لەیادی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا

مقداد شێخ بەهادین
  2026-05-19     189

پەرلەمان لە قووڵایی فەلسەفەی بوونی خۆیدا تەنها بینایەکی کۆنکرێتی یان دەزگایەکی سارد و سڕی یاسایی نییە بەڵکو ئەو سەرچاوە زیندووەیە پەیمانی کۆمەڵایەتی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیانی تێدا بەرهەم دێت و پارێزگاری لێ دەکرێت، ئەو سەکۆ بەرزەیە کە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە چاودێریکردنی دادپەروەرانەی جێبەجێکردنی یاساکان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە سەرەڕۆییەکی فەرمانڕەوایی و لادانێک لە ڕێڕەوی دەستووری و بەها ئەخلاقییەکانی حوکمڕانی.

 

بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە خولی ئێستای پەرلەمانی کوردستاندا بەڕوونی دەبینرێت تەواو پێچەوانەی ئەو عورفە دەستووری و بەها یاساییانەیە، کە کۆمەڵگای ئێمە وەک بنەمایەکی ڕەسەنی ئەم دامەزراوەیە هیوای لەسەر هەڵچنیبوو، ئەم دۆخە نالەبارەش گەورەترین عەیبەی مێژوویی و داڕوخانی ئەو نەریتە سیاسییانەیە کە لە مێژووی پەرلەمانی ئەم نیشتمانەدا تۆمارکرابێت، کاتێک پەرلەمان تەنها وەک دەزگایەکی سڕکراو و ناونیشانێکی بێناوەڕۆک دەمێنێتەوە و ئەرکە یاسایی و مۆڕاڵیەکانی بەتەواوی پەک دەخرێت بێگومان گەورەترین پاشەکشەی متمانەی گەل بەدوای خۆیدا دەهێنێت بەرامبەر بەو دامەزاوەیەی، کە بڕیار بوو نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ئیرادەی ئەوان بکات.

 

 

رەنگدانەوەی ئەم پاشەکشە قووڵ و کوشندەیە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی (١٨) مانگ بەسەر پرۆسەی کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هێشتا ئەم دامەزراوەیە نەیتوانیوە بە کەمترین ئاستی ڕۆڵی تەشریعی و چاودێریی خۆی هەڵبسێت و هەنگاوێک بجوڵێت، ئەم بێدەسەڵاتییەش واقیعی سیاسیی هەرێمی ڕووبەڕووی گەورەترین داڕوخانی پێگەی سیاسی و پێشێلکاریی نەریتی پەرلەمانی کردووەتەوە بە چەشنێک  هیچ مانایەکی ڕاستەقینەی بۆ هەڵبژاردن و تەواوی پرۆسەی دیموکراسی نەهێشتووەتەوە، عاملی یەکەم و هۆکاری ئەم پەککەوتن و بێدەربەستیەش بە پلەی ئمتیاز لە ئەستۆی ئەو کاندیدانەدایە، کە تا دوێنێ بۆ دەستەبەرکردنی تەنها یەک دەنگ دەرگای ماڵەکانیان دەکوتی و کۆمەڵگەیان لەژێر باری بەڵێنی قەبە و دروشمی باڵای خەیاڵیدا نوقم دەکرد کەچی ئەمڕۆ لەپاش بەدەستهێنانی متمانەی گەل و سوێندخواردنی یاسایی بە قورئانی پیرۆز بەتەواوی پشتیان لە ئەرکە ڕاستەقینەکان کردووه و ڕوویان لە بەرژەوەندی و دەستکەوتە شەخسییەکانی خۆیان ناوە، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت دەستەوەستانی حیزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانیش باس نەکەین، کەهەندێکیان تەنها ڕۆڵی دوکانی حەواڵە و وەرگرتنی پارە دەبینن و نەیانتوانیوە بچوکترین کاریگەری دروست بکەن هەربۆیە بوونیان لە ژێر پرسیاری گەورەدایە.

 

کارەساتی قووڵ و فەزاحەتە گەورەکە لە ڕاستیدا لێرەدا سەر هەڵدەدات کاتێک دەبینین ئەم نوێنەرانەی ئێستا سیفاتی ئەندام پەرلەمانیان هەڵگرتووە بێ ئەوەی بۆ یەک ڕۆژیش پابەندی ئەرکە پیشەییەکانی خۆیان بن یان هەنگاوێکیان بۆ داکۆکیکردن لە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان نابێت مانگانە مووچە و ئیمتیازاتی زەبەلاحی وا وەردەگرن، کە زۆر واقیعیتر و قەبەترن لەو بەڵێنانەی لە کاتی بانگەشەدا بە خەڵک و دەنگدەرانیان دابوو، جێگای ئەسەفە ئەوان لەسەر حیسابی قووتی کۆمەڵگایەکی ماندوو و ڕەنجدیدە بێدەنگییەکی بەرژەوەندیخوازانەی گوماناوییان کڕیوە بۆیە لێرەدا پرسیارە جدی و جەوهەری سەرهەڵدەدەن، ئایا کێش و بەهای ئەو سوێندە پیرۆزە لە کوێی هۆشیاری و ئاینـبینی ئەم نوێنەرانەدایە و پێگەی ویژدانی پیشەیی و ئەخلاقی لەم هاوکێشەی دەستکەوتی بێڕەنج و ماندووبوونەدا چییە؟

 

خۆ گومانیشی تێدانیە ئەگەر لە داهاتوودا ئەم پەرلەمانە بەم پەیكەرە سڕکراو و بێباکەی ئێستایەوە کاراش بکرێتەوە و کابینەیەکی وزاری نوێ لەژێر سایەی متمانەی ئەم ئەندامە بێدەنگانەدا لەدایک ببێت ناتوانێت هیچ دەرئەنجامێکی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگە بەرهەم بهێنێت چونکە پەرلەمانێک هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانییان بە ئازار و خواستەکانی شەقامەوە نەمابێت هەرگیز ناتوانێت ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی لە چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتدا بگێڕێت. 

 

بۆیە حکومەتێک  ئەم جۆرە پەرلەمانتارانە چاودێری بکەن دەگاتە لوتکەی بێخەمی و ئۆقرەیی سیاسی وەک دەڵێن مێش مێوانی نابێت چونکە کاتێک دەزگایەکی باڵای چاودێری خۆی هێندە پەککەوتە و دوور لە پرەنسیپی ویژدانی بێت نەک هەر ناتوانێت ڕێگری لە لادانەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکات بەڵکو دەبێتە چەترێک بۆ ئاسانکاری و شەرعییەتپێدان بە هەر گەندەڵی و داڕووخانێکی دامەزراوەیی، کە لە داهاتوودا بێتە کایەوە کەواتە متمانەدان بە هەر حکومەتێک لەسەر دەستی ئەم پەرلەمانتارانە تەنها درێژکردنەوەی تەمەنی قەیرانەکان و هێشتنەوەی کایەی گشتییە لەناو بازنەیەکی داخراوی بێئومێدی و ژینگەیەکی پەرلەمانی خەواڵوودا.

 

لەکۆتایدا دەڵێین نەبونی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزارو پەرلەمانێکی چاودێر و ڕێزلێگیراو هیچی کەمتر نیە لە دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ، خەریکە خۆمان بەکردەوەکانی خۆمان قەناعەت بە کۆمەڵگایی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان دێنین، کە کورد ناتوانێت خۆی ئیدارە بدات، بۆیە پێویستە بۆدەربازبوون لەم چەقبەستووییە هەنگاوی کردەیی بنرێت و  ڕێز لە خوێنی شەهیدان و ڕەنج و ماندووبوونی ئەم میللەتە بگیرێت، چونکە چیتر ئەم بێباکیە قابیلی قبوڵ و چاوپۆشی نیە و مێژووش ڕەحم بەکەس ناکات.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×