شانۆو شارو پیشەسازی

ئارام بابان
  2026-07-06     150

پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان و پێناسەی شار لەڕوی ڕۆشبیری و یاساو خوێندن و ڕێزگرتنی هاوشاریان بە هەمو بیرو فکرو دین و ڕەنگێکەوە، دواییش پاکوخاوێنی و شەقامەکان و زۆری  باڵەخانەکان و بونی فەرمانگە حکومییەکان ناویان ناوە شار، دواییش گرنگیدان بە هونەر و بەتایبەتی شانۆ، ئێمە هەمو شتێک بە پیشەسازی ئەکەین، لە هەنگاوەکانی خەڵكەوە بۆ وزە تا پاشماوەی ماڵان تا تیشکی خۆر، ئاڕاستەی با، تا ئاسەوارە دێرینەکان، تا تاڤگەو کانییەکان، تا کانزاکان، تا توڕەبون و کەئابەی مرۆڤەکان و دڵخۆشیشیان ئەتوانرێت بە پیشەسازی بکرێت و بکرێت بە داهات و بخرێتە خزمەتی مرۆڤەکانی کە لەو ناچەیەدا ئەژین.

بنەما سەرەکییەکانی شار بریتییە خەستەخانەو فڕۆکە خانەو زانکۆ و بانک و پێشانگاو یاریگا، لەگەڵ ئەوانە هۆڵی شانۆ دێت کە بەبێ هۆڵی شانۆ لە شارێکدا کەواتە شاری تەواو نییە، لەگەڵ هەڵگری نازناوی شاری ڕۆشنبیری بەبێ بونی هۆڵی شانۆ ناکرێت و ناگونجێ و نابێت. بۆیە تا نازناوەکەیان لێ نەسەندوینەوە ئەبێت هۆڵی شانۆ دروست بکەین، هۆڵێک کە بۆ ئێستای ساڵی ٢٠٢٦ داین و گونجاو بێت هیچ نەبێت بۆ ٥٠ ساڵی داهاتوش، خنکاندنی هونەر و بەتایبەتی شانۆ کارەساتێکی گەورەیە، ئەم جیلەو دەسەڵاتدارانی ئێستا لێی بەرپرسیارین، چونکە تەنها شوێنە کە ئاوێنەو دەنگی کۆمەڵگایە هەر لەڕیگەی شانۆوە ئەتوانرێت ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتن و شارستانییەت بەرزبکرێتەوە و کۆمەڵگای لێوە ئاراستە بکرێت و ناساندنی مێژو کولتورو عاداتە جوانەکانی کوردی بناسێنین. لە هەمان کاتیشدا عاداتە ناشرینە بۆماوەییەکانیش  شەرمەزار بکەین کە تائێستا بەشێکی کۆمەڵگا پێوەی ئەناڵێنێ .

ئەکرا حیزبەکان لە جیاتی خەرجکردنی ئەو هەمو پارەیە لە کەناڵەکاندا لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی ئەیانەوێت لەڕێی شانۆوە بیگەیەننە خەڵک لەڕێگەی شانۆوە ئەتوانرێت هەم پەیامەکەت بگەیەنیت هەم پارەشیان لێبسەنیت.

ئەگەر حکومەت بە گرنگی نەزانێ زۆرن لەو بازرگانە نیشتیمانیانەی کە بە پەرۆشن بۆ پێشکەوتن و جوانکردنی شار، جێی دڵخۆشییە کە چەندین شانۆکارمان هەیە لەسەر ئاستی کوردستان و نێودەوڵەتیش کە لەبەر نەڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو لە دەرەوە کارئەکەن، یان لێرە دەستیان بەستراوە، ئەمانە هەموی ئەگەڕێنمەوە بۆ نەبونی ته‌رخانکردنی بودجەیەکی گونجاو کە شایانی گرنگی ئەو کەرتە بێت.

بۆیە بە پێوست و گرنگی ئەزانم کە بازرگانە دڵسۆزەکانی شاری سلێمانی و ئەو کوردانەی کە لە دەرەوە ژیان ئەکەن و دڵیان لەلای سلیمانییە هەستین بە دروستکردنی باڵەخانەیەکی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە کە بەکار بێت بۆ زیندوکردنەوەی شانۆ هەر لەوێشەوە کولتورو عاداتی جوانی ڕەسەنایەتی بە جیلی تازە ئاشنا بکرێت.

ئەم حکومەتە سەد ساڵی تریش سەری ناپەرژێتە ئەو جۆرەکارانە و باوەڕیشی پێی نییە، چونکە تا ئێستا ململانێی حیزبی بواری نەداوە،  لەگەڵ ڕێزم بۆ خەڵکانی خوێندەوارو شارەزا، هەندێک  لە خاوەن قەرار کە باسی هونەرمەند بکەی لەوانەیە بە شێتی بزانن، نمونەش زۆرن کە خاوەنی چەند کتێبێکی فەلسەفەیە ئاوا مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێت.

هەندێک تا ئێستاش  کتێب بۆ ڕێکخستەوەی مێزی تیفی بەکارئەهێنن، لە پێشانگاکان ئەیانبینین عەرەبانەیەک کتێب ئەکڕێ بە ڤیدیۆگرتنەوە ئەگەر لە ١٠%ی بخوێنرێتەوە ئێستا دۆخی هەمو سێکتەرەکان ئاوها نەدەبو، بۆیە لەگەڵ حکومەت ئاسنی سارد ئەکوتین، ئەبێت ڕێگایەکی تر بدۆزرێتەوە بۆ گەیشتنەوە بەو پێشکەوتنە خێرایەی کە لە جیهاندا ئەگوزەرێ.

ئێمە بەبونی دو ملیۆن کەس لەم سنورەداو خاڵی جوگرافی ناوچەکە و کەرەستەی تەواوی ئەم پرۆژەیە کە کۆمەڵێک شانۆکاری بەئەزمون و بازرگانی نیشتیمانی به‌پشتبەستن بە ئیرادەیەکی بەهێز و ئامانجێکی ڕون، ئەتوانین ئەم پڕۆژەیە ڕابگەیەنن كه‌ بریتییە لە دروستکردنی باڵەخانەیەکی سەردەمیانە کە پێکهاتبێت لە چەند هۆڵێکی کۆبونەوه‌ی جیاواز و چێشتخانەو کافێ و هۆڵێکی شانۆی (٥٠٠) کەسی و لەنهۆمەکانی سەرەوەشی ئوتێلێکی گونجاو و دو نهۆمی گەراجی ئۆتۆمبێل و چەند دوکانێكی تیابێت کە ئەمانە مانگانە داهاتی ١٠٠ ملیۆن دیناری ئەبێت و ئەکرێت بخرێتە خزمەتی شانۆ و هۆنەرمەندانی شانۆ، ئەکرێت هەمو هەفتەیەک چالاکی تیا بکرێت و ببێتە شوێنێک بۆ قوتابیانی هەمو قۆناغەکان بۆ سەردانیکردنی لە کاتی چالاکییەکانداو ببێتە سەکۆیەک مانگی جارێک بۆ شارو شارۆچکەکان بۆ دۆزینەوەی شانۆکارە بەتوانا ونبوەکان و ساڵی جارێک ئامادەباشی بکرێت بۆ بانگهێشتکردنی شانۆکارەکانی شارەکانی تری هەرێم و جارێکێش بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان و جارێك بۆ شانۆکارە بەناوبانگەکانی وڵاتانی دراوسێ و جارێک بۆ عەرەبییەکان و جارێكیش بۆ شانۆکارە جیهانییەکان. سلێمانی بکەین بە سەنتەری شانۆ لە ناوچەکەدا. لەڕوی ئابوری و سیاسی و گەشتیاریشەوە سلێمانیمان خستەوە ئاستی شارە پێشکەوتوکانی جیهان، بەمە داهاتێکی باش ئەبێت بۆ سەندیکای هونەرمەندان و ئەتوانن دەستکراوەتربن بۆ هاوکاری هونەرمەندان هەتا لە ئاستی پێدانی سلفەی کرینی یەکەی نیشتەجێبون یان کڕینی ئۆتۆمبێڵ بۆ هونەرمەندان .

ئەوکات ئەو توانایەی کە هونەرمەندەکە هەیەتی ١٠٠% دەردەکەوێت نەک لە کاتی نمایشکردن خەیاڵی لای کرێ خانو بێت یان پێداویستی منداڵەکەی، ئەو کات حەقی خۆیمان پێداوە بەبێ ئەوەی هیچ هونەرمەندێک بچێتە بەر قاپی هیچ بەرپرسێک بۆ هاوکاری یان لەگەڵ ڕێزم هونەر ببێتە ئامڕازێک بۆ ماستاوکردن بۆ بەدەستهێنانی هاوکارییەک، ئەمەش ئەتوانم بڵێم دەگمەنە لە هونەرمەند ناوەشێتەوە .

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×