ئاستەنگێکی گەورەیە لەبەردەم واژۆکردنی گرێبەستە نێودەوڵەتیەکاندا
وا دووەمین ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر چوونە ناو بۆشایی درێژکراوەی یاسایی و دەستووری لە ھەرێمی کوردستان! سەرباری ئەوەی نیشانەیەکی خەتەرناکی پاشەکشێی پرۆسەی دیموکراسییە، لە ھەمانکاتدا پێشێلکارییەکی ڕوونی بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ و یاسا بەرکارەکانی ھەرێم خۆیەتی.
چەقبەستووی دۆخی پەرلەمان و بەردەوامبوونی حکومەتێکی ماوە بەسەرچوو و کاربەڕێکەر بەدرێژایی دووساڵ دەسەڵاتی گشتی لە چوارچێوەی شەرعییەتەوە گۆریوە بۆ خۆ سپەندنی زۆرە ملێ.
ئەمە سەرنجێکی سەرپێی تایبەتی بەندەیە بە بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، بۆ ئەم دۆخەی ھەرێمی تێدایە، دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە دەستووری عێراق دا ئاماژەی پێدراوە. لە ماددەی شەشیدا بە ڕوونی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بەپێی ڕێکارە دەستوورییەکان دەستاودەست دەکرێت.
تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر پەککەوتنی دامەزراوەی یاسادانان و ڕانەگەیاندنی کابینەی نوێ، پەکخستنی ڕاستەوخۆی ئەم ماددە دەستوورییەیە.
ھەر بەو پێیە لە ڕووە یاسایەکەوە بەڕێوەبردنی حکومەت ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو ماوەیە و چوارچێوە زەمەنییانەدا بەردەوام بێت کە یاسا دیاریکردوون.
ھەرچەندە پێشتر پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی درێژکردەوە، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەی دا کە ئەو درێژکردنەوەیەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە و سەرجەم ئەو یاسا و بڕیارانەی لە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمانەوە دەرکراون، ناڕەوان وھیچ بەھایەکی یاساییان نییە.
ئەم بڕیارە بەپێی ماددەی ٩٤ی دەستووری عێراق یەک لاکەرەوەو و مولزەمە، بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان.
کەواتە؛ بوونی پەرلەمانێکی ئیفلیجکراو لەم ماوەیەدا بەواتای نەمانی چاودێریی یاساییە بەسەر کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە، ئەمەش ھاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکان دەشێوێنێت.
یاسا و عورفی دەستووری لە عێراق و ھەرێمدا، سنوورێکی توند بۆ دەسەڵاتەکانی ئەو حکومەتە دادەنێت کە تەمەنی یاسایی کۆتایی ھاتووە.
ئەرکی ئەم کابینەیە تەنھا ڕاپەڕاندنی کارە ڕۆتینیەکانی ڕۆژانە و پێویستیە ھەنوکەیەکانە.
ئەم حوکومەتە لە ڕووە یاسایەکەیەوە بەھیچ جۆرێ مافی ئەوەی نییە، پرۆژە یاسای گرنگ و ستراتیژی پێشکەش بکات.
ھەروەھا ناتوانێت گرێبەستە گەورە نێودەوڵەتی و ئابووریەکان واژۆ بکات. سەرە ڕای ئەوەش بۆی نییە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکھاتەی ئیداری و دارایی ھەرێمدا بکات.
درێژەپێدانی نایاسای کابینەی نۆیەم بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک کاربەڕێکەر، بەبێ بوونی چاودێری پەرلەمانی، دەسەڵاتێکی ڕەھای داوەتە حکومەتێک کە شەرعییەتی دەنگدەرانی بەسەرچووە، ئەمەش دژی بنەمای سەروەریی یاسا یە..
ئەم بۆشاییە یاساییە دەرئەنجامی مەترسیداری لێکەوتووەتەوە، وایکردووە کە چەند ساڵە یاسایەکی بودجەی ڕێک و پێکمان نەبێت، ئەمەش دەرگای بۆ ناڕوونی و گەندەڵی لەبەردەم داھات وخەرجیەکاندا ئاواڵاکردۆتەوە.
جگە لەوەی درێژەکێشانی ئەم دۆخە، بیانوو دەداتە دەسەڵاتی فیدراڵی لە بەغدا بۆ سنووردارکردنی زیاتری دەسەڵاتەکانی ھەرێم، چونکە ھەرێمێک نەتوانێت لە کاتی خۆیدا دامەزراوەکانی نوێ بکاتەوە، کەواتە ئاساییەکە لە سەر ئاستی عێراق ودەروەشدا شەرعییەتی سیاسی و یاسایی لەدەست بدات، دواجاریش گللەی لەکەس نەکات.
ئەم دۆخەی ئێستای ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، شێواندنی دەستوورە! مانەوەی لە ناو بۆشایی یاساییدا بۆ ساڵی دووەم، پاساوی بۆ ناھێنرێتەوە.
دەکرێت دوای تێپەڕینی ئەم دووساڵە پیاداچوونەوە بە لایەنە دەستوری ویاساییەکانی ئەم کێشەیە بکرێت و ڕێز لە دەستوور و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بگیردرێت، بەپەلە کاربۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بکرێت، تاوەکو ھەرێم لەم بۆشایی یاساییە دەربھێنرێت و مافە دەستوورییەکانی ھاووڵاتیان نەکەونە ژێر پرسیارەوە..