حوکمی سێدارەدانی عجاج، دادپەروەرییەکی درەنگوەخت و تاقیکردنەوەیەک بۆ ویژدانی دەسەڵاتی کوردی؟!

سەمیرە عەلی
  2026-05-15     185

بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بە سەپاندنی حوکمی سێدارە بەسەر "عجاج ئەحمەد حەردان تکریتی" ناسراو بە جەلادەکەی نوگرەسەلمان، دڵخۆشی و ئارامییەکی ڕێژەیی بەخشی بە دڵی من و سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و ویژدانی زامداری گەلی کورد. بینینی ئەم تاوانبارە لە پشت شیشەکانی دادگا دوای نزیکەی چوار دەیە لە خۆحەشاردان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە تاوانەکانی جینۆساید بە تێپەڕبوونی کات کۆن نابن، بەڵام ئەم سەرکەوتنە یاساییە ڕوویەکی دیکەی تاریک و پڕ لە پرسیارمان بیردەخاتەوە.
ھاوکات لەگەڵ ئەم دڵخۆشییەدا، برینێکی کۆن و قووڵ لە دەروونماندا دەکولێتەوە؛ پرسیارێکی جەوھەری کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت: بۆچی جەلادێکی عەرەبی بەعسی لە بغداد دادگایی دەکرێت، بەڵام دەیان و سەدان فایلدار، مستەشار و جاشمستەشاری کورد کە دەستیان سوورە بە خوێنی گەلی خۆیان، لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی کوردیدا بە ئازادی دەژین؟ ئەو تۆمەتبارانەی کە ناویان لە لیستی دادگای باڵای تاوانەکاندایە و ڕۆڵی سەرەکییان ھەبووە لە ڕاپێچکردنی ژن و منداڵی کورد بەرەو بیابانەکانی باشوور، نەک ھەر ڕادەستی دادگا نەکراون، بەڵکو زۆربەیان کراونەتە خاوەن مووچە و ئیمتیازی باڵا.
خەمساردی و بێھەڵوێستی دەسەڵاتی کوردی لەم دۆسیەیەدا، نیشانەی کشانەوەیە لە بەھا ئەخلاقی و نەتەوەییەکان. پاراستنی تاوانبارانی ناوخۆ لەژێر پەردەی ئاشتەوایی سیاسی یان بەرژەوەندی حزبی، بێڕێزییەکی گەورەیە بە خوێنی شەھیدانی ئەنفال. 
ئەگەر ڕاپەڕینی گەلی کورد بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بووبێت، ئەوا مانەوەی ئەم فایلدار و مستەشارانە بە بێ سزا، گەورەترین لەکەی شوورەییە بە نێوچەوانی سیستمی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستاندا. 
پێویستە دەسەڵاتی کوردی لەم خەواڵوویی و بێدەنگییە پۆزەتیفە بەئاگا بێتەوە و کۆتایی بە پارێزبەندیی ئەو خاینانە بھێنێت کە مێژوویان شێواند، چونکە دادپەروەریی ڕاستەقینە کاتێک بەدی دێت کە جەلادە ناوخۆییەکانیش وەک عجاج تکریتی ڕووبەڕووی سزای گەل ببنەوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم سەرکەوتنە یاساییەدا، لە قووڵایی دڵمەوە گەرمترین و پڕشنگدارترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی یەکە یەکەی کچان، ژنان، خوشکان و دایکانی خۆڕاگری گەرمیان دەکەم. ئەو شێرەژنە ئەنفالکراوانەی کە لە بیابانی سەرابی نوگرەسەلماندا، کاتی خۆی لەسەر دەستی ئەم جەلادە ڕووبەڕووی دڕندەترین ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی بوونەوە. ئەمڕۆ پێتان دەڵێم: ئەگەرچی ساڵانێکی درێژ بە ئازارەوە تێپەڕی، بەڵام فرمێسکە پاکەکانتان لە بیابانەکاندا بەفیڕۆ نەچوو. ئەم بڕیارە سەرکەوتنی گەورەی خۆڕاگری و کەرامەتی ئێوەیە بەسەر تاریکی جەلادەکەتاندا. ئێوە سیمبولی ڕاستەقینەی مانەوەی ئەم گەلەن و سەری ڕێز بۆ مێژووی پڕ لە شانازیتان دادەنوێنم.

زۆرترین بینراو
خەزعەلی: پێشمەرگە دەبێت پابه‌ندی فه‌رمانه‌كانی فەرماندەی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بێت
سیپان حه‌مۆ: ژماره‌یه‌ك له‌ تێوه‌گلاوانی كوشتنی شه‌ڕڤانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراون
بەرپرسێکی ئەمریکی: دەمانەوێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان سەرکردایەتیی قەیرانە ئەمنییەکان بکەن
هومام حەمودی: حوکمڕانیی عێراق هاوپەیمانێتییەو دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت
گۆڕانکارییە خێراکانی یەمەن: حوسییەکان پێشڕەوی دەکەن و سوپای یەمەن ناوچەیەکی سەربازیی داخراو ڕادەگەیەنێت
لە حەسەکە دژی شەهیدکردنی سیپان حوزنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام درا
یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی بەغدا دەکەن؛ چیای شنگال بەتەواوی دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی
ئاكسیۆس: تره‌مپ داوایه‌كی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حوسییه‌كان ره‌تكرده‌وه‌‌
کۆتایی وەرزی گەرما؛ کەشناسێک هۆشداری لافاو و مژدەی پایزێکی پڕ باران دەدات
له‌ زیندانی كۆبانێ نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربون
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×