نەوتی ڕەش‌‌و چارەنوسێکی ڕەش..!

کامەران عەزیز
  2021-01-26     477
نەوتی ڕەش:
لە سەرزەمین‌و قوڵایی ژێرزەمینی زۆربەی وڵاتاندا سامانێکی سروشتی بەرین‌و کانزاو بەردی ئاڵتونی‌و ماددەی شلی وەک غازو نەوتی ڕەش  کە بە (زێڕی رەش) ناوی دەهێنن، بونی هەیە.
ئەمانە هەموو داهاتێکی هاوبەش‌و گشتی مرۆڤەکانە، کە دەبێت ببێتە هۆی پێشکەوتنی پیشاسازی‌و بەرهەمی زیاترو ڕەفاهیەت‌و خۆشگوزەرانی‌و ژیانێکی باشترو ئاسودەو گەشەی کۆمەڵایەتی. 
لە کاتی هێرشی داگیرکارە ئەوروپیاکاندا بۆ سەر خاکی ئەمەریکا  ئیندیانەکان بە ئەوروپیەکانیان گوت: (زەوی خاوەنی نی‌یە، زەوی نە دەفرۆشرێ‌و نەدەکڕرێت...!!). بەڵام ئەم بیرۆکەیە نەیتوانی ئەو هێزە داگیرکارە مشەخۆرو بەربەریە بوەستێنێت.
لە مێژەوەوە لە سایەی مرۆڤە باڵادەستەکانەوە زەوی‌‌و هەموو سامانە سروشتیەکان، بە تایبەت  نەوتی ڕەش (زێڕی ڕەش)، هەم لە پێناوی داگیرکردن و هەم لە پێناوی پاراستنی، بوە مایەی ترس‌و نائارامی‌و وزەی ئاگری شەڕو جەنگێکی بەردەوام، لە نێو سیستەمێکی پاوانخوازو مشەخۆردا زەوی لە موڵکی گشتی‌یەوە گۆڕا بە موڵکی تایبەتی ئیمام‌و ڕابەرو شێخ‌و ئاغاو سوڵتان‌و پاشاو سەرکردەو سەرۆکەکان.
هەندێ لە وڵاتانی ئاسیاو ئەفەریقاو باشوری کوردستان وڵاتی نێو  مێژوی داگیرکارین، لەو کاتەوەی لە باشوری کوردستاندا هەندێ کانزاو کەرەسەی خاوو نەوتی ڕەش دۆزراوەتەوە، ئەم میللەتە بوەتە قوربانی ململانێ‌ی نێوان دەستەڵاتدارانی مشەخۆرو تاڵانچی، بوەتە قوربانی جەنگ‌و شەڕی بەردەوامی یەک لە دوای یەکی دەولەتانی داگیرکاری ناوچەکەو شەڕی ناوخۆی فیزیکی‌و سیاسی دەستەڵاتدارانی باشوری کوردستان، لە پێناوی داگیرکاری‌و زەوی زیاترو دەستکەوتی  سامانی سروشتی زیاتردا.
کاتێک نەوتی ڕەش لە شاری کەرکوکدا دۆزرایەوە، ئەم شارە  زیاتر لە دەرونی سەرکردە سیاسی و حیزبیەکاندا جێگای خۆی کردۆتەوە،  هێندە لایان شیرین‌و بە بەهایە، بەشێک لە سەرکردەکانی باشوری کوردستان نازناوی (دڵی کوردستان) و بەشێکی دی نازناوی (قودسی کوردستان)یان بۆ داتاشیوە. 
زۆر راستە بیرە نەوتەکانی کەرکوک‌و ژێر سایەی دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، بونەتە دڵی گەورەی بنەماڵە سیاسی‌یە باڵا دەستەکانی کوردستان، بە لێسەندنەوەو نەمانی ئەم بیرە نەوتانە، دڵی دەستەڵاتدارانی ئەم هەرێمە دەوەستێت، بۆیە هەمیشە شەڕ لە پێناویدا دەکەن، وە ڕێگاش  نادەن هیچ پرسیارو لێپێچنەوەیەک لە  چۆنیەتی کڕین‌و فرۆشتن‌و داهاتی شاراوەو ونبوی (نەوت) بکرێت..!
 لەگەڵ بەخشینی ئەم نازناوانەشدا خەڵکی  شاری کەرکوک هیچ  ڕێزو بەهایەکیان لە دیدی  دەستەڵاتدارانی کوردستاندا نەبوە، کاتێک بیرە نەوتەکانی ئەم شارە دەکەوێتە ژێر دەستەڵاتی خۆیان، ئامادە نیین  هیچ خزمەتگوزارەیەک بە هاوڵاتیان ببەخشن‌و ژیانیان ئاسودە بکەن، لە کاتێکیشدا بیرە نەوتەکانی ئەم شارە دەکەوێتە ژیر دەستەڵاتی ناوەندی عێراق، فرمێسکی درۆینەیان بۆ هەڵدەڕێژن و دەلێن خەڵکی ئەم شارە لە هەموو ماف و ئازادیەک بێبەشن..!

بەرەو چارەنوسێکی ڕەش:
قارەمانەکانی شاخ بە تەماعێکی ڕەش و بیرو دڵێكی ڕەقەوە لە شاخ بەرەو شار گەڕانەوە، لەیەکەم ساتی جێگربونی دەستەڵاتیاندا خەیاڵی ئازادی‌و مرۆڤدۆستیان کوشت..بیری مەدەنی‌و بەڕێوەبردنی شارستانیان لەبارد برد..عەقڵی گەندەڵی‌و مشەخۆری‌و بەرخۆریان لەم کۆمەڵگایەدا بەهێزکرد. 
ئەم ( شۆشگێڕانە)  خەمی گەورەیان گەیشتنیان بو بە بیری نەوتی ڕەش، بە دروستکردنی بازاڕێکی ڕەش‌و پێگەو پۆستی ڕەش، تا بتوانن دەستەڵاتێکی هەمیشەیی ڕەش، لە نێو فەزایەکی تاریک‌و زەولکاوێکی ڕەشدا، بۆ هەمیشە جێگیر بکەن..! 
ئەگەر نەوتی ڕەشی بەبەها  نەبوایە،  باوەڕ ناکەم (نیشتمان)یش لە دیدی ئەم دەستەڵاتدارە دڵ ڕەق‌و تەماحبازو هەڵپەبازو گەندەڵانەی ئەمڕۆ نرخێکی هەبوایە، ئەگەر چاڵە نەوتەکان نەبونایە ئەوا ئەم قارامانانە ئامادە نەبون چەندین جۆر ئاگری شەڕ هەلگیرسێنن‌و شەڕی دۆڵ‌و تەپۆڵکەو شاخەکان بگوێزنەوە بۆ شەڕی پۆستی دەستەڵاتداریەتی نێو شارەکان‌و هەر یەکەیان لە زۆنگەیەکدا  دەستەڵاتی ڕەشی خۆی بچەسپێنێت..! 
ئەگەر تەماحی ڕەش‌و کاریگەری قازانجی گەورەی نەوتی ڕەش نەبوایە، نە شۆڕشگێڕەکان دەبونە گەندەڵکارانی ئەمڕۆ نە گەندەڵکاران دەبونە شۆڕشگێرو نە سەرکردەکانی ئەمڕۆش لە بەرامبەر ئەم میللەتە ژیردەستەو بێبەشەدا هێندە دڵ ڕەق دەبون. ئەگەر ئەم تەماحە ماددیە نەبوایە سیاسەتیش  بە ڕێچکەو پڕۆسەی تایبەتی خۆیدا دەڕۆشت و کاری تەنها ڕێکخستنی کۆمەڵگا دەبو، سیاسی‌یەکانیش  دەبونە بەڕێوەبەرێکی سیاسی نەزیهو بەخشندە.
بە داخەوە نەوت بۆ ئەم میللەتە نەک هەر نەبوە کردنەوەی دەرگای ئازادی و خۆشگوزەرانی، نەک هەر نەبوە هۆی ڕوناک کردنەوەی چارەنوسی  ڕەشی‌ ئەم میللەتە، بەڵکو لە دوای ٣٠ ساڵ حوکمڕانی، تازە بە تازە ململانێ‌ی دەستەڵاتدارانی کوردو دەستەڵاتدارانی ناوەندی عێراق لەسەر (نەوتی رەش)، بەرەو توندبونەوە دەڕوات.
تەماحی ڕەشی‌ دەستەڵاتداران‌و بەهای نەوتی ڕەش،بوە هۆی دروستبونی ململانێی توندی ناشیرینی نێوان دەستەڵاتدارانی حیزبی‌، بوە هۆی گەندەڵی و بەرخۆری‌و نا یەکسانی کۆمەڵایەتی، بوە هۆی داڕوخانی ئابوری‌و داڕوخانی ستراتیژی نەتەوەی‌و بیری سەربەخۆیی.

ململانێ‌ی نێوان دەستەڵاتدارە گەندەڵ‌و تاڵانچی‌و پاوانخوازەکانی عێراق و کوردستان لە پێناوی بەشی زیاتری حیزبی‌و بنەماڵەییدایە،  نەک لە پێناو (مافی سەربەخۆیی سیاسی‌) خەڵکی کوردستان‌و بەهای (گیان‌و ژیان)ی هاوڵاتیانی عێراق.
بەهای نەوت‌‌و گاز لە سایەی دەستەڵاتدارانێکی مشەخۆردا، هەموو ماف‌و بەها ئینسانیەکانی کۆمەڵگای کوردستان و عێراقی سڕیوەتەوە،ململانێ سیاسی‌ دەستەڵاتدارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لەلایەک توندکردۆتەوە، وە لەلایەکی دی ململانێ‌ی  حیزبە (خاوەن کۆمپانیاو بیرە نەوتەکانی هەرێمی کوردستان و  حیزبە پاوەنخوازە ڕەگەز پەرستەکانی ناوەندی عێراقی توند کردۆتەوە). ئەم دوو جۆەرە ململانێ‌یە،  خەریکە چارەنوسی سیاسی ئەم میللەتە بەرەو ئاییندەیەکی نادیارو تاریک‌و ڕەش نزیک دەکاتەوە..!! 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×