مەلا بەختیار، ئەگەر بیشبێت بە پارتی، ناهەقی نییە

سامان عەلی حامید
  2020-09-13     2497
مام جەلال و نەوشیروان مستەفا یەکێتییان بۆ دژایەتی حیزبی بنەماڵە دروست کرد، کەچی هێدی هێدی مام جەلال یەکێتی لە سەر خۆی تاپۆ کرد و، نەوشیروان مستەفایش چوو حیزبێکی بۆ خۆی دروستکرد.
لە سەر جیاکردنەوەی ئاڵای شۆڕش لە یەکێتی، مام جەلال نەبا نەوشیروان مستەفا مەلا بەختیاری ئەکوشت، ئەمە بەڵگەنەویستە. ئەگەرچی مەلا بەختیار نەکوژرا و ماوە، بەڵام کاتی خۆی لە سەر ئەو کارەی کەمی پێ نەکرا.
ئەو کەسەی کە لە سەر جیابوونەوە لە یەکێتی خەریکبوو مەلا بەختیار بکوژێت، لەدوای چەندین ساڵ خۆیشی لە یەکێتی جیابووەوە!
سەردەمانێک کە مەلا بەختیار لە یەکێتی ناڕازیبوو، نەوشیروان مستەفا ئەو کەسە بوو کە هەموو ناڕەزاییەکی ناو یەکێتی دائەپڵۆسی.
مەلا بەختیار بۆیە لە ئێستادا ئەو قسانە دەکات، چونکە بەر چاوی ڕوونە و ئەنجام و ئاقیبەتی زۆر لاف و قسە و دروشم و و ڕووداو دەرکەوتن ڕوونبوونەوە.
سیاسەت بە ئەقڵ ئەکرێت نەک بە سۆز، لەبەرئەوەی کە من سیاسییەکم خۆش ئەوێت ناکرێت ئیتر هەر کەس لاریی و ڕەخنەیەکی لەو سیاسییە هەبوو، سووکایەتی پێ بکەم و پێی بڵێم سەرت دای لە بەرد. ئەگەر مەلا بەختیار درۆ ئەکات، ئەی مامۆستا جەعفەر چی؟!
مەرگی نەوشیروان مستەفا و مام جەلال و مەرگی سەرکردەکانی تری هێز و لایەنەکانی تریش لە ئاییندەدا، یەکێک لە خێرەکانیان ئەوەیە کە دەست و دەمی وتن و درکاندنی ڕاستیی دەکەنەوە و چاودێریی لە سەر قسەکردن و ترس لە دەربڕین دەشکێنن.
سوپاس بۆ مەلا بەختیار.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×