات، له‌ڕووی ئابوورییه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر كه‌یسی نه‌وت و مووچه و بودجه‌دا گرتووه و هه‌ر ڕۆژه‌ی گرفتێك بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات و هاوكات ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی ئه‌سیكۆداوه ده‌ستوه‌ردان له داهاتی خاڵه سنوورییه‌كانیش بكات، ته‌نانه‌ت كارێكی ئه‌وتۆی كردووه كه هه‌رێمی كوردستان بۆی نییه پله‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆیشی به‌رز بكاته‌وه یان فه‌رمانبه‌ره گرێبه‌سته‌كانی بكاته هه‌میشه‌یی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بڕیاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیش بۆ به‌هه‌میشه‌ییكردنیان ده‌رچووه و ڕێنمایی تایبه‌تیشی بۆ ده‌ركراوه و وه‌زاره‌ته‌كانیش ناوه‌كانیان به‌رزكردووه‌ته‌وه، كه‌چی به‌غدا ئه‌مه قه‌بووڵ ناكات و ڕێز له بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناگرێت.
له‌ڕووی سیاسییه‌وه به‌غدا به‌رده‌وام ده‌یه‌وێت كێشه‌ی یاسایی و سیاسی بۆ هه‌ولێر دروست بكات و هه‌تا بۆی بكرێت ناكۆكیی له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات.
وه‌ك ئه‌وه‌ی له كه‌یسی په‌رله‌مانی كوردستاندا كردی، ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی له 111 په‌رله‌مانتاره‌وه كرده 100 په‌رله‌مانتار، به‌هۆیه‌وه باڵانسی هێزی ده‌ستكاری كرد، ئێستا بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ گه‌وره‌ترین گرفتی له‌به‌رده‌م حیزبه‌كان دروست كردووه، چونكه دیزاینه‌كه‌ی له به‌غداوه له به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كراوه، بۆیه ڕێگری له كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كات و به‌غداش ڕێك ئه‌مه‌ی ده‌وێت.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه بیرۆكه‌ی دروستكردنی ئه‌و وه‌زاره‌ته، ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ هێزه عه‌ره‌بییه عێراقییه‌كان بێت، ده‌كرێت كوردستان هیچ گرفتێكی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی بیانه‌وێت هێزی پێشمه‌رگه تێكه‌ڵ به حه‌شدی شه‌عبی و گرووپه له‌یاساده‌رچووه‌كانی دیكه بكه‌ن، به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه نابێت و ناكرێت هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان ئه‌مه قبووڵ بكه‌ن و ده‌بێت هه‌ر له ئێستاوه به توندی ئه‌وی په‌یوه‌ندیی به پێشمه‌رگه‌وه هه‌یه، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕه‌ت بكرێته‌وه و تێكه‌ڵكردنی پێشمه‌رگه به حه‌شدی شه‌عبی و گرووپه له‌یاساده‌رچووه‌كان هێڵی سوور سوور بێت.