پرۆسەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو دابەشبوونەوەی بەفۆڕمێکی نوێ بەسەر ھەردوو دەڤەری یەک و دوودا، زادەی تێگەیشتنێکی قووڵ و بابەتیە بۆ ئەو ئەگەرانەی لەپێشن وەک مەترسی و ئاڵنگاریی دژی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت قسەکردن لەسەر ھەمواری دەستوریی و دەسەڵاتەکانی قەوارەی ھەرێم.
پێشخستنی ئەم پرۆسەیەو بازدانی بەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێ و کابینە وەزاریەکاندا، دەرخەری ئەوەیە ھەڕەشەی جددی و مەترسی لەئارادایە بەرامبەر قەوارەی فیدڕاڵی ھەرێم، ئەوە زانراوە میلیشیاو ھێزی ئایدۆلۆژی پەرت و عەقائیدی و مەزھەبی و ئیتنی و حیزبی بەرەو کۆتایی لاوازیی دەڕوات، ھەرێمی کوردستان دوای کۆتایی ھەسەدەو دۆخی ئاوارتەی باکور، یان دەبێ خۆی ڕێک بخاتەوە یان دەبێ چاوەڕوانی گورزی کوشندەبێت.
ناسنامەی دەستوری مەدەنی گرنگترین ھەنگاوە بۆ گەردنی پێشمەرگە لەبری ناسنامەی حیزبی و ئایدۆلۆژی و ئاینی، کورد لە دۆخی حوسیەکان و ھیچ بزوتنەوەیەکی نافەرمی چەکدارو میلیشیاییدا نیە.
ئەم دیدگایە بۆ یەکگرتنەوە - ئەنتیگراسیۆنی پێشمەرگە لەباشوور، دیدێکە تەواو ڕادیکاڵانەو ناسیۆنالیزمانەیەو ھەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەییش دەباتە پێش، تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سامناکەیە، کەئیرادەیەک دەیویست دوو ئیدارەیی بکاتە ئەمری واقیع و ئامڕازی دەستی خۆی بۆ لێدانی ڕاستەوخۆ لە قەوارەی ھەرێم.
ئەمەریکا تا ساڵی ٢٠٢٦ یاداشتنامەی لێکتێگەشتنی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە ھەبوو بۆ ڕاھێنان و ناردنی ھاوکاری ماددی و لۆجیستی پێشمەرگە، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٦. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ و نوێ کرایەوە تا ساڵی ٢٠٢٦، بۆیە ھەر ئەم مەتبەخە ئەمریکیە نایەوێ پێشمەرگە ئاوا جێبھێڵێت، ویستی وابوو ئەم ئەنتیگراسیۆنە بەتۆپزیی ڕووبدات پێش ئەوەی دەستێوەردانی ھەرێمایەتی بێتەئاراو پێشمەرگە دابەشبێت لە سوپاوە بۆ میلیشیا، بەڵام گرنگە یەکگرتنەکە مۆدێلێکی تەواو فۆڕماتیک و زانستی و جەوھەری بێت و پێشمەرگە پاک بکاتەوە لەو دیدە ئایدۆلۆژیە بەرتەسک و لۆکەڵیەو وەک سوپای نیزامی بناسرێ تاوەکو نەکەوێتە بەردەم ھەڵمەتەکانی ھەڵوەشاندنەوەو ھەڕەشەکانی ھەمواری دەستووریی و تانەکانی دادگای فیدڕاڵی وەک چۆن ئێستا ئەم ھەوڵانە لەپرۆسێسدایە لەکابینەکەی عەلی زەیدی، دژی فەسائیل و گروپ و میلیشیا شیعەکانی عێراق و نابێ چەک بمێنێ لەدەستی گروپی نانیزامی و نادەوڵەتیدا.
کورد لە تورکیا - باکور ئەنتیگراسیۆنی دیموکراسی بەتەرحی ئۆجەلان - باخچەلی بۆ چارەسەری دۆزی کورد خستۆتە واڕی جێبەجێکردن و ڕای گشتی، تەنانەت وەک پڕۆژەیاسا دەنگی لەسەردرا لەپەڕلەمانی تورکیاو پەکەکەیان ھەڵوەشاندەوە وەک ڕێکخراوێکی چەکداریی لە ١٢-٥-٢٠٢٥ ئەوەش دەرەنجامی کۆنگرەی کەجەکە بوو، دواتر بە چەند قۆناغێک گەریلاکان لە ناوچە ھەستیارەکانی زاب و ھەفتانین و گارا کشانەوەو دیداری ئاپۆ و سەرکردایەتی پەکەکە بەسترا لە ئیمرالی لە شوباتی ٢٠٢٦، گەیشتە ئەو دۆخەی لەپەڕلەمانی تورکیا لەدوای ١٢ کاتژمێر گفتوگۆ دەربارەی یاسای چوارچێوە دەرچوو، بەکۆی ٤٦٠ دەنگ یاساکە پەسەندکرا بەدڵی تورکیا بۆ ئاشتی تەنھا ٨٨ دەنگی دژی لەسەرھات.
گۆڕانێک ھەیە دەبێ کورد ھۆشیاربێ و بەئاگابێ تیایدا یان چەکی نیزامی و دەوڵەتیانەت پێ بێ یان دەبێ بێچەک بژیت لەناو کۆمەڵگەی دیموکراسی و خەباتی ناتوندوتیژیدا ئەوەی ئۆجەلان بەسەدەی کۆمارو سۆسیۆلۆژیای مۆدێرنێتەی دیموکراسی ناوی دەبات. لەگەڵ ئەوەی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەی دیموکراتی، ھێشتا زەماناتی ناوخۆیی و دەستەبەریی ئازادیەکان و دیموکراسیەتی ڕەھای نیەو مافی ھیوا وەک تورکەکان دەڵێن Umut Hakki فەراھەم نیەو دۆزی کورد لەبەردەم ھەڕەشەدایە.
ئیدی کورد لە باکور و ڕۆژاڤاو ڕۆژھەڵات بەو دۆخەدا دەڕوات، نازانرێ باشە یان خراپ، ئەزمونێکی نوێیە، لەباشور کورد دەبێت ھێزو نیزامێکی سەربازیی نیمچە یەکگرتووی ھەبێ و چاو نەبڕێتە نەعلی حوسیەکان و ئەو نەشئەی سەرکەوتنە کاتیەو لەو فەوزەویەتە بێتەدەرەوە کەخەریک بوو بەرەو بلۆکی مافیایی دەچوو، نابێ چەک لەدەستی حیزب و گروپەکانی پەتڕۆڵدا بێ بۆ بەرژەوەندی حیزبی، ڕەنگە پرۆسەی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەو ئەم ئەنتیگراسیۆنەی ڕۆژی ٢١-٩-٢٠٢٨ قوڵاییەکی ئەمریکی ھەبێ گەرچی ئیرادەی کورد خۆیەتی بۆ دۆخە پێشبینیکراوە لەناکاوەکان، تا دوور بخرێتەوە لە ھەر دەستێوەردانێکی دەرەکی، دەیانەوێ پێشمەرگە لەو سیاقە مێژوویی و شۆڕشگێڕیەدا حسابی بۆبکرێ و لەچنگی بەرژەوەندی ناوچەیی و حیزبی و تاکڕەوی ڕزگاری بێت ئەگەرنا تێپەڕاندنی ئەو دۆخە بۆ کورد سەخت دەبێ ھەم لەگەڵ مۆدێلە تازەکەی بەغدادو ھەم لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی ئەنکەرەو تاران و دیمەشق.
مێژووی ئەم بزوتنەوە چەکداریانەش بەھۆی ئەوەی دەوڵەتیان نەبوە ھەمیشە چارەنوسەکەی وابوە، لەبزوتنەوەی حەماسەوە تا بزوتنەوەی ئاپۆیزم و ھەسەدەو حوسی و حیزبوڵا، لە سوپای رزگاری کۆسۆڤۆ کە لە ساڵی ١٩٩٩ لەسەر خواستی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی ھەڵوەشاندەوە، تا سوپای رزگاریخوازی ئیرلاندا کە بۆ یەکگرتنەوەی خاکی ئیرلەندا دژی بریتانیا خەباتیان کردو دەجەنگان کەلە ٢٠٠٥ خۆی ھەڵوەشاندەوەو نەمان، بزوتنەوەی پڵینگەکانی تامیل لە وڵاتی سریلانکا لەساڵی ٢٠٠٩ دوای دەیان ھەزاران قوربانی و خوێنڕشتن تراژیدیانە کۆتاییان ھات، سوپایەکی بەھێزی چەپگەرای مارکسی شۆڕشگێڕی کۆڵۆمبی بەناوی فاڕک وەک رێکخراوێکی لەساڵی ٢٠١٦ رێککەوتنی ئاشتیان واژۆ کردو بەتەواوی چەکیان دانا و وەک حیزبێکی سیاسی مەدەنی خۆی ناساند
«بۆیە پێشمەرگەو چەکی پێشمەرگە بەیاسایی بکەن و دەستەبەری مافەکانیان بۆبکەن و لەدەستی حیزب دەری بھێنن و شۆی ئیعلامییان پێ مەکەن لەستۆدیۆکان بۆ لایک و ڤیوی بێماناو لەبری ئەوە دەستوریزەی ماف و ئازادی و داھاتوویان بۆ بکەن لەچوارچێوەی دەوڵەتدا».