ئامادەنەبوونی دیالۆگ لەناوەندی ڕۆشنبیری بە گشتی و میدیایی بە تایبەتی، دەرگا بۆ تێگەیشتن واڵا دەكات، ئەگەر نەیكەین دەبێت تەسلیمی كۆمێنتی رقاوی و سەرپێیی بەشداربووانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بین كە ژمارەیان كەم نییە، بۆیە وەك رێزێك لە نوسینی برای بەڕێزم رۆژنامەنووس كاك ئاسۆس هەردی، دەمەوێ پەنجەرەیەك واڵا بكەم بۆ گفتوگۆی هاوڕێیانە.
ڕۆژنامەنووسی خاوەن ئەزموون، ئاسۆس هەردی، لە دوا نووسینیدا، كە لەپەڕەی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە و هەندێك لە میدیاكانیش بڵاویانكردۆتەوە، جەخت لەسەر پرەنسپێك دەكاتەوە كە یەكێكە لە بنەماكانی موراڵی ڕۆژنامەگەری، ئەویش بەرگریكردن لە ئازادیی خاوەن یەك پیشە، جیا لە ئایدۆلۆژیا و ڕكابەری.
خوێندنەوەكەی بەڕێزیان بۆ مامەڵەی ژیرانەی كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمریكییە كە داكۆكی لە سی ئێن ئێنی ركابەری دەكات، بەرامبەر بڕیارەكەی ترەمپ، كاك ئاسۆس تێڕوانینێكی ڕوون پێشكەش دەكات، بەڵام پەردە لەسەر برینێك لادەدات كە لە پانتایی میدیایی ئێمەدا كەلێنێكی قوڵی دروستكردووە.
داكۆكیكردن لە پرەنسیپی ئازادی لە هێنانەوەی نمونەی میدیای ئەمریكی دەست پێناكات، بەڵكو لە تاقیكردنەوە سەختەكانی ناوخۆ وە شكۆ و بەها وەردەگرێت.
كاتێك كەناڵێكی ئاسمانی وەكو زووم لە شاری ڕۆشنبیری هێرشدەكرێتە سەری و ساڵێك زیاترە داخراوە، چاو بۆ نووسین و گوێ بۆ قسەكانی ناوێكی سەنگینی وەك كاك ئاسۆس هەردی هەڵدەخەین، بەڵام كە هیچ نابینین یان نەمانبینی، ئیستی پێكردین.
بۆ بێدەنگییەكەی هیچمان نەوت، رێز و بەهاكەی لای ئێمە وایكرد بوەستین، بەڵام كە بینیمان لە ئاست ڕێگری سەر كەناڵێكی ئەمریكی قسەی هەیە، ئێمەش دەپرسین حەق بە زوومە یان سی ئێن ئێن كە باسی بكەیت؟ وەڵام هەردوو كەناڵەكە. هەر ئەو برینی بێهەڵوێستییەی باسیكردوە ئایا نەدەبوو 22ی ئاب بۆ زووم هەیبوایە؟
رەنگە كێشەی سەرەكی میدیای كوردستان تەنها هەڵتۆقینی كەناڵی حزبی و سێبەر نەبێت، بەڵكو خامۆشبوونی دەنگی ئەو ناوە دیارانەیە كە چاوەڕوانی ڕۆڵی پێشەوایەتییان لێدەكرێت لە كاتە سەخت و مەترسیدارەكاندا.
كاك ئاسۆس هەردی جگە لەوەی خۆی قوربانییە هاوكات یەكێكە لە داینەمۆكانی دروستبوونی ژینگەی ئازاد لەم شارەدا، ڕێك لەبەر ئەوەیشە بێدەنگبوونی بەرامبەر داخستنی زووم برینەكە قووڵتر دەكاتەوە.
ئەگەر خاوەن ئەزموونەكان پشتیوان و هاوهەڵوێست نەبن، چی دیكە ناتوانرێت گلەیی لە نەمانی پرەنسیپ بكرێت، چونكە ئازادی پێویستی بە قوربانیدان و هەڵوێستی مەیدانییە، نەك تەنها تێبینی دوورەدەست.
لە كۆتاییدا، كاتێك داوای یەكگرتوویی لە میدیای كوردی دەكەین، دەبێت سەرەتا لە خاوەن قەڵەم و داینەمۆ سەربەخۆكانەوە دەست پێبكەین.
پشتیوانی لە ئازادی سی ئێن ئێن لە واشنتن پێویستی بە هەمان پەرۆشی و ئازایەتییە بۆ بەرگریكردن لە زووم لە سلێمانی، بۆیە حەزمكرد ئەم سەرنجەم لەگەڵ كاك ئاسۆس و ئێوەدا بەشبكەم.
لە ڕاستیدا هەست بە ناخۆشی دەكەم، نەدەبوو ئێوە بە تەنیا بەجێمانبهێڵن، لەگەڵ رێزم بۆ دەیان دەنگی ئازاد كە هەستكردن بە تاڵییان لە دەرونمان كەمكردوەتەوە.