چالاکی ماڵی چالاک
ماڵی چالاک ماڵێک بوو بۆ هەمووان؛ ماڵێک بوو هەر هەموو لەوێ بە جیاوازییەکانیانەوە جێگایان تیادەبووەوە. ئەم ماڵە سەرەتا ماڵی (من) بوو، دواتر لەوە دەرچوو بەتەنها ماڵی منبێت؛ ماڵەکە ووردە ووردە بووە ماڵێکی پێویست، پێویست بۆ هەمووان؛ یان بابڵێین ماڵی ژیانکردن. ئەوە ژیان بوو لەو ماڵە، کە کۆیدەکردینەوە.
ئەم ماڵە کۆکراوەی بیرۆکەی گەشت و سەفەر و دونیابینینەکانم بوو. دەمێک بوو ئەم ماڵە خۆزگەی (من) بوو، لەکۆتاییدا خۆزگەکە هاتەدی و توانیم ماڵەکە بکەمە ماڵ، ماڵێک بۆ هەمووان. هەرئەوە نا، ماڵی چالاک بەردەوامیی خۆی هەیە، لێرە نا، لەوێ... یان هەر جێیەکی تر لەم دونیایەدا. بەڵام بۆ (من) ماڵی ڕاستەقینەی چالاک هەردەم کوردستانە. وەکیتر، کوردستان تاقە لانەی سەرەکیی ماڵی چالاکە.
ماڵی چالاک، کۆکردنەوەی جیاوازەکان بوو، چونکە تەنها بەوە توانیم بەردەوامبم. دەزانم هەموو جیاوازەکان نەدەهاتنە ئەوێ، یان ئەوێیان بە ماڵی خۆیان نەدەزانی، (من) قەد بەوە قەڵسنەدەبووم گەر گشت جیاوازەکان نەتوانمکۆبکەمەوە. ئەوەی بۆ (من) گرنگ بوو بیرۆکەکە بوو: ماڵی چالاک ببێتە داڵدەی جیاوازیەکان. لای (من) لە ماڵی چالاک دا جیاوازەکان حورمەتیان هەبوو. خزمەتکردنی میوانەکان، بیانیی و کوردەکان، هەرجارە و بەجۆرێک بوو.
میوانەکانم لە کوردەکان و بیانییەکان ناخ جیاواز و موزیکدۆست و هونەردۆستبوون. بۆ (من) ئەم دۆستایەتییەی نێوان میوانەکانم و موزیک و هونەری خواردنسازی ڕۆژانە جۆش و خرۆشی پێدەدام و زیاتر هانیدەدام ماڵی چالاک بکەمە شوێنێک بۆ هەمووان.
ڕاستییەک کە دەبێت بیڵێم، ئەوەیە، کە (من) بەدوای جیاوازەکان دا نەدەگەڕام، ئەوە خودی جیاوازەکان بوون، خۆیان ماڵی چالاکیان دەدۆزییەوە. بۆ ئەوان ئەو ماڵە بنکەیەکبوو، بۆ زاخاوی مێشک، بۆ خۆئارامکردنەوە لە سەختیی و دژوارییەکانی رۆژگار، لەبەرئەوە زووزوو خۆیان دەکردە ناو ماڵی چالاک. ماڵی چالاکیش گەر ئەو تایبەتمەندییەی نەبوایە نەدەبووە ماڵی هەموان، یان ماڵی کەسانی جیاواز.
جیاوازییەکەی هونەری گەشەکردووی ناو ماڵی چالاک هەر گوێهەڵخستن نەبوو بۆ موزیکی جازی لویس ئارمسترۆنگ Louis Armstrong یان بۆ گۆرانی «پەپولەی ئازادی» مامۆستا مەزهەری خالقی،بەڵکو جێگایەکیش بوو بۆ کۆکردنەوەی هونەری شێوەکاریی و فیلمسازیی و شیعردۆستیی. ئەمانەش هەر هەموو لەسەر مێزێکی شاعیریی و ناسکی ئێوارانی ماڵی چالاک دەهاتەدی. ئەوانە هەموو بەڵگەن لەسەر جیاوازیی ئەم ماڵە خنجیلانەیەی چالاک کە لە یادەوەرییەکانی میوانەکانا هەردەم زیندووە.
لە ماڵی چالاک دا هەر (من) خاوەن ماڵ نەبووم. هەر (من) خەمی ماڵەکەم نەبوو، زووزوو دەمبینی، کە زۆرێکی تر خەمی مانەوە و بەردەوامی ماڵی چالاکیانە. ئەوەش ڕۆژانە منی شاگەشکە دەکرد، کە دەمدی ماڵەکە خەمخۆری زۆرە.
زۆرێک خۆمئاسا خۆشەویستییان بۆ ماڵی چالاک هەبوو. دەیانویست هەبێت و هەنگاوی تازەش بنێ. خۆ (من) باسی هەندێک ناحەز و داخلەدڵناکەم کە جارجار هەوڵی ناوزڕاندنی ماڵی چالاکیان دەدا. ئەڵبەتە ئەو جۆرە مرۆڤانە لەگەڵ کاتدا کەمدەبوونەوە. چونکە ماڵی چالاک ماڵی هونەر بوو؛ بەمانای وشەکە گەلەرییەک بوو، سەرباقی ئەوەی شوێنێک بوو بەرەو گەشت بەناو خواردنی بەتامی تاقینەکراو، بینینی مرۆڤە جوانەکانی شار و گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوون لەسەر سیاسەت و ژیان و ئەوین و خواردنسازیی ئەوە بوو هەقیقەتی ماڵی چالاک.
ماڵی چالاک ڕۆژانە خۆی خۆی تازەدەکردوە. نەک تەنها بە مێزڕازاندنەوەکانی، بەڵکو بەو دەمووچاوە کوردی و بیانیانەی ڕوویانتێدەکرد. ئای لەو ئێوارانەی کە ماڵەکە پڕپڕدەبوو لە جیاوازەکان: سیاسییەکان، هونەرمەندان، بزنسمانان، نووسەران و... . ئەم جیاوازانە لەو ماڵە خنجیلانەیە هەموو ڕوخساریان بەر ڕوخساری یەکتردەکەوت. زۆرجار لەسەر مێزێک دیارترین هونەرمەند لەگەڵ دیارترین سیاسیی و سەرمایەدار پێکەوە شەرابی پورتوگالی یان سیسلیانیان (ئیتاڵیان) نۆشدەکرد. مەبەستم ماڵی چالاک گەلەری بوو، نەک هەر بەمانا هونەرییەکەی، بەڵکو بەمانا مرۆیەکەشی. هەموو لەوێ تەحەمولی یەکتریاندەکرد. بەڕوخساریانا دیاربوو لەیەک ناچن بەس مێزێکی پڕ تامی جۆراوجۆر کۆیاندەکاتەوە.
ئەم ماڵە تابلۆی موزایکم Mosaic (فسيفساء) بیردەخاتەوە. گشت ئەوەی لەو ماڵە جیاوازە دەگوزەرا نەخشاندنی جیاوازییەکانبوو، ڕێکخستنی ژمارەیەکی زۆر لە جیاوازیی، کۆکردنەوەی پارچە ڕەنگاوڕەنگەکان. ئەم جۆراوجۆرییە لەو ماڵە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و ڕێکوپێک هاتبووەدی، ئەوەش بۆ دروستکردنی وێنەیەک، کە نوێنەرایەتی دیمەنە جیاوازەکانی شار و مرۆڤەکانی دەکرد، چونکە لەو ماڵە فیگەرە جۆراوجۆرەکان پێکەوە وەک زەخرەفەی سەر تابلۆیەکی موزاییکی سەردەمی سۆمەر و رۆمەکان جوانیان بەدەوروبەریان دەبەخشی.
گومانم نییە ئەم وێنە موزایکییەی ماڵی چالاک لەیەک کات و لە ماوەیەکی کورتدا نەهاتەدی. پەرەسەندنی تابلۆی موزایکی ماڵی چالاک خایاندی تا توانی ڕەنگە جیاکان کۆکاتەوە، ئەم فۆرمە هونەرییەی لەو تابلۆ موزایکییەدا هەبوو لەگەڵ کاتدا بووە جێگای سەرنجی هەمووان. دڵنیام جوانی تابلۆکە،لە زەینی خەڵکدا، پارچەی زۆری لێدروستبووە، جوانیەکە لەو کاتەدا ئەوەندە رۆشت تا توانی جەوهەری ژیان بگرێتەوە. بەکورتی ماڵی چالاک جێگایەک بوو بۆ مانادان بە خودی ژیان.
ئەم بابەتە درێژەی هەیە................
