ساڵی( ٢٠٠٣) کاتێک پۆل برێمەر بە بڕیارێک سوپا و بەشێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقی هەڵوەشاندەوە، هەرێمی کوردستان، سەرەڕای دوو ئیدارەیی، بەڵام پەرلەمان، حکومەت، پێشمەرگە و زیاتر لە دە ساڵ ئەزموونی حکومڕانی هەبوو، لە کاتێکدا بەغدا لە بۆشاییەکی گەورەی سیاسی و دامەزراوەییدا بوو، هەرێم جوگرافیایەکی ئامادە و پۆشتەوپەرداخ بوو ئەشتوانین بڵێین هەر هەرێم یەکەمین خشتی داڕشتنی بناغەی عێراقی نوێی دانا.
ئێستا، دوای (٢٣) ساڵ، بەغدا دەوڵەتەکەی تا ڕادەیەکی زۆر بونیاد ناوەتەوە، هەرێمیش تازە بەتازە گەڕاوەتەوە،خاڵی سەرەتا و لەپەرتەوازەیی و بوشایی دامەزراوەییدایە.
مەسەلەکە بەهێزبوونەوەی بەغدایە؟ بەڵێ، بەڵام مەگەر چاوەڕێمان دەکرد بەغدا بۆ هەمیشە بە لاوازی و بۆشایی دامەزراوەیی بمێنێتەوە، تاکو ئێمە بەهێز بمێنینەوە؟ ئایا لە حیساباتە سیاسییەکانماندا شوێنێکمان بۆ بەهێزبوونەوەی دەوڵەتی عێراق کردبووەوە؟
لە ساڵی( ٢٠٠٥)دا، ماددەکانی (١١٥، ١١٧ و ١٢١)ی دەستوور پێگە و دەسەڵاتێکی بەرچاویان بە هەرێمی کوردستان دیاریکرد، بەڵام دەستوور تەنها ئەوە نییە، کە چی تێدا نووسراوە، ئەوەشەتە، کە چۆن و بە چ میکانیزمێک جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی ماددەی (٦٥) دەبوو ئەنجومەنی فیدراڵی دابمەزرێت، دانەمەزرا، ماددەی (١٤٠) دەبوو چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی بکاتەوە، نەیکردەوە، یاسای نەوت و گاز دەبوو ناکۆکییەکانی ئەو بوارە ڕێک بخات، دەرنەچوو، ئەو دۆسیانەی لە سەردەمی بەهێزیی هەرێمدا یەکلا نەکرانەوە، هەموویان مانەوە بۆ سەردەمی بەهێزی بەغدا، ئێ باشە ئەمە بۆ؟
لە ناوخۆشدا، ساڵی (٢٠٠٦) ڕێککەوتننامەی یەکگرتنەوەمان واژۆ کرد، بەڵام ناوەندەکانی بڕیاردانمان یەک نەخست٫ ساڵی (٢٠١٥) پەرلەمانمان پەک خست، لەساڵی (٢٠١٨) و دواتریشەوە لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار بەیەکەوە نەگونجاین، ساڵی (٢٠٢٢) لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا، لە دوو بەرەی دژ بە یەکدا وەستاین.
بە تێپەڕبوونی کات، نەبوونی کۆدەنگی ناوخۆیی دۆخێکی هێنایە ئاراوە، کە لە کاتێکدا دەکرا هاوسەنگیی دەسەڵات لە بەغدا بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێم بقۆزرێتەوە، کەچی هەمان ئەو هاوسەنگییەمان بۆ پێچەوانەکردنەوەی هاوکێشەی هێز لە ناوخۆی هەرێمدا بەکار هێنرا.
دوو کارتی ستراتیژیمان هەبوو(نەوت و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی) یەکەمیان لە (٢٠١٤) و دووەمیمان لە (٢٠١٧)بەکار هێنا. مەسەلەکە رەوایی هەناردەکردنی نەوت یان مافی سەربەخۆیی نییە، مەسەلەکە کات و هەلومەرج و حیساباتی بەکارهێنانیانە.
ڕیفراندۆمەکە بە لەدەستدانی کەرکووک و بەشێکی بەرچاو لە ناوچە جێناکۆکەکان کۆتایی هات، سیاسەتی نەوتیش، کە قەرار بوو سەربەخۆیی دارایی بۆ هەرێم مسۆگەر بکات، بە قووڵترکردنەوەی ناکۆکییە داراییەکان، بڕیاری دادگای فیدراڵی لە شوباتی (٢٠٢٢) و وەستانی هەناردە لە ئازاری (٢٠٢٣) تووشی بنبەست بوو.
هەندێک جار هێزی کارتێکی سیاسی لە بەکارهێنانیدا نییە، بەڵکو لە توانای بەکارهێنانیدایە، ئێمە هەردوو کارتەكەمان بەکار هێنا، بەڵام نەمانتوانی دەستکەوتێکی هاوتای نرخی سیاسییان پێ بە بەدەست بهێنین.
ئینجا مەسەلەی دادگای فیدراڵی، پێش ئەوەی بپرسین بۆچی دادگای فیدراڵی دەست دەخاتە ناو کاروباری هەرێم، با بپرسین بۆچی ئەوەندە دۆسیەی کاروباری ناوخۆی هەرێم گەیشتنە بەردەم دادگای فیدراڵی؟ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، دواخستنی هەڵبژاردنەکان و ناکۆکی لەسەر یاسای هەڵبژاردن، ئایا ئەمانەش بەرهەمی سیاسەتی ناوەندگەرایی بەغدا بوون؟
ئاشکراشە، بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگای فیدراڵی، کە خۆمان پاساو و بیانومان ئەدایە دەستەوە، لە دۆسیەی نەوت و گازەوە تا پرسەکانی بودجە، مووچە، پەرلەمان و هەڵبژاردن، بەشێکی دیکە بوون لە بەرتەسکبوونەوەی مەودای بڕیاردانی هەرێم و فراوانبوونی مەودای دەسەڵاتی ناوەند.
لەگەڵ بەغداش، نەمانتوانی ئەو مێژووە هاوبەشەی خەبات دژی بەعس لەگەڵ هێزە شیعییەکان بگۆڕین بۆ هاوبەشییەکی سیاسی درێژخایەن، نەمانتوانی فیدراڵیزمیش لە داواکارییەکی کوردییەوە بکەین بە پرۆژەیەکی عێراقی، تاکو پاراستنی فیدراڵیزم تەنها ئەرکی ئێمە نەبێت هێزو پێکهاتەکانی دیکەی عێراقیش داکۆکی لێـبکەن.
لە دەرەوەش، پشتیوانی نێودەوڵەتی، کە لە سەرەتای پرۆسەی سیاسی عێراق و پێشتریش بەشێک بوو لە سەرچاوەکانی هێزی هەرێم، بە تێپەڕبوونی کات و کەڵەکەبوونی قەیرانەکان کاڵتر بووەوە، بەغداش لە هاوکێشە نوێیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەستی کراوەتر بوو بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی لەگەڵ هەرێم.
مەبەستم لەمانە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لەسەر بەغدا و خستنە ئەستۆی هەرێم نییە، بەڵکو ئەوەیە، کە ناوەندگەرایی بەغدا بە تەنها ناتوانێت تەفسیرێکی تەواو بێت بۆ هەموو ئەوەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە.
ئاخر دوێنێ، بەغدا بۆ دامەزراندنەوەی دەوڵەت پێویستی بە هەرێمی کوردستان بوو، ئەمڕۆ هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی خۆی پێویستی بە بەغدایە تا دوێنێ، هەرێم گرێی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی دەکردەوە، ئەمڕۆ هاوکێشەکە (١٨٠)پلە گۆڕاوەو بەغدا هەڵبژاردن بۆ هەرێم بەڕێوەدەبات
دوێنێ کورد لە داڕشتنی دەستوور و هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا خاوەن بڕیار بوو، ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە وزەی سیاسی خۆی بۆ پاراستنی ئەوە تەرخان دەکات، کە هەر بەو دەستوورە مسۆگەر کرابوو.
کەواتە، ئێمە لە کوێوە گەیشتینە کوێ!؟ لە هاوبەشێکی سەرەکی دامەزراندنی دەوڵەتەوە، بۆ قەوارەیەک کە لە ناو هەمان دەوڵەتدا خەریکە تەنگەتاو دەکرێین.
بۆیە ئەمڕۆ پێش ئەوەی سەقفی گوتاری سیاسی بەرز بکەینەوە، پێویستە سەقفی توانای سیاسی و دامەزراوەیی خۆمان بەرز بکەینەوە، خۆکۆکردنەوە، یەکخستنی بڕیاردان، نوێکردنەوەی شەرعییەتی دامەزراوەکان، ئاوردانەوەی جددی لەمیللەت و عیبرەت لەهەڵەکان، ئیتر هەڵبژاردەی سیاسی نین، پێداویستیی پاراستنی قەوارەکەشن.
چونکە ئێستا مەسەلەکە تەنها گەڕاندنەوەی ئەوە نییە، کە لەدەستمان چووە، بەڵکو لەدەستنەدانی ئەوەیە، کە هێشتا بەدەستمانەوە ماوە.