جەند ملیار دینارێکی حەڵاڵ و جوانترکردنی شەقامەکانی شار

ئارام بابان
  2026-05-03     214

هەرچەندە ئاستی پابەندیی شۆفێران بە یاساکانی هاتوچۆ لە شارەکانی کوردستاندا، بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق لە ئاستێکی زۆر باڵادایەو جێگەی شانازییە، بەڵام هێشتا لە نێوان شەقامەکانماندا دیاردەیەکی نامۆ و توندوتیژ دەبینرێت کە سیمای شارستانیی وڵاتەکەمان دەشێوێنێت. زۆرێک لە ئێمە کاتێک بە شەقامەکاندا گوزەر دەکەین، بەرەوڕوی شۆفێرانێک دەبینەوە کە وەک بڵێی بۆ "جەنگ" هاتونەتە دەرەوە، نەک بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست.

جێگەی تێڕامانە کە هەندێک شۆفێر، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن ئۆتۆمبێلی "جام ڕەش"ن، ئامادەن تێچویەکی زۆر و تەنانەت پارەی قەرزیش بدەن بۆ ڕێپێدانی ڕەشکردنی جامەکانیان، کەچی لە ڕوی مامەڵەی کۆمەڵایەتییەوە لە نزمترین ئاستدان. زۆرن ئەو شۆفێرانەی لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا دار یان کێبڵیان داناوەو لە کاتی هەر سەرپێچییەک یان هۆڕنێکی سەرزەنشتکارانەدا، خێرا دابەزن و ئاڵۆزی دروست بکەن. ئەمانە کەسانێکن کە پێشوەختە بڕیاری شەڕیان داوەو باری دەرونییان لەسەر شەقام بارگاوییە بە توندوتیژی.

بۆ بنبڕکردنی ئەم ڕەفتارە نادروستانە، پێشنیار دەکەین پڕۆژە یاسایەک بۆ چەسپاندنی سزایەکی دارایی قورس دابڕێژرێت، بە جۆرێک کە:

سزادانی شەڕەنگێزی: لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە، هەر شۆفێرێک لە کاتی دەمەقاڵێدا لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزێت و بە مەبەستی شەڕکردن و هێرشبردن بەرەو ئۆتۆمبێلی بەرامبەر بڕوات، سزایەکی ماددی توندی بەسەردا بسەپێنرێت.

داهات بۆ کەرتی گشتی: ئەم داهاتە ڕاستەوخۆ بۆ وەزارەتی ناوخۆ یان داد بێت و بۆ خزمەتگوزاری گشتی خەرج بکرێت، نەک بۆ گیرفانی کۆمپانیا تایبەتەکان.

چاودێریی گشتگیر: کارمەندانی هاتوچۆ و فەرمانبەرانی کارگێڕی (تەنانەت ئەگەر لە کاتی ئەرکیشدا نەبن) بتوانن بە وێنە و ڤیدیۆ ئەو جۆرە سەرپێچییانە و ڕۆشتنی پێچەوانە (ساید گۆڕین) تۆمار بکەن، وەک پاداشتێکیش بڕێک لەو سزایە بۆ خۆیان بێت.

هەرچەندە ئایین و بەها کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە ڕێگرن لە توندوتیژی، بەڵام ئەزمون سەلماندویەتی کە بۆ هەندێک کەس "سزای دارایی" کاریگەرترین دەرمانە. جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە چەندین سودی ستراتیژیی دەبێت؛ لە لایەک ڕێژەی کوشتن و شەڕکردن و پێکدادانی ئۆتۆمبێلەکان کەم دەکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە داهاتێکی حەڵاڵ و زۆر بۆ حکومەت دابین دەکات کە دەکرێت بۆ جوانترکردنی شەقامەکان بەکاربێت.

لەکۆتاییدا، ئامانجی ئێمە تەنها سزادان نییە، بەڵکو گەیشتنە بەو ئاستە شارستانییەی کە تێیدا شەقامەکانمان بببنە شوێنی ئارامیی و ڕێزگرتنی بەرامبەر، نەک مەیدانی نواندنی هێز و تێکدانی باری دەرونیی هاوڵاتیان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×