گرنگ نییە لەپشت پەردەوە خەریکی چیت، گرنگ ئەوەیە لەسەر مینبەر بەناوی خواوە قسە بکەیت

سەمیرە عەلی
  2026-06-15     199

ماوەیەکە لای خۆمان،  دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی مەترسیدار سەریھەڵداوە.
 ھەر کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی، چاتێکی دڵداری، یان دەنگێکی سێکسیی مەلایەک یان بانگخوازێکی بەناوبانگ، بڵاودەبێتەوە، قسەم لەسەرئەوەنییە ئەوگرتەوڤیدۆیان تاچەند ڕاستن یان درۆن قسەی من لەسەر ئەوەیەکە سوپایەک لە بەرگریکاری مێشکبەستووی دەمپیس دەخەنەکار. 
ئیتر بەپاساوھێنانەوە بێ بنەماکانیان کۆمەڵگە دەخەنە ناو بازنەیەکی داخراو لە چەواشەکاری، بەتەواوەتی پێوەرەکانی حەق و ناھەق  سەرەوژێر دەکەنەوە. 
ئیتر لێرەوە کۆمەڵگە  تەنھا لەبەردەم لادانێکی ڕەوشتیی تاکەکەسییدا نییە، بەڵکو لەبەردەم داڕوخانی سیستەمێکی فیکری و شۆکێکی قورسی دەروونی دایە.
یەکەم ھێڵی بەرگری کە ئەم جۆرە بەرگریکارانە دەیگرنەبەر، ئەو دەستەواژە  سوواوەیە: "ئەم مەلایە نوێنەرایەتی ئیسلام ناکات، ئەویش ئینسانە ھەمووئینسانێ خاوەنی کەمکوڕیە" ئەوەش گەورەترین فێڵی فیکرییە. 
ئەم مەلایانە ڕۆژانە لەسەر مینبەرەکانەوە بەناوی خودا و پێغەمبەرەوە قسە دەکەن. ئەوان خۆیان وەک دەمڕاستی ئایین دەبینن، خۆیان بەنوێنەری خۆا دەزانن لەسەرزەوی، کاتێک دەستکەوت و پارە و ناوبانگ ھەبێت، ئەوان نوێنەری سەرسەختی ئایینن.
 بەڵام کاتێک لە تەڵەی ئابڕووچوونێکیی کۆمەڵایەتیدا دەگیرێن، یەکسەر دەبنە مرۆڤێکی ئاسایی کەمکوڕ کە پەیوەندی بە ئایینەوە نییە. ئەمە دابەشکردنێکی بەرژەوەندیخوازانەی پیرۆزییە. ئەوەی سەیرە ترسناکییەکی ئەو بەرگریکارو پاساوھێنەرەوانە ھەر لەوێدا ناوەستێت، ھێرشیان بەردەوامە ئەگەر ھاووڵاتییەکی ئاسایی، یان چاودێرێکی کۆمەڵایەتی ڕەخنە لەو لادانە ئەخلاقیانە بگرێت، یەکسەر ھەمان ئەو سوپایە ھێرشی پێچەوانە دەستپێدەکەن. تۆمەتەکەیان حازرە: "ئەمانە مولحیدن، دژی ئایینن، خوا خوای شتێکیانە تا ناوی مەلای پێ بزڕێنن". ئەمەش جۆرێکە لە تیرۆری فیکری و کۆمەڵایەتیی. بەکارھێنانی چەمکی "ئیلحاد" وەک چەکێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ڕەخنەگر، سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەوپاساوھێنەرەوانە ھیچ وەڵامێکی لۆژیکییان نییە. ئەوان غەریزەی سێکسی و خیانەتی ھاوسەریی مەلایەک دەبەستنەوە بە پیرۆزییەکانی ئاینەوە. بەمەش، ڕەخنەگرتن لە مرۆڤێکی خاوەن غەریزە، دەکەنە شەڕ لەگەڵ خودا.
ئەگەر بێت و لەڕووی دەرونیەوە سەیری  شیکاریی دەروونیی  ئەو پاساوھێنەرو بەرگریکارانەبکەین کەبۆچی پاساوی بێ بنەما دەھێننە، لەدەروونناسی کۆمەڵگەییدا بە چەند خاڵێک شیکار دەکرێت:
یەکەم:نکۆڵیکردن وەک میکانیزمی بەرگری: ئەم کەسانە لە ڕووی دەروونییەوە توانای قبوڵکردنی  ئەوشۆکەکەیان نییە. ڕوخانی وێنەی مەلاکە لە مێشکیاندا وەک ڕوخانی ئایینەکە خۆی دەبینن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر نکۆڵیکردن بۆ پاراستنی ھاوسەنگیی دەروونیی خۆیان.
دووەم: ئەم تاقمە لە ڕووی دەروونییەوە پاشکۆن. ئەوان ڕاھاتوون کەسێک ھەبێت لە جیاتی ئەوان بیر بکاتەوە و بڕیار دەدات. کاتێک ئەو کەسە دەکەوێت، ئەوان ھەست بە بێ پەنایی خۆیان دەکەن. بۆیە ئامادەن پارێزگاری لە کەمکوڕییەکانی مەلاکەش بکەن تەنھا بۆ ئەوەی لە ژێر سێبەریدا بمێننەوە.
سێھەم: کاتێک گروپێکی ئاینی ھێرش دەکەنە سەر ڕەخنەگران، تاکەکان لەناو گروپەکەدا ھەستی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی لەدەست دەدەن. ئەوان لەژێر ناوی بەرگریکردن لە ئیسلامدا،غەریزەسەرەتاییەکانی خۆیان لە قین و تەفکیرکردن ومولحیدکردنی نوخبە ڕەخنەگرەکەدابەتاڵ دەکەنەوە. 
چوارەم: ساسیتە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی زۆر خراپ ونەرێنی لە گەورەکردنی گێژاوەکەدا دەگێڕن، تەنھا ئامرازی گواستنەوەی ھەواڵەکە نین، بەڵکو ھۆکاری سەرەکیی شێواندنی ڕاستییەکانن وبازرگانی پێوەدەکەن بۆکۆکردنەوەی لایک وڤیو بابەتەکە دەکەنە تریند. ئەمەش وادەکات داکۆکارانی مەلاکە زیاتر ھەست بەمەترسی بکەن وکاردانەوەی توندو ناجۆریان ھەبێت
چوارەم : جگەلەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەڵگەیان دابەشکردووە بۆ چەند کوتلەیەکی داخراو. ئەو دەستە پاساوھێنەرەوەیە  تەنھا گوێ لە دەنگی خۆیان و شێخمەلا دەگرن. ھەر دەنگێکی ڕەخنەگرانەی دەرەوەی بازنەکەی خۆیان وەک پیلانی مولحید و کافرەکان تەماشا دەکەن.
سەرەڕای ئەوەش لە کاتی ڕوودانی ئەم جۆرە ئابڕووچوونانەدا، کێشە گەورەکە ئەوەیە بێدەنگیی کوشندەی  وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایانی ئاینی، وەک نەعامە، سەری خۆیان دەکەن بە ژێر خۆڵەوە وھیچ ناڵێن. ئھیچ ھەڵوێستێکی ڕوون و لێپرسینەوەیەکی یاسایی یان کارگێڕی نیشان نادەن. ئەم بێدەنگییە مانای وایە پاراستنی ناوبانگی ئەو جۆرە مەلایانە  لای ئەوان گرنگترە لە پاراستنی ڕەوشتی کۆمەڵگە..
بەڵام کاتێک گەنجێک یان نوسەرێک ڕەخنەیەکی سادە دەگرێت ئەم دەزگایانە یەکسەر بەیاننامەی تەکفیر دەردەکەن و سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن. بەڵام کاتێک مەلایەک خیانەت دەکات، بێدەنگی ھەڵدەبژێرن. ئەمەش متمانەی گەنجانی بە تەواوی بەم سیستەمە ئاینییە فەرمییانە لەقکردووە، ھەربۆیە ئەم دۆخە کۆمەڵگە و گەنجانی تووشی جۆرێک لە سەرلێشێوان کردووە. ئەگەر مەلایەکی خاوەن مێزەر و ڕیش، کە شەو و ڕۆژ باسی ڕەوشت دەکات، لە پشت کامێراوە خەریکی چاتی حوب حوبێنەو چاتی سێکسی بێت و بڵێن؛ "ئەو نوێنەری ئیسلام نییە" 
 گەنجێک و ھاووڵاتییەکیش داوای دادپەروەری و ڕاستگۆیی بکات و پێی بڵێن؛ "تۆ مولحیدی" 
پرسیارە جەوھەرییەکە لێرەدا ئەوەیە؛
ئەی باشە کێ موسڵمانە لەم وڵاتەدا؟ 
ئایا تەنھا ئەوانە مافی موسڵمانێتییان ھەیە کە پاساو بۆ خیانەت و کات بەسەربردنی سێکسیی ھەندێک لەو  بانگخوازەکان دەھێننەوە؟
دوا جار ئەم جۆرە  پاساوە بێ بنەمایانەو،  لەگەڵ بێدەنگیی دام و دەزگا ئاینیەکان، گەورەترین گورز لە پێگەی ئایین و ڕەوشت لەناو کۆمەڵگەدا دەدات. پاراستنی لادەران لەژێر چەتری ئاییندا، پەیامێکی حاشاھەڵنەگر دەدات بە گەنجان ؛
"گرنگ نییە لەپشت پەردەوە وە خەریکی چیت، گرنگ ئەوەیە لەسەر مینبەرەکە بەناوی خوداوە قسە بکەیت بۆ ئەوەی حەسانەت ھەبێت"
 ڕاستی پێویستی بە پاساو نییە. ئایینێک کە نەتوانێت پیرۆزیی خۆی لە لادانی مەلایەک جیا بکاتەوە، دەکەوێتە ناو تەڵەیەکەوە کە خۆی بۆ خۆی دروستی کردووە. پێویستە کۆمەڵگە لەم خەونە بەئاگا بێتەوە. دەبێت تێبگات کە ڕەخنەگرتن لە مەلایەکی لادەر، نەک دژایەتی ئایین نییە، بەڵکو پاککردنەوەی ئایینو کۆمەڵگەیە لە دووفاقیەت چونکە ئەخلاق ھەمیشە پێش مێزەر و ڕیش دەکەوێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×