جەنەراڵ راوێژكاری جۆلانییە!

عەفان ئەحمەد
  2026-08-27     52

ووردە بۆڵە بۆڵێك بۆ ڕۆژگارێكی نەفرەتی و پیس

بەڕوخسەتی چاودێرانی سیاسی، بیرمەندان و نوسەران

سێرکێکی سیاسی وەها لە ئارادایە، گەر ماکیاڤیلی خۆشی لە ژیاندا بمایە، دەبوو ببێتە ڕاوێزکار و بڕوانامەی دکتۆرا لەسەر دەستی کارەکتەرەکانی ئەم قۆناغە وەربگرێت!

موعجیزەی گەورەی سەدەی بیست و یەک چییە؟

ئەوەیە زەلامێک تا دوێنێ بەیانی ئەمیر و سەرکردەی یەکەمی «بەرەی نوسرە» و «دەستەی تەحریری شام» بووبێت، لە ئەشکەوتەکانەوە فەتوای جیهادی دابێت و دەستی بە خوێنی هەزاران کەس سوور بێت، شەو جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست و بەیانییەکەی بە قاتێکی ئەوروپی و بەناوی «ئەحمەد شەرع»ەوە بێتە سەر شاشەکان و بە جیهان بڵێت: مژدە بێت... من سەرۆکی کۆماری دیموکراتی و فرەیی سوریام!. و ئێستاش جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی راوێژكارم دەبێت!

ئەمە یەکێکە لە گەورەترین عەمەلیاتی جوانکاری (Plastic Surgery) لە مێژووی سیاسەتدا! خەڵکیان وا گێل کردووە، وەک ئەوەی بە گۆڕینی ناوێک و لەبەرکردنی چاکێتێک، ئایدیۆلۆژیای جیهادی و ڕابردووی نوسرە پاک ببێتەوە. بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە: جۆلانی هەر جۆلانییە، تەنانەت ئەگەر عەتری پاریسیش لە خۆی بپڕژێنێت، هەر ئەو عەقڵیەتەیە کە مافی ژیانی بۆ هیچ جیاوازییەک نەهێشتووەتەوە.

بەڵام ئازاربەخشترین و پێکەنیناویترین چڕنوقی سیاسی لەحیکایەتەکەدا ئەوەیە کە:

جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی؛ ئەو فەرماندەیەی تەواوی میدیای جیهانی وەک قەڵغانی سەرەکی دژەتیرۆر، پارێزەری مافی ژنان و ڕەمزی ڕۆژئاوا دەیانناساند؛ تا دوێنێ بە جلوبەرگی سەربازییەوە خەونی «کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی» و ئازادیی گەلانی دەنوسیەوە، کەچی ڕێککەوتنی ڕۆژگار وا بەسەریدا شکایەوە کە ئەمڕۆ بڕوات لە دیمەشق - شام کورسییەک لە تەنیشت تەختی شێخدا بگرێت و ببێتە ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرع!

ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە شێرێک دوای ساڵانێک شەڕکردن لەگەڵ ڕێوییەکاندا، لەناکاو بڕیار بدات ببێتە راوێژکاری ڕێویەکە بۆ چۆنیەتی بەرێوەبردنی دارستانەکە! لێرەدا مرۆڤ نازانێت لەسەر ئەم عەقڵیەتە بگریێت یان بە دەنگی بەرز پێبکەنێت.

ئەمە تەنیا شکستێکی سەربازیی یان جێهێشتنی هاوپەیمانەکان نییە؛ ئەمە داڕمانێکی فیکری، ئەخلاقی و سیاسییە. ئەمە گێلکردن و سووکایەتیکردنە بە خوێنی هەزاران گەنج کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی جیهادییەکانەوە تەفروتونابوون، کەچی ئێستا ڕابەرەکەیان ڕاوێژ بە هەمان ئەو عەقڵیەتە دەدات کە هاوڕێکانیانی کوشتووە!

لە کۆتاییدا دەرکەوت ئەو هەموو دروشمە قەبەیەی «ئازادی» و «نەتەوەی دیموکراتی»، تەنیا پردێکبوون بۆ ئەوەی تا دوا وێستگە بڕوات و لە کۆتاییدا جەنەراڵ بێتەوە سەرەتای هێڵەکە؛ ببێتە ڕاوێژکاری سەرۆکێک کە تا دوێنێ ناوی لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدابوو.

ئازارە ڕاستەقینەکە لەوەدا نییە کە جۆلانی بووەتە سەرۆک؛ ئازارە جەرگبڕەکە لەوەدایە کە ئێمەی کورد ئەوەندە ساویلکە بووین، ڕێگەمان دا «جۆلانی» بە ناوی «شەرع»ەوە خەونەکانمان بکاتە خۆڵەمێش و سەرکردەکەشمان بە ناوی «پڕاگماتیزمی سیاسی»ەوە ببێتە راوێژکاری دەسەڵاتەکەی.

ئەمە کڵۆڵییەکی وەهایە، ناوت لێناوە پێکەنین، بەڵام بێگومان تامی ژەهر دەدات!

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×