هەرێمی کوردستان لەلێواری داڕماندا

توانا ئەحمەد خەیات
  2020-06-12     1320
کوردستان  ئەو هەرێمەی کە دەسەڵاتدارەکانی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد  کە دەبێت عێراق لە ئەزمونی حکومڕانیدا چاویان لێ بکات و سود لە ئەزمونە سەرکەوتووەکەیان ببینێت،  لە ئێستدا گیرۆدەی چەندین کێشەو قەیرانە و داوای هاوکاری  لە عێڕاق دەکات . 
ئەزمونی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان بە درێژایی 29 ساڵ  لە چیدا سەرکەوتوو بووە ؟ 
دەستکەوتەکانی ئەزمونی حکومڕانی کوردی  چی بون وا دەسەڵاتدارەکان  شانازی پێوە دەکەن ؟
لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و  ڕزگار کردنی شارەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستی حکومەتی  بەعس  ، خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ئومێدێکی زۆرەوە   بەرو پیری  دامەزراندنی  حوکمی خۆبەخۆیی کوردی و دەسەڵاتی کوردی  چون و  هیوایەکی زۆریان بە  بەڵێنی   سەرکردەکان هەبوو کە بەردەوام بانگەشەی دامەزراندنی  دەسەڵاتێکی دیموکرات و  ئایندەیەکی خۆشگوزەرانیان بۆ میللەت دەکرد ..
بەڵام سەرئەنجام دوای 29 ساڵ  چی ڕویدا ، بارودۆخی  ئەم هەرێمە لە ئێستادا  چۆنە ؟ ئایا ئەزمونی  حکومڕانی  هەرێم سەرکەوتوو ترە یاخود  ئەزمونی حکومڕانی عێڕاق ؟ 
بێگومان  گەر وەڵامێکی کورت و خێرای ئەم پرسیارانە بدەینەوە  بە بێ باس کردنی هۆکار و کێشەکان دەتوانین بڵێن کە نە ئەزمونی حکومڕانی هەرێم سەرکەوتووە و نە ئەزمونی عێڕاقیش سەرکەوتووە .
،،کێشەی سەرەکی  حکومڕانی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا  ، کێشەی  دروست نەکردنی پایەکانی حکومەت بووە  بە درێژایی 29 ساڵ ،، 
بەردەوام   دەسەڵا‌تدارانی هەرێم  کە بەڕیوەبردنی ئەم هەرێمەیان بە دەستەوە بووە ، سەرقاڵی ناکۆکی سیاسی و ناکۆکی کەسی  و ناکۆکی خێزانی  بوون  ، بە هۆی ئەو ناکۆکیانەوە  هەمیشە  دەسەڵاددارانی ئەم هەرێمە هەوڵی  بەهێز کردنی  دەستەو تاقمی چوار دەوری خۆیان داوە لە جیاتی هەوڵی بەهێز کردنی  پایەکانی  حکومی نیشتیمانی  لە هەرێمدا . 

بەدرێژایی ئەم چەند ساڵە  لە جیاتی دروستکردن و بەهێزکردنی   بنەماکانی دەسەڵاتی حکومڕانی گشتی و پتەو کردنی پایەکانی دەوڵەتداری ئەوەی  کە دروست بووە  بریتیی بووە لە : 
بەهێز بونی حزب لە کوردستاندا لە ڕووی سەربازی، ئابوری، لە ناو حزبەکانیشدا  ئەوەی بەهێز بووە  کەسەکان و بنەماڵەکانن لە ڕووی سەربازی و لەڕوی ئابورییەوە. 
بە درێژایی ئەو  ئەزمونە لە کوردستاندا   هەر حزبێک  هێزی خۆی هەبووە ، هەر حزبێک  دارایی و کۆمپانیای زەبالاحی خۆی هەبووە ، هەر حزبێک  زانکۆی خۆی  هەبووە ، هەر  حزبێک   گومرگ ی خۆی هەبووە ، هەر حزبێک  فرۆکەخانەی خۆی هەبووە  ، هەر حزبێک  خاوەنی  پەیوەندی  جیا بووە لەگەڵ  ووڵاتان ... 

لە کوردستاندا  هەموو ئەو دەزگایانەی کە پێویستە هی حکومەت بن بونەتە موڵکی حزب  ، لەوەش کارەسات تر  لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا  هەموو ئەو دەزگایانەی کە موڵکی حزب بون بونەتە موڵکی شەخسی کەسەکان و بەمەش  ململانێ و ناکۆکییەکان بەرەو زیاتر و زیاتر دەچن . 

لە بەرامبەریشدا  ئەو دامەزراوەیەی کە پێێ دەوترێ حکومەتی هەرێمی کوردستان  لەگەڵ هەموو  دەزگاکانی تری وەک : پەرلەمان ، دامەزراوەی دادوەری ، پەیوەندییەکان ، میدیا ... کە  پێویست بوو بەهێز بکرێن  تەنها و تەنها   وەک دامەزراوەی کارتۆنی بونیان هەیەو بۆتە  جێگای وەرگرتنی  ئیمتیاز و موچەی ساڵانەی قەبە ،کە نە توانای گۆڕانکاری  ونە  توانای ئیدارەدانی  هیچ قەیرانێکی  هەیە .

ئەوەتا  لە ئێستادا حکومەتی هەرێم توانای جێبەجێکردنی  سەرتاییترین  کاری حوکمداری نییە کە دابین کردنی موچەی فەرمانبەرەکانێتی، چونکە  قاسەکانی  حکومەت  بەتاڵەو بەدرێژای چەندین ساڵ  سەروەت و سامانی ئەم هەرێمە لەجیاتی ئەوەی بچێتە گەنجینەکانی حکومەتەوە چۆتە ناو قاسەو گەنجینە حزبی و کەسییەکان و لە ئێستاشدا کەس ئامادە نییە ئەو  سەروەت و سامانە تەسلیم بە حکومەت بکاتەوە  چونکە بونەتە موڵکی كەسی ..... 
  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×