سێبەری یاسای جەعفەری ٢٠٢٥دا: کچێکی ١٥ ساڵان بە بەرد دەکوژرێت و کۆمەڵگا ئاھەنگی مەرگی دەگێڕێت!

سەمیرە عەلی
  2026-05-14     167

کوشتنی دڕندانەی کچێکی تەمەن ١٥ ساڵانەکە لە بەغدا بەھۆی ڕەتکردنەوەی ھاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەی، کارەساتێکی مرۆیی دابڕاو نییە، بەڵکو دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆ و بەرجەستەی ئەو ژینگە یاسایی و کۆمەڵایەتییە نوێیەیە کە لە عێراقدا سەپێنراوە، ئەم تاوانە پەردە لەسەر ئەو ڕاستییە تاڵە لادەدات کە چۆن یاسا دەتوانێت ببێتە چەکی دەستی عەشایەر و پیاوانی ئایینی بۆ چەوساندنەوە و لە سێدارەدانی منداڵان.
ئەو بەرد و بلۆکەی سەری کچە ١٥ ساڵانەکەی بەغدای پێ پانکرایەوە، لە بۆشاییەوە نەھاتبوو، بەڵکو ئەو بەردە پشتبەستوو بوو بەو یاسا سەقەتەی کە ڕێگەی دا کچ لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە وەک کاڵایەکی سێکسی و عەشایەری سەیر بکرێت و لە دەرەوەی دادگا مەدەنییەکان مامەڵەی پێوە بکرێت. تا کاتێک ئەم ھەموارە کۆنەپەرستانەیە ھەڵنەوەشێتەوە و یاسای باری کەسێتی نەگەڕێتەوە سەر بنەمای مەدەنییەت و یەکسانی، شەقامی عێراقی ڕۆژانە  دەبێتە جێی ئاھەنگگێڕان لەسەر تەرمی ئەو کچۆڵە کوژراوانەی وشەی "نا"بەسەر زاریاندا دێت، بۆ ڕاستی ودروستی  بۆچوونەکەشم شیکاریەکی ڕاگوزە بە ھەمواری یاسای باری کەسێتی عێراقیدا پێویستە؛
ھەموارکردنی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٥ کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا،  بووە ھۆی جێگیرکردنی فەرمی بڕگەکانی فیقھی جەعفەری شیعە و سوننە لە ناو سیستمە دادوەریەکاندا.
یاسای بنەڕەتی: یاسای باری کەسێتی عێراقی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ "یاسایەکی مەدەنی یەکگرتووە" بەڵام یاسای ھەموارکراوەکە  باری کەسێتی  ھەمواری یەکە می لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ پەسەندکرا ، لە ١٧ی شوباتی ٢٠٢٥ وەچووە بواری جێبەجێکردنەوە. ھەردوو ھەموارەکە
 ھەموارەکە پاڵپشتێکی دەستوری بۆخۆی دۆزییەوە، پشتبەستووە بە ماددەی ٤١ی دەستووری عێراق، کە دەڵێت: "عێراقییەکان ئازادن لە پابەندبوون بە باری کەسێتییان بەپێی ئایین و مەزھەبەکانیان"

گرنگترین ماددە و بڕگە سەرەکییەکانی 
ھەموارە نوێیەکە چەند گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی ماددەکانی یاسای کۆندا دروستکردووە، دیاریکردنی مەزھەب (ماددەی ٢ لە ھەموارەکە): بەپێی ئەم بڕگەیە، ھاوسەران لە کاتی بەستنی گرێبەستەکەدا مافیان ھەیە دیاری بکەن کە دەیانەوێت یاسای فەرمی ساڵی ١٩٥٩ بەسەریاندا جێبەجێ ببێت، یاسای جەعفەری یان سوننە، ئەمەش شەرعیەتدانە بە گرێبەستە دەرەکییەکان ،دادگاکان ناچار دەکرێن ئەو ھاوسەرگیریانەی لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە  وەک مەلای نافەڕمی یان مەلای لاکۆلان لە دەرەوەی دادگا ئەنجام دەدرێن، بە فەرمی تۆمار بکەن بەبێ گوێدانە تەمەنی شەرعی. 
میکانیزمی داڕشتنی یاساکە بەجۆرێکە ئەنجوومەنی زانستی لە دیوانی وەقفی شیعە و وەقفی سوننە بەرپرسن لە داڕشتنی ئەحکامەکانی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان یان دەسەڵاتی دادوەری مەدەنی. 
 لێرەدا بەراوردێکی سادە و سەرپێی لە نێوان یاسای باری کەسێتی مەدەنی (١٩٥٩) لەگەڵ یاسای جەعفەری (ھەمواری ٢٠٢٥) دا دەخەمەڕوو؛ 
-تەمەنی ھاوسەرگیری کچان  ١٨ ساڵ (لە حاڵەتی کتوپڕ بە ڕەزامەندی دادوەر ١٥ ساڵ کەمکراوەتەوە بۆ ٩ ساڵی بەپێی فیقھی شەرعی جەعفەری 
-تەمەنی ھاوسەرگیری کوڕان ١٨ ساڵ  کەمکراوەتەوە بۆ ١٥ ساڵ 
- مافی حەزانە "گرتنەئەستۆی منداڵ"  دایک مافی ھەیە تا تەمەنی ١٠ یان ١٥ ساڵی منداڵ لای خۆی بھێڵێتەوە. 
 مافی دایک کورتکراوەتەوە بۆ ٢ ساڵ بۆ کوڕ و کچ، و ئەگەر دایکەکە شوو بکاتەوە مافەکەی سست دەبێت. 
-مافی میراتی ژن، ژن میرات لە ھەموو موڵک و ماڵی مێردەکەی وەردەگرێت خانوو زەوی،  بەڵام لەھەموارەکە داژن تەنھا لە خانوو و بیناکە میرات دەگرێت و مافی نییە لە زەوییەکە "العقار" میرات بەرێت. 
-نەفەقە بژێوی کاتی ھاوسەرگیری مافێکی ڕەھای ژنە و پیاو پابەندە بە دابینکردنی. لەھەموارەکەدا دابینکردنی نەفەقە بە مەرجی "تەمکین" و چێژوەرگرتنی تەواوی پیاوەکەوە بەستراوەتەوە.  
ھەرچەندە ساتە وەختی پڕۆژە یاسایەکە ڕەخنەی توندی لێگیرا ناڕەزایی  نێودەوڵەتی کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی  مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند ؛ کەئەم  یاسایە 
  پێشێلکاری ھەردوو  ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی سیداوە و ڕ ێککەوتننامەی مافەکانی منداڵە کە عێراق پێشتر واژۆی کردوون.
ھەروەھا لەڕووە یاسای و کۆمەڵایەتیەکەیەوە پەرتبوونی سیستمی دادوەرییە بە دروستکردنی دادگای مەزھەبی جیاواز، یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا لاواز دەکات و ھاووڵاتیان بەسەر تەیەفەگەریدا دابەش دەکات.
بەڵام بەبێ گوێدانە ناڕەزاییەکان تێپەڕێنرا، ھەمواری دووھەمی کە کۆمەڵە بڕگەیەکی فقھییە،دواتر لە ئابی ٢٠٢٥ لە پەرلەمان پەسەندکرا بۆ ڕێکخستنی کاروباری خێزانی ھاووڵاتیانی شییعە، بەزاراوە گشتیەکەی بە یاسای جەعفەری ناسراوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×