منیش دەربارەی نەخۆشخانەی هیوا شتێک ئەڵێم..

سامان عەلی حامید
  2021-06-18     783
نزیکەی دوو ساڵ باوکم لە نەخۆشخانەی هیوا چارەسەری وەرگرت. واتە لە هاوینی 2016 وە تا هاوینی 2018.
باوکم تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بوو بوو، لەدوای نەشتەرگەریی و دەرهێنانی پرۆستاتی و ئەنجامدانی پشکنین، نەخۆشییەکەی دەرکەوت و لەسەر ڕاسپاردەی پزیشکەکەی مانگانە لە نەخۆشخانەی هیوا دەرزیی کیمیاوی لێ دەدرا، دەرزییەکەیان دەدا لە ژێر ناوکی.
لەبیرمە خاڵۆزایەکی باوکم ئەویش هەمان دەردی گرتبوو و زۆر پێش باوکم سەردانی هیوای دەکرد و هەمان چارەسەری وەردەگرت.
جارێکیان کە چووین بۆ وەرگرتنی چارەسەر، خاڵۆزاکەی باوکیشم لەوێ بوو، پێش ئێمە هاتبوو هەر بۆیە پێش باوکم چارەسەری وەرگرت، کاتێک کە لە یەکێک لە هۆڵەکان دەرزییەکەی لێدرا، بە گرژکردنی ڕوویدا، وەک دەربڕینی کاردانەوە بەرامبەر بە ئێشی دەرزییەکە، زانیم دەرزییەکەی ئازاری زۆرە و، دیارە دەرزییەکەی باوکیشم ئازاری زۆرە، بەڵام چۆنە باوکم بە ڕووخسارییەوە دیار نییە و دەرینابڕێت؟!
لە باوکمم پرسی؛ باوکە، دەرزییەکەت ئازاری نییە وا هیچ ناڵێیت تەنها لەدوای لێبوونەوە لە وەرگرتنی کۆڵێک سوپاسی کارمەندەکان دەکەیت بۆ ئەوەی هەموو جارێک ئەرک ئەکێشن و بێبەرامبەر خزمەتت ئەکەن؟ باوکم وتی؛ با ئازاری هەیە، بەڵام ئازاری زۆر لەوە گەورەتر و بەسوێترم چەشتووە و ئەمە هیچ نییە لە چاویدا!
تا مانگێک بەر لەوەی بەتەواویی ئیزنی بدەن و لە چارەسەرکردنی نائومێدبن و بینێرنەوە بۆ ماڵەوە، باوکم لەوێ چارەسەری وەرگرت.
ئەوەی کە نەخۆشخانەی هیوا لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا بۆ باوکمی کرد، نە ئێمەی منداڵی باوکمان و نە هاوڕێکانی توانیمان و دەمانتوانی بۆی بکەین، تەنها نەخۆشخانەی هیوا توانی و دەیتوانی بێبەرامبەر بۆی بکات.
خۆ فاروقی مەلا مستەفا، بە هۆی هاوشاریی و حیزبایەتیی کۆنەوە، هاوڕێی باوکم بوو، هێشتا باوکم نەکەوتبووە سەر جێ بۆ پشکنینێک بردمانە نەخۆشخانەی فاروق و پێشتریش بە تەلەفون قسەمان لەگەڵ فاروق خۆی کرد، ئینجا کۆڵێک پارەی لێ وەرگرتین!
نەخۆشخانەی هیوا تەنها دەستکەوتێکی گەورە نییە بۆ شاری سلێمانی، بەڵکو جێی شکۆ و شانازییشێتی، چونکە لە هەموو شارەکانی تری عێراقەوە خەڵکی تووشیاری دەردی شێرپەنجە ڕووی تێ دەکەن و هەمان ئەو خزمەتەیان دەکرێت کە خزمەتی نەخۆشێکی سلێمانی دەکرێت.
ئەگەر دەسەڵاتدارانی سلێمانی خزمەتکار و دڵسۆزی خەڵکی خۆیان و ناوبانگی شارەکەیان بوونایە، وەکو چۆن ئەگەر بیانەوێ بە شەق سەرانە لە دەوڵەمەندەکان دەستێنن بۆ خۆیان، ئەیانتوانی لەو هەموو قاچاخچی و قۆڵبڕ و سیاسییە بازرگان و دەڵاڵ و سەرمایەدارە کە لەسلێمانی و دەوروبەری قاچاخچێتی و بازرگانیی و سەرمایەگوزاریی دەکەن و پارەیان دەست دەکەوێت و بێجگە لەپیسکرنی ژینگەی شار هیچ سوودێکیان نییە بۆ سلێمانی، بە یاسا سەرانە و باج و گومرگ بۆ سپۆنسەرکردنی نەخۆشخانەی هیوا کۆبکەنەوە و نەهێڵن دابخرێت.
لەجیاتیی ئەوەی خەرجیی و تێچووی زۆری نەخۆشخانەی هیوا وا لە دەسەڵاتدارانی شارەکە بکات ئاوڕ لە نەخۆشخانەکە بدەنەوە و بیر لە دۆزینەوەی ڕێگا بۆ دابینکردنی خەرجیی و تێچووی بکەنەوە، کەچی تێچوو و خەرجیی زۆری نەخۆشخانەکە بەو دیوەدا سەرنجی دەسەڵاتدارانی ڕاکێشاوە کە ئەگەر بکرێتە کەرتی تایبەت داهات و قازانجێکی خەیاڵیی دەبێت بۆیان!؟
دوور نییە ئەمە بیرۆکەی هەندێک لە سپۆنسەرەکانی نەخۆشخانەکە خۆیشی بێت کە هیوا بکرێتە کەرتی تایبەت. پێشینان ئەڵێن؛ ئەوەی ساحێب ماڵ دەیزانێت، دز بیزانێت هیچی تێدا ناهێڵێت! ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات هەر ئەوەیە و هیچی تر.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×