"كێ دەتوانێ پێناسەیەك ی نیشتمانفرۆشیم بۆ  بكات"

ئەوڵا گۆمەشینی
  2026-07-04     329

    نەتەوەی كورد ، هەمیشە ئامادە ی خۆ بەختكردن بووە لەپێناو ی پارازتن ی نیشتمان و زمان و كەلتوور ی خۆیدا . بۆ ئەوەش سڵ ی لە هیچ جۆرە قوربانیدانێك نەكردووەتەوە . هەر ئەوەش هۆكار بووە ، وەك نەتەوە  بە زمان و كەلتوور و ناسنامە ی خۆیەوە بمێنێتەوە و هەموو ئەو  پەلاماردان و هێرش و دوژمنكارییانە ، كە كراونەتە سەری ، نەیانتوانیوە تێكیبشكێنن و لە ناسنامە ی خۆی دایببڕن . دییارە  لە خۆرهەڵات ی ناوەڕاستدا ، چەندان نەتەوە هەبوون ، كە بەهۆی داگیركارییەوە ، زمان و كەلتوور و ناسنامە ی نەتەوەییان لەدەستداوە و لە بۆتە ی داگیركەرانیاندا  ، ئەگەرچی فیزیكییانە لەناویش نەچووبن ، توواونەوە . دییارە نموونەی ی ئەو نەتەوانە كەمنین . هەر بۆ نموونە قیبتییەكان ی میسر ، فینیقییەكان ی لوبنان و ئەردەن و ...تاد .
 ئەوانە دووای داگیركران ی نیشتمانیان ، هێدیهێدی زمانیان كەوتە بەر كاریگەری ی زمان ی داگیركەر و سەپاندنی ، بە هەمان شێوەش كەلتوور ی ڕەسەنیان بەرەو نادیدەكردن و دژایەتیكرن كرایەوە . ئاكام ی ئەوەش لەدەستدان ی ناسنامە ی نەتەوەییانی لێكەوەتەوە .
 ئەوان خۆیان خاك و نیشتمان ی خۆیانیان نەفرۆشتبوو ، بەڵكو داگیركرابوون . 
     ئەوەی ئێستا لە باشوور ی كوردستاندا دەگوزەرێ ، بەتایبەت لە دووای لەناچوون ی ڕژێم ی بەعسەوە ، لە لایەن ی  عەرەواندنەوە ، زۆر جیاوازە ، بەتایبەت لە سنوور ی ئەو بەشە ی باشوور ، كە لە بن دەسەڵات ی هەرێمدا ماوە ،  جیاوازە  لە ئەوەی كە بەعس دەیكرد . ئەو كات كورد ، دەیانگوت : كوردم و مەرم فیداتم ، تا دەوام ی بێنەفەس ، هەر كەسێ خاوەن شەرەف بێ ، خاك ی خۆی نادا  بەكەس ...
 كەچی ئێستا هاوكێشەكە هەڵگێڕراوەتەوە و بە ناو ی وەبەرهێنانەوە ، دەیان ، ئەگەر سەدان نەبن  ، كۆمپانیای بیناسازی ، كە زۆربەیان ژێربەژێر  پارە ی حیزبەكانیان خراوەتە ڕاژەوە و بە هەزاران شوققە و ڤێللا و خانوو دروستدەكەن و سەدان كەناڵ ی میدیایی ، لە تەلەفزیۆنە ئاسمانی و ناوچەییەكانیان و ڕادیۆ و بڵاوكراوەكان ی تریان ، كێبەركێ ی بڵاوكردنەوەی بانگەشەكانیان دەكەن ، تاوەكو  زۆرترین كڕیار پەلكێشبكەن . لە زۆر باریشدا  بانگەشەكانیان بە زمان ی عارەوییە ، چونكە چاك دەزانن ، زۆرینە ی كڕیارەكانیان عارەون  . هەر بۆیە وەك دەڵێن لە شارۆچكەیەك ی  وەك شەقڵاوە ، پڕۆژەیەك ، كە لە پێنجسەد خانوو پێكهاتووە ، تەنیا یەك كورد خانوویەكی كڕیوە . واتە 499 ی خانووەكان ، برای عارەو  كڕیونی . ئەم كارە چەند ساڵێكە بە ڕێژەیەك ی بەرفراوان بەڕێوە دەچێ . تەنانەت یەكێك لە ئەو بەناو وەبەرهێنەرانە ، بە ئاشكرا ، دەڵێت : ئێمە شوققە و ڤێللا بۆ عارەو  دروستدەكەین ، خۆ ئەگەر عارەو لێمان نەكڕن ، ئەوا ماڵمان كاولدەبێ !. لە بەرامبەردا  كەسانێك ی عارەو هەن ، كە دەڵێن: خوا یاربێت ، ئێمە چەند ساڵێك ی دی ، گۆڕرانێك ی دیمۆگرافی ی وا دەكەین ، كە (شیمالی حەبیب ) دەعەرەوێنین . كەسێك ی تر ی ناسراو ، كە ئەویش لە برایان ی عارەوە ، بە ناو ی (غەیس ئەلتمیمی) ، دەڵێت : ئێمە سوپاس ی سەركردەكان ی هەرێم دەكەین ، چونكە ئێستا بەخۆشی ی خۆیان عەرەواندن  دەكەن ، لە كاتێكدا كە حكومەتەكان ی پشوو ، هەر لە پاشایەتی ی فەیسەڵەوە ، تا بە كۆمار ی و بەعس و سەددام دەگات ، دەیانویست  بە زۆر عەرەواندن  بكەن ، بەڵام سەركەتوو  نەبوون ، كەچی وا ئێستا دەسەڵات ی كورد ، بە بێ ئەوەی زۆری  لێبكرێت ، خۆی كاری عەرەواندنەكە  دەكات !.
 بێگومان ئێمە ی كورد ، نابێ ئیدی گلەیی لە عارەو بكەین ، چونكە كورد خۆی عەرەواندنەكە دەكات . زۆر جاریش دەمڕاستان ی گورد ، دەڵێن : هەلومەرج ی خەڵك ی هەرێم زۆر باشە و ئێمە چەندان هەزار ملیۆنێر و دەیان ملیاردێرمان لە هەرێمدا هەن ! .ئیدی وەك ئەوەی كەس نەزانێت ، كە ئەو ملیۆنێر و ملیاردێرانە چۆن لە ژێر باڵ ی حیزبانەوە هەڵتۆقێنراون ! سەرمایەكانیشیان لە چەپوگووپ ی بەرپرسانەوە سەرچاوەیان گرتووە !.
 لە لایەك ی تریشەوە ، ئەگەر لە لایەن ی كەلتوورەوە ، بە تایبەت كۆمەڵایەتی ، لە نێوان كورد و عارەودا ، بەراورێك بكەین ، ئەوا  بە ئاشكرا و بێ پەردە ،  ئەوە دەبینین ، كە جیاوازی ی زۆرمان لە نێواندا هەیە ، لەوەدا كە پیاو ی عارەو  سێ بۆ چوار ژن دەهێنێ و  ژنەكانیش كێبەركێ ی منداڵخستنەوە دەكەن ، كوردەكەش  لە بەر خراپی ی بار ی ئابووری، كەمترین كەس  دەتوانن هاوسەرگیری بكەن . جا ئەگەر هاوسەرگیرییش بكەن ، ئەوا لە منداڵێك یان دووان  پتر ناخەنەوە . دییارە ئەوەش بەشێكی پێوەندی  ی بە ئابوورییەوە هەیە و بەشێكیشی بە جیاوازی ی كەلتووریمانەوە ، لە پەروەردەكردن ی منداڵدا هەیە . لای ئەوان ، زۆریان ، بەتایبەت خێڵەكییەكانیان ، لایان ئاساییە ، كە لە پێنجشەشساڵییەوە منداڵیان  بخەنە سەر شەقامەكان و شتومەك ی ساكاریان پێبفرۆشن ، ئەوە لای كورد ، لە كەمترین ئاستدا نەبێ  لەئارادا نییە . ئەمە وادەكات ، كە خێزانێك ی ئەوان ، ئەگەر شەش كەسبن ، لە دووای دوو دەیە ، دەبنە سی بۆ چل كەس . بەوەش لە ماوەیەك ی دیاریكراودا ، ئەگەر ئێستا بەڕێژەی لەسەدا بیست هاتبن و شوققە و خانوویان كڕیبێت ، ئەوا دوو دەیەی تر ، دەبنە زۆرینە . ئەودەم كار بۆ توندكردن ی پێگەیان دەكەن و داوا ی دیموكراتییەت و هەبوون ی نوێنەر لە شار و ناوچەكانمان دەكەن . جا ئەگەر ڕێیان پێنەدرێت ، ئەوا یەكهەم  دەوڵەت ، كە دژ بە كورد ، پێش دەوڵەتان ی عارەو  دێتەدەنگ ، بەریتانیا دەبێت و جیهان لە كورد دەهەژێنێ و بە پێشێلكەر ی ماف ی مرۆڤمان دەداتەقەڵەم . خۆ ئەگەر  ئەو كارەیان بۆ دەستەبەر بوو ، ئیدی دەبنە زۆرینە و  كەلتوور و زمانمان بەرەو پاشەكشە دەبرێت ، بەتایبەت كە كەسانێك ی سەر بە حیزبان ی ئیسلامی ی خۆیشمان ، لەناخەوە پیرۆزی لە وشە و  ناو و زاراوەی عارەویدا و لە باڵاپۆشی و ...تاددا ، دەبینن ، هەروەك چۆن (سەلامون عەلەیكوم) بە باشتر لە سڵاو و ڕۆژباش و بەیانیباش دەزانن و پیرۆز ی لە زمانی عارەویدا دەبینن و دژایەتی ی كەسانێك دەكەن ، گەر بڵێن خاك ی كوردستان پیرۆزە ! . ئەمانە هەموو پێكەوە عەرەواندنەكە خێراتر دەكەن ....
 ئێستا دەستگێڕەكان لە شەقامەكان ی شاردا ، چەندێك بە كوردی بانگەشە بۆ كاڵاكانیان دەكەن ، هێدەش بە عارەوی دەقیڕێنن ! ئێ خۆ ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی ، كە بەرەكەتدا !  ڕێژە ی خەڵكە ناكوردەكە  هێندە زۆربووە ، كە وابكات بە ئەو زمانە كڕیاریان ئاگاداربكەنەوە . ئەوە لە كاتێكدا كە ئێمە تا ئێستاش خەو بە ئەوەوە دەبینین ، كە ڕۆژێك بێت ماددەی 140 پیادەبكرێت ، وەك ئەوەی كە دەمڕاستان ی حیزبان ی دەسەڵاتمان ، ناوبەناو  لەژێر  لێوەوە شەرمنانە دەیهێننە سەر زمان ، كەچی وا خەریكن سێ پارێزگاكە ی هەرێمیش بە مەرەی ناوچە دابڕێنراوەكان دەبەن . لە هەموو  ئەمانەش سەرنجڕاكێشتر ، ئەوەیە ، كە لەم ڕۆژانەدا لە هەواڵ ی تەلەفزیۆنێك ی حیزبانماندا ، بیستم ، كە ئەو پێنجشەش هەزار  مامۆستایە ی خوێندن ی كوردی ، كە كورد ی كەركووكن  و لە شارەكەدا ماونەتەوە ، میری ی هەرێم ، بە نیازە لە هەولێر زەوییان بەسەردا  دابەشبكات ! . من دەپرسم ئایا دەتوانن زەوییەكانیان بدەن بەكۆڵیاندا و بیانبەنەوە شاری خۆیان ، یاخود ئەمەش هاندانیانە بۆ  جێهێشتن ی شارەكە بۆ  برایانی عارەو ... جا ئەگەر هەموو ئەوانە، كە لەلایەن دەسەڵات ی خۆماڵیمانەوە دەگوزەرێ ، عەرەواندن ی كوردستان نەبێ ، ئەوا خوێنەران ی ئازیزم  ، تكایە ئێوە پێناسەیەك ی عارەواندن و  نیشتمانفرۆشیم بۆ بكەن ، نەك ئەمە خەبات و كوردایەتی بێت و  ئێمەمانەند تێینەگەین...
 لە كۆتاییدا دەڵێم : پەروەردگار نەتەوەو نیشتمانمان بپارێزێ و تانە ی دۆلاریش لەسەر چاو ی سەرزلان !  لابەرێت ! تاوەكو بە باشی ببینن و  بەهۆشبێنەوە و  شەرمەندەیی و ڕسوایی ی مێژوو  بە باڵایان نە بڕرێت ...

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×