نەوت لای پارتیی "ستراتیژە"

كه‌مال چۆمانی‌
  2021-02-05     917
هیچ وڵاتێک هێندەی سعودیە نادیموکراتیک نییە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. نەهەڵبژاردن، نەمافی مرۆڤ و نەئازادیی قسەکردن لەو وڵاتە نین. پیاوەکانی محەمەد بن سەلمان لەناو کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە رۆژنامەنوسێکی هەرە بەناووبانگیان پارچەپارچە کرد. ژن لە سعودیە هیچ ئازادییەکیان نییە. سعودیە سپۆنسەری تیرۆری کردوە. نەوت نەبێ چی سعودیە و ئەمریکا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و سعودیە دەکاتە یەکێک لە هاوپەیمانە ستراتجییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە؟

بنەماڵەی ئال سعود نەوت نەبێ بە چی دەتوانن سەد ساڵ حوکمڕانیی ئەو وڵاتە بکەن و خەڵکەکەی بچەوسێننەوە و لە یەمەن خەڵک بکوژن؟ 

لای پارتی نەوت ستراتیژە بۆ هێشتنەوەی بنەماڵەی بارزانیی و پارتیی وەک سەرداری کوردستان. لای پارتی و بنەماڵەی بارزانیی کە رێکناکەون لەگەڵ بەغداد نە مەسەلە بەغدادە و نە سۆمۆ و نە ژمارەی بەرمیل. لای پارتیی و بارزانیی و بنەماڵەی بارزانیی، کە یەکێتیی وبنەماڵەی تاڵەبانییش هاوڕایانن، نەوت تاکە ئامرازی کۆنترۆڵکردنی ئاساییش و میلیشیاکانیانە. نەوت دروستکەری پەیوەندیی نێودەوڵەتییە. نەوت تاکە ئامرازی بردنەوەی هەڵبژاردنە. نەوتە وا دەکات نێچیرڤان بارزانیی و مەسرور بارزانیی نەخۆشخانە، خوێندنگە، میدیا، رێکخراوی خێرخوازیی، کۆمپانیا و تەنانەت باڕ و دیسکۆی تایبەت بە خۆشیان هەبێت، هەروەک چۆن یەکێتییش.

لای پارتیی و بارزانیی نەوت ستراتیژە، ستراتیژی مانەوەی خۆیان. ئەوان کوردستانێکی برسی کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیان بێت لایان باشترە لە کوردستانێکی سەرفراز کە خەڵکەکەی و فەرمانبەرانی حکومەت و ئەندامانی پۆلیس و پێشمەرگە بەئازادیی دەنگبدەن.

جگە لە تۆقاندن و پارە پارتیی چی هەیە بە گەلی کوردستانی ببەخشێت؟ فیکر و ئایدیۆلۆژیا، پڕۆژە. ئێوە تەماشابکەن، قەت بیستوتانە مەسرور بارزانیی باسی مافی منداڵ و مافی ژن بکا، یان باسی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی بکات، یان باسی ئەوە بکا کە چۆن لە هەولێر کەلتور پێشبخات، یان ژینگەی شار خاوێن بکات. نا، هەرگیز. ئەوەی لای ئەو گرنگە نەوتە تا فەندی میلیشیاکانی خۆی بکا، جا چ میلیشیای چەکدار بێت یان هی مەدەنیی، بۆ نمونە میدیاکانی.

پارتی لە یەک حالەتدا لەگەڵ بەغداد رێکدەکەوێت؛ کە مەترسیی فشاری خەڵک وای لێ بکات ترسی راپەڕینیان لا دروستبێت. ئەمڕۆش رێکبکەون سبەی کەمێک دۆخەکە بگۆڕێت تێکیدەدەنەوە. وەک گوتم، مەسەلەکە دەستور و خەڵک و کوردستان و کوردایەتیی نییە، مەسەلەکە نەوتە. پارتیی نەوتی نەبێت تورکیا حیسابی بۆ ناکا، ئەمریکا بە لایەوە گرنگ نابێت. پارتی نەوتی لە بن دەست نەبێت چۆن بتوانێت زانکۆی کوردستان، هەولێر، میلیشیاکان، کوردستان ٢٤، رووداو، دەزگای بارزانی، دەزگای روانگە، کۆمپانیای کار و سەدان و هەزاران دەزگای تری گەورە و بچوک فەند بکا؟ 

پارتی ئەگەر نەوتی لەبن دەست نەبێت ناتوانێت لە بارزانییش کۆنترۆڵی خەڵک بکات دوای ئەو هەمو ساڵە دڵڕەقیی و گەندەڵییە. هەروەک چۆن ئەگەر بنەماڵەی ئال سعودیش نەوتیان نەبێت و محەمەد بن سەلمان خاوەنی ئەو ملیاران دۆلارە نەبێت لە ئەوڕوپا و ئەمریکا بەدڵنیایی بە بیانوی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ رۆژانە راپۆرتی لەسەر دەنوسن.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×