پرۆژەی ڕووناکی،کەزێی​ کیژۆڵەیەکی ١٠ساڵانی دھۆکی دەلالی بڕی..

شۆڕش ئەمین
  2026-06-24     111

خەمێکی ھێندە قورسە، چونکە ئەمە تەنھا چیرۆکی بڕینی قژی کچۆڵەیەک نییە، بەڵکو چیرۆکی بێ وویژدانی دەسەڵاتێک و ھەڵوەرینی کۆتا گەڵاکانی دادپەروەرییە لەم نیشتمانەدا.
​لە سایەی حوکمڕانییەکدا کە تەنھا زمانی تاڵانی و چاوچنۆکی دەناسێت، نیشتمان بووەتە گۆڕەپانی جەردەیی و ھەرێمەکەمان بووەتە "گەندەڵستان." پەنجا ڕۆژ لەم ھاوینە گەرم و پڕوکێنەرەدا، ماڵێک لە تاریکیدا جێبھێڵرێت و کەس نەبێت بپرسێت، ئەم خێزانە بۆچی ناتوانن پارەی کارەبا بدەن؟ ئەمە چ وویژدانێکی مردوو و چ حوکمڕانییەکی بێ دەربەستە کە ڕووناکی لە ماڵە ھەژارێک ببڕێت، لە کاتێکدا خۆیان لە ناو کۆشکە شاھانە و فێنکەکانیاندا، تەنانەت بۆ چرکەیەکیش بەرگەی گەرما ناگرن،
 لەکاتێکدا ماڵێک ٥٠ڕۆژ کارەبایان لەسەر کوژاوەتەوە، تەنھا لەبەر ٧٠ھەزاردینارقەرزی کارەبا. کەس نەیپرسیوە ئایا دەبێت ژیانی ئەم خێزانە لەم گەرمای ھاوینەدا چۆن بەڕێوە چووبێت؟
​ئەم گەلە ڕووبارێک خوێنی نەڕشت بۆ ئەوەی تاقمێکی کەم دەست بەسەر سەروەت و سامانی کوردستاندا بگرن، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ شاھانەتر بژین و ھاووڵاتیی ئاساییش تابێت زیاتر لەقووڕی ھەژاریی و برسێتیدا بچەقن . ئەوەی لە دھۆکی دەلالدا ڕوویداوە، مێژووی تۆمارێکی ناشرینە بە نێوچاوانی دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە دوولەتکراوەوە. 
ئاخۆ کەی بێت ئێمەش وەک گەلانی زیندووی جیھان، سەرکردەی نیشتمانپەروەر و بێ‌گیرفان حوکمڕانیمان بکات؟ کەی دادپەروەری باڵ دەکێشێت بەسەر ئەم خاکەدا، تا لانی‌کەمی ژیان بۆ ھەژاران دابین بکرێت و چیتر باوکان و دایکان بۆ حەفتا ھەزار دیناری قەرزی کارەبا، پەنا نەبەنە بەر بڕینی قژی کچە ١٠ساڵانەکەیان!
​ ئەم کارەساتە لەوەدایە کە دەسەڵات تەنھا قژی کچۆڵەیەکی نەبڕیوە، بەڵکو کەرامەتی مرۆڤی کوردی لە پێناو چەند دینارێکی کەمدا ھەراج کرد.
​ئای لەو منداڵە چاوگەش و بێتاوانە... کێ دەزانێت پێش سەربڕینی قژی، چەندە دڵخۆش بووە بە کەزێیە درێژ و ناسکەکەی؟ چەندە بە شانە بچووکەکەی دەستی، تاڵ بە تاڵی ئەو قژەی دادەھێنا و لە بەردەم ئاوێنەدا بە سەرسامییەوە سەیری جوانیی خۆی دەکرد؟ ئەو بە پێکەنینێکی بێگەردەوە، وەک پەپوولەیەک دەفڕی بۆ نێو منداڵانی ھاوتەمەنی و شانازیی بە قژە درێژەکەیەوە دەکرد.
​کەچی ئێستا... پاش ئەوەی مقەستی دڵڕەقیی پرۆژەی ڕووناکی گەیشتە قژی، لە ڕووی نایەت بچێتە دەرەوە. کاتێک دەچێتە بەردەم ئاوێنە، چیتر سەیری جوانیی خۆی ناکات، دۆزەخی تاریکیی ماڵەکەیان و قەرزەکانی باوکی دەبینێت و دەست دەکات بە گریانێکی بەکوڵ. ئەو ئاوێنەیەی جاران شاھیدی زەردەخەنەی بوو، ئێستا شاھیدی فرمێسکە گەرمەکانیەتی کە بۆ تێکشکانی منداڵێتی و نازداریی خۆی دەیڕێژێت.
​ئەمە تەنھا بڕینی کەزێی مناڵێکی ١٠ساڵان نییە، بەڵکو سەرپڕینی خەونی کیژۆڵەیەکە، ھەرگیز ئەو برینەی کراوەتە ڕۆحی ساڕێژ نابێت. 
شەرمە بۆ حوکمڕانییەک کە کچۆڵەیەک ناچار بکات، بەھاترین بەشی جەستەی خۆی بفرۆشێت، بۆ ئەوەی لەگەرمای ھاووین و تاریکی شەوەزەنگ ڕزگاریان بێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×