خۆم و باوکم گەڕیدەین!

چالاک سالار
  2026-06-08     417

چالاکی ماڵی چالاک

 

مخابن و سەدجار حەیف، گشت تەمەنم، باوکم تەنها یەک جار گەڕاندومی؛ ئەوەش کاتێک لەگەڵ خۆی بۆ پیاسەیەک بردمی و ئیدی ئەوە، چ بۆ من و چ بۆ ئەویش، کۆتا جار بوو. ئەڵبەتە ئەو تاکە جارەش کە لەتەک خۆیدا بۆ پیاسەیەکی نیمچە کورت بردمی، بۆ ئەنجامدانی کارێکی خۆی بوو. ئەو یەک جار پێکەوەبوونەی من و باوکم تابڵێی بۆ من ماناداربوو. لێرەوە هەقایەتی پیاسەی من و باوکم بەناو ئەوروپادا دەستپێدەکات.   

بیرەوەرییەکانی ئێستام، کە وا تەمەنم بەرەو 54 ساڵێک هەڵدەشاخێ بەردەوام پێمدەڵێن: چالاک تا دەتوانی تۆڵەی پیاسەپێنەکردنەکان بەجۆرێکی تر لە باوکت بکەرەوە؛ تاپێتدەکرێت باوکت لەگەڵ خۆت بۆ گشت شوێنێک ببە؛ هەوڵبە بیخولێنەوە لەگەڵ خۆتا، ئێرە و ئەوێی پێئاشناکە و شەکەت شەکەتیکە .

ئەڵبەتە زوو ڕۆشتنی باوکم لەم جیهانە(ساڵی 1980) بەشێکە لە هۆکاری پێکەوە پیاسەنەکردنەکانمان. هەر ئەمە نا، ئەوەش،کە ئەگەر باوکم لەم جیهانە زووش نەڕۆشتایە، خۆمن لەو هەر جیادەبوومەوە. ئیدی ئەوە بوو پاش مەرگی باوکم بە دە ساڵێک بڕیاری کۆچکردنمدا؛ لە کەرکوکەوە بەرەو گشت شوێنێک رۆشتم. ڕۆشتم و باوکمم پێیە.   

بەڵێ، باوکم زوو مرد، ئەوکات من تەمەنم دە ساڵ بوو. مرد و پڕ پیاسەی نەکردم. ئەمە لە مندا برینی دروستکرد، بەئێستاشەوە خەمی کەم پیاسەکردنم لەگەڵ باوکم زووزوو ئەندێشەم داگیردەکات. ئەڵبەتە، بۆ ساڕێژکردنی ئەو برینە لەدوای هاتنەدەرەوەم لە کەرکوک و چوونم بەرەو ئەوروپا بڕیارمدا سەرەپەیکەرێکی برۆنزیی بۆ سەری باوکم بدەمەدروستکردن و لەگەڵ خۆم بۆ ئێرە و ئەوێ بیبەم. بێگومان، سەرەپەیکەرە برۆنزییەکە سیانزە کیلۆگرامە، خۆم ویستم ئاوا سەنگین و تۆکمە دروستکرێت؛ تا باوکم هەردەم بە سەنگینی و قورسی لەگەڵ خۆما بگەڕێنم.

زۆربەی ئەوانەی سەردانی ماڵەوەیانکردووم، لە هەرکوێ بووبێتم؛ کوردستان یان ئەوروپا، سەرەتا لێیانپرسیوم: ئەم سەرەپەیکەرە برۆنزییە کێیە؟ گوتوومە باوکمە.... سەیرەکە لەوەدا بووە لە سەدا سەدی ئەوانەی ئەو پرسیارەیان کردووە یەکسەر پرسیارێکیتریان لێکردووم: باوکت ئیشی چی بووە؟ منیش بێسڵەمینەوە گوتوومە حەرەس بووە لە شەریکەی نەوتی کەرکوک لە عەرەفە.... . گورج دوای ئەم وەڵامە هەستم بەوە کردووە لە ڕوخساریانا، کە دەخوازن بڵێن: باوکێکی حەرەس ئەوە دێنێ سەرەپەیکەرە برۆنزییەکی بۆدروستکەیت و وڵاتە و وڵات لەگەڵ خۆتدا بیبەیت!!! داخەکەم ئەوان نازانن باوکم بۆ من لەوە زۆرترە؛ خودی باوکیشم بۆ من پەیوەندی بەوەوە نییە کارەکەی حەرەس بووە یان وەزیر!!

واساڵانێکە من و باوکم پێکەوە پیاسەدەکەین، گەڕیدەئاسا دەڕۆین و من لە کوێ بم ئەویش لەوێندەرێیە. فرۆکەخانە نەماوە ئەم سەرە پەیکەرە برۆنزیەی باوکم خۆی پیانەکات. جارجار دیاردەکە هێندە ئێرۆنییە (گاڵتەجارانەیە) کە لە فرۆکەخانەکان دەخرێمە ژێر لێکۆڵینەوەوە سەبارەت بەوەی، کە ئایا ئەم سەرە پەیکەرە کەسایەتییەکی مێژووییە؟ کارێکی هونەریی شارستانییە دێرینەکانە؟ یان پارچە توحفەیەکی کۆنی یۆنانی یان رۆمانییە و لە یەکێ لە مۆزەخانەکان دزراوە؟ یاخود لە ناو ئەم سەرە پەیکەرە مادەی هۆشبەر شاردراوەتەوە؟ منیش دوای هەموو پشکنینێک لە فرۆکەخانەکان بەبەرخۆمەوە دەڵێم: ئای باوە چیتپێکردم!   

دوای ئەوەی باوکم بێ پیاسەیکردم و منیش کەوتمە هەندەرانەوە مەیلێکی زۆری گەڕان و گەشت و ڕۆشتنم تیادروستبووە. باوکم هۆکارە کە ئیستا من بێشوێنم؛ ئۆقرە بەخۆمناگرم و هەر لە گەڕیدەیدام. ئەویشم چاک بەخۆمەوە گرفتارکردووە. ئەمەی من لەگەڵ ئەو دەیکەم دیوێکی تری خۆشەویستیمە بۆ باوکم.... دەیبەم دەیگەڕێنم...هەروەها لە دیاسپۆرا( هەندەران) دواتر لەوە تێگەیشتم، کە دەبێت من تا پێمکرێت باوکم بگەڕێنم؛ قسەی خۆمانبێت ئەویش بێ پیاسەبوو... دورترین شوێنی باوکم ماڵەوە و شوێنی کارەکەی بووە. تەنانەت باوکم جگەلە ماڵی خۆی و ماڵی خوا(دوو جار چووەتە کەعبە) سەرینەکردووە بە هیچ ماڵێکی تردا.

بۆیە باوکم هێندەی خۆم پێویستی بە پیاسەیە؛ پیاسە لە فۆرمی گەشت و خولانەوە بە جیهانی سەیروسەمەرەی ئیستادا. بۆئەوەی ڕۆحی باوکم خەمبار نەبێت، بەردەوام لە سەفەرەکانما قسە لەگەڵ سەرەپەیکەرە برۆنزیەکەیدا دەکەم. لەوە سەیرتر ئەوەیە، کە رۆژانە چەندین چرکە لە سەرەپەیکەرە برۆنزییە مۆنەکەی باوکم دەڕوانم؛ گفتوگۆی خێزانیی و سیاسیی لەگەڵدەکەم؛ سەبارەت بە داهاتووی کەرکوک و بە چارەنووسم لەم جیهانە ناساغەدا........ .

زۆرترین بینراو
وەزارەتی دارایی داوای کارتی نیشتمانی و ناوی دایکی مووچەخۆران دەکات
سه‌رۆكی فراكسیۆنی بابلیۆن كوژرانی برازایه‌كی ره‌یان كلدانی له‌ لاله‌زار ره‌تده‌كاته‌وه‌
جەبار یاوەر بۆ ئاوێنە: ئەگەر پڕۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە راستی بێت، نابێت تەنها پڕۆسەی تێکەڵکردنی ژمارە بێت
وتەبێژی پارتی: گفتوگۆی چڕ و جددی بە دوور لە میدیا بۆ کابینەی دەیەم بەردەوامە
توركیش ئێرلاین گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌
سبه‌ی دادگای فیدرالی له‌باره‌ی سكاڵاكانی‌ په‌یوه‌ست به‌ په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌
نرخی دراوه‌كان؛ 100 دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 160 هه‌زار دینار
شاسوار عه‌بدولواحید هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە حکومەت راگەیاند
وته‌بێژی سه‌ربازیی زه‌یدی: له‌دوای 30ی ئه‌یلول هیچ پاساوێك نامێنێت بۆ بونی هیچ جوڵه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت
ئیکۆ عێراق: ئه‌گه‌ری سزای ئه‌مریكاو قۆستنەوەی دۆخه‌كه‌، بازاڕی دۆلارییان لە عێراق هه‌ژاندوه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×