بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە کوێیە؟

توانا ئەحمەد خەیات
  2020-11-15     1125
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی  سەدام  لە ساڵی 2003 و دواتر پێکهێنانی  ئەنجومەنی حکوم لە بەغدا ی پایتەختی عێڕاق بەسەرپەرشتی ئەمریکییەکان و  بە بەشداری کارای حیزبە کوردییەکان و سەرکردەکانیان  بە تایبەتی یەکێتی نیشتمانی  کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ، ئیدارەی هەرێمی کوردستان  وەک هەرێمێک  لە دەوڵەتی فیدڕاڵی عێڕاقدا  دانیپێدانرا  ئەو هەرێمەش تەنها پارێزگاکانی ( سلێمانی – هەولێر – دهۆک )ی دەگرتەوە .
 بۆ ئەم هەرێمە ش بە پێی ڕێکەوتنی حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێم  بە شەبودجەی هەرێم بە ڕێژەی  ٪17  جێگیر کراو ، ساڵانە ئەو بڕە بودجەیە  لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرا .
هەر لە دوای ڕوخانی ڕژێمەوە  هەر دوو ئیدارەی سلێمانی و ئیدارەی هەولێر  کەوتنە پێشبڕکێی  ئەنجامدانی گرێبەستی  دەرهێنانی نەوت  لە هەرێمی کوردستان ، دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە کە دوو ئیدارەی جیا بوون ، ئیدارەی سلێمانی لە لایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بەڕێوە دەبراو ، ئیدارەی هەولێریش  لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە  بەڕێوە دەبرا .
لە قۆناغی دوو ئیدارەیی هەولێر و سلێمانیدا چەندین گرێبەستی نەوتی  ئیمزا کران، لەو پرۆسەیەشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئیدارەی سلێمانی دەست پێشخەر بوو لە ئیمزاکردنی گرێبەستە نەوتییەکان :
یەکەم گرێبەستی نەوتی لەلایەن ئیدارەی سلێمانی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی تەقتەق لەگەڵ کۆمپانیای جەنەڵ ئینێرجی ئیمزا کرا .
دواتر لە ڕێککەوتی لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ دا ئیدارەی سلێمانی دوو گرێبەستی دیکەی نەوتی بۆ کارکردن لە بلۆکەکانی شاکەل و پوولخانە لەگەڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵ ئیمزا کرد.
لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٠٤دا، ئیدارەی هەولێر سێ گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ) بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی تاوکێو ئەربیل و دهۆک لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر ئیمزا کرد. ئەوەش یەکەمین بەشداریی ئیدارەی هەولێر بوو لە ئیمزاکردنی گرێبەستی نەوتی و بەڵکو خاوەندارێتی پارتی لە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا.
لە ٢٩ی ئازاری ٢٠٠٦ دا ئیدارەی هەولێرگرێبەستی بلۆکی نەوتی (بنەباوی) لە سنووری پارێزگای هەولێر،لەگەڵ کۆمپانیای ئەی تی پێترۆلیەم ئیمزا کر.

لە ٤ ی ئایاری ٢٠٠٦ دا ئیدارەی سلێمانی گرێبەستێکی دیکەی لەگەڵ کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس ئیمزا کرد بۆ کارکردن لە کێڵگەی نەوتی کوردەمیر .

بەم شێوەیە لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٢ تاکو ٢٠٠٦ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان - ئیدارەی هەولێر و یەکێتی نیشتمانی کوردستان – ئیدارەی سلێمانی  نزیکەی هەشت گرێبەستی نەوتی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بیانی ئیمزا کران.
لەو ساڵانەدا نەیاسای نەوت و گازی کوردستان دەرکرا بوو نە وەزارەتێکی تایبەت بە نەوت هەبوو، جگەلە هەردوو دەزگای پرۆژە تایبەتەکان لە ئیدارەی سلێمانی و دەستەی گشتی نەوت لە ئیدارەی هەولێر.
حکومەتی تورکیا لە سەرەتاکانی  ئەنجامدانی گرێبەستییە نەوتییەکانی ئیدارەی سلێمانی و ئیدارەی هەولێر  پشکی شێری بەرکەوت بە جۆرێک لە لەکۆی هەر هەشت گرێبەستەکەی نەوت کە لە ئیدارەی هەولێر و سلێمانی ئیمزا کرا بوون، پێنج کێڵگەی نەوتی بە کۆمپانیاکانی تورکیا دران، لەناویاندا جەنەڵ ئینێرجی، پێت ئۆیل و ئەی تی پێترۆلیەم، دوو کێڵگەی دیکەیش بە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی و کێڵگەیەکیش بە وێسترن زاگرۆسی کەنەدی درا.
دوای یەکگرتنەوەی  هەردوو ئیدارەکەی هەرێم ( سلێمانی – هەولێر)  و  داڕشتنی  یاسای نەوت و گازی  هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان ، ئیمزاکردنی گرێبەستییە نەوتییەکان بەردەوام بوو بەتایبەت لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان .  دیارترین گرێبەست کە تاکوو ئێستا ناوەڕۆکەکەی بە نادیاری ماوەتەوە و کەس نازانێ  بڕگەو خاڵەکانی لە چی پێکهاتووە  گرێبەستە پەنجا ساڵییەکەی نێوان هەرێم و تورکیایە .
مەبەست لەم گێڕانەوە خێرایەی گرێبەستییە نەوتییەکانی هەرێم  لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا ئەوەیە کە دوای چەندین ساڵ  ،لە ساڵی 2004 تاکو 2020     واتە بۆ ماوەی 16 ساڵە لەم هەرێمە  نەوت و بەرهەمەکانی ئەفرۆشرێت  ،سودمەنی سەرەکی لەم نەوت فرۆشتنە  ووڵآتی تورکیایە لەگەڵ کۆمپانیا  و کەسە دەست ڕۆیشتووەکانی  ئەم هەرێمە ، زەرەرمەندی سەرەکیش  هاوڵاتیان و دانیشتوانی ئەم هەرێمەیە.
لە لایەکی تریشەوە  بە هۆی ناشەفافی  لە فرۆشتن و  نەگەڕانەوەی داهاتی ئەم نەوتە بۆ خەزێنەی  حکومەتی هەرێم  ، حکومەتی هەرێم  لە ڕووی دارایی و ئابورییەوە   مایەپوچ بووە .
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەیداکردنی داهات و بودجە و موچەی فەرمانبەرەکانی  هەموو مانگێک وەفدی دانوستانکار دەنێرێت بۆ بەغدا  بو داواکردنی بەشە بودجە لە حکومەتی بەغدا  ، لە بەرامبەریشدا  حکومەتی بەغدا داوای  نەوت و داهاتە سنورییەکانی هەرێم دەکا . 
دوای چەندین خولی دانوستان حکومەتی هەرێم پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە لە پێدانی نەوت   بەبەغدا لە بەرامبەر وەرگرتنی بەشەبودجەکەی هەرێم هەروەک لە سەری ڕێکدەکەون.
حکومەتی هەرێم بۆچی ناتوانێ پابەندی بەڵێنەکانی بێ بە ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا ؟
چونکە پەپێی ئەو گرێبەستە ئیمزاکراوانە بێت  کە بۆ ماوەی 16 ساڵ زیاترە  حکومەتی هەرێم ( هەر دوو ئیدارەکەو  حکومەتە یەکگرتووەکەی هەرێمیش بە گرێبەستە 50 ساڵییەکەشەوە )  ئەنجامیان داوە  ، چیتر نەوتی هەرێمی کوردستان نە لە ژێر دەسەڵآتی هەرێم و نە لە ژێر دەسەڵاتی عێڕاق دایە ، بەڵکو  نەوتی هەرێم لە ژێر دەسەڵآتی  تورکیادایە .
کەواتە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە کوێیە؟
وەڵەمەکە : بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان چیتر لە بەغدا نییە و  بەشە بودجەکە لە لای ئەنقەرە ولە لای  دەسەڵاتدارە گەندەڵەکانی نەوتی هەرێمە، وا با ئاسانیش  ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×