له‌باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئابوریی زانكۆ حكومییه‌كانه‌وه‌

د. هه‌رێم حەسەن ئەحمەد بابان
  2021-09-20     341
له‌و كاته‌وه‌ی له‌ ساڵی 2005، كه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌می زانكۆ وه‌رگیرام.تاوه‌كو ئێستا كه‌ بڕوانامه‌ی دكتۆرام به‌ده‌سهێناوه‌و 16 ساڵه‌ تێپه‌ریوه‌و 5 وه‌زیریش له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كاریان كردووه‌. چه‌ندینجار وه‌زیرو به‌رپرسانی خوێندنی باڵا، سه‌رۆك زانكۆكان، له‌ بۆنه‌و كۆنفرانس ۆركشۆپه‌كان، باس له‌ سه‌ربه‌خۆیی ئابوری زانكۆكان ده‌كه‌ن، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی ڕۆژێك به‌ ئاشكرایی ڕونی بكه‌نه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی ئابووری چییه‌؟ كام جۆری سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی؟ چۆن به‌ كرده‌یی سه‌ربه‌خۆی ئابووری زانكۆكان ئه‌نجام ده‌درێت؟تا ئێستا چییانكردووه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئابوری زانكۆكان؟ چ پلانی سه‌ره‌تایی و كورتخایه‌ن و درێژخایه‌نیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ داڕشتووه‌؟پشتیان به‌ كام ڕاوێژكاری ناوخۆیی و بیانی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌ستووه‌؟


بۆیه‌ به‌ زۆر به‌ كورتی لێره‌دا چه‌ند پێشنیارو ڕاسپارده‌یه‌ك بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و زانكۆكان، بۆ پڕاكتیزه‌كردنی سه‌ربه‌خۆیی ئابووری زانكۆكان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو.
گرنگترین ئه‌و ڕێگایانه‌ی كه‌ ده‌كرێت سودی لێ وه‌ربگیرێت، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و په‌یداكردنی سه‌رچاوه‌ی داهات بۆ زانكۆكان:


1-داواكردن له‌ كه‌سانی سه‌رمایه‌دار و خێرخواز، بۆ به‌خشینی هاوكاری مادیی به‌ زانكۆكان، چ پاره‌ی كاش یان هاوكاریكردن له‌ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌كانی زانكۆ.به‌ تایبه‌تی كۆمپانیاكانی كه‌ره‌سه‌ی بیناسازی،ئه‌لیكترۆنی... .
2-داواكردن له سه‌رمایه‌دارو كۆمپانیا و خێرحوازان و ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆ به‌خشنی هاوكاری دارایی به‌ زانكۆكانده‌كرێت سوود له‌ ئه‌زمونی كوردانی تاراوگه‌ وه‌ربگیرێت..
3- وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی و خوێندنی باڵا، چیتر داهاته‌كانی زانكۆ، له‌ خویندنی ئێواران-پاڕالێل-كافتریا-ئیستنساخ... لای خۆیان گلنه‌ده‌نه‌وه‌و هه‌مووی بۆزانكۆكان بێت.
4-زیادكردنی كرێی خوێندنی قۆناغه‌كانی ماسته‌رو دكتۆرا و ئێواران.
5-داواكردن له‌ شاره‌وانی شاروو شارۆچكه‌كان، بۆ پێدانی زه‌وی ستراتیژی و شوێنی بازرگانی به‌ زانكۆ، بۆ فرۆشتنی زه‌وییه‌كان و به‌كارهێنانی پاره‌كه‌ی بۆ زانكۆ، یان ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی بازرگانی وكشتوكاڵی و پیشه‌سازی له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویانه‌، له‌ لایه‌ن زانكۆوه، وه‌كو پرۆژه‌ی ئاژه‌لداری-په‌له‌وه‌ر-ده‌واجین-به‌خێوكردنی ماسی، چێشتخانه‌و رێستۆرانت... .
‌6-كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به‌ زانكۆو كاركردنی وه‌كو نه‌خۆشخانیه‌كی ئه‌هلی، به‌ هاوكاری وه‌به‌رهێنه‌ران، كه‌ ده‌توانێت داهاتێكی به‌رده‌وام بۆ زانكۆ دابین بكات. سه‌دان ده‌رچووی به‌شه‌ زانستی و پزیشكییه‌كان بێكارن و ئاماده‌ن كاری تێدا بكه‌ن.
7- دروستكردنی دوكانێكی تایبه‌ت به‌ قرتاسیه‌و فرۆشتنی كتێبه‌ مه‌نهه‌جییه‌كانی خوێندن له‌ باڵه‌خانه‌ی زانكۆكان. وه‌كوزۆرێك له‌ زانكۆكانی ئه‌وروپا دایان ناوه‌، داهاتێكی به‌رده‌وامی بۆ زانكۆ ده‌بێت.
8- بۆ زیاتر هاندانی سه‌رمایه‌دار و خێرخوازان، بۆ به‌خشنی یارمه‌تی دارایی به‌ زانكۆ، ده‌توانرێت، به‌وه‌ هانبدرێن، كه‌ هه‌ر بیناو پرۆژه‌یه‌ك له‌ ناو زانكۆ دروست بكه‌ن به‌ ناوی ئه‌وانه‌وه‌ بكرێت.
9- دروستكردنی هۆڵی داخراوو مه‌له‌وانگه‌ له‌ ناو كه‌مپه‌سی زانكۆكان و به‌كرێدانی، كه‌ داهاتێكی باش یۆ زانكۆكان دابین ده‌كات.
10-هه‌وڵ بدرێت، توێژینه‌وه‌كانی ماسته‌رو دكتۆرا، به‌ بازار بكرێن و به‌ كۆمپانیاكان و داموده‌زگاكانی تری حكومه‌ت بفرۆشرێن و داهاته‌كه‌ی بۆ زانكۆو نوسه‌ری تێزه‌كان بێت.
11- له‌مه‌ودوا زانكۆو مامۆستایه‌كان، له‌كاتی كردنه‌وه‌ی خول بۆ داموده‌زگا حكومی و حیزبییه‌كان داوای پاره‌ بكه‌ن و ئه‌و پاره‌یه‌، بۆ پێشكه‌شكارانی خول و زانكۆ بێت.
12- له‌كاتی ئه‌نجامدانی چالاكییه‌ زانستیه‌كانی زانكۆ، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی، ده‌كرێت، داوا له‌سه‌رمایه‌داران بكرێت سپۆنسه‌ری ئه‌و چالاكیانه‌ بكه‌ن.
13- داواكردنی یارمه‌تی دارایی له‌ له‌ ڕێكخراوه‌ بیانییه‌كان و كونسوڵخانه‌ی وڵاتان له‌ كوردستان، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ساڵانه‌ پاره‌ بۆ چالاكی زانستی ده‌به‌خشن.
14- فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی نا پێویستی زانكۆ، به‌تایبه‌تی ڕادیۆی زانكۆ، كه‌لو په‌لی زیاده‌و له‌كار كه‌وتوو... .
15-وه‌كو زانكۆكانی تری ئه‌وروپا، ده‌كرێت ژماره‌ حساب بانقیكی جیهانی بۆ زانكۆ بكرێته‌وه‌، تاوه‌كو هه‌ركه‌سێك له‌ هه‌ر وڵاتێك بێت، بتوانێت، پاره‌ی به‌خشین بخاته‌ سه‌ر حساب بانكی زانكۆ.
16-داخستنی ئه‌و به‌ش و كۆلیژانه‌ی زانكۆ، كه‌ ده‌رچوویان زۆره‌و نه‌ نه‌ كه‌رتی تایبه‌ت و حكومی پێویستی پێ نین.ئه‌مه‌ش واده‌كات خه‌رجیه‌كی باش بۆ زانكۆ بگه‌ڕێته‌وه‌.
17-كردنه‌وه‌ی به‌شی یه‌كه‌ی پشودانی خوێندكاران له‌ناو زانكۆ، بۆبه‌سه‌ربردنی كاته‌ ته‌رفیهیه‌كانی خوێندكاران و دانانی (هۆڵی یاری ئاسن-تێنس-مه‌له‌وانگه‌-بلیارد-كافتریا-هۆڵی كۆبونه‌وه‌كان-هۆڵی پێشانگا-سینه‌ما).
18- سه‌نته‌ری ئایتی و ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری وكارمه‌ندانی به‌ بازرگانی بكرێن و به‌ شێك له‌ داهاته‌كه‌یان بۆ زانكۆ بێت.
19- دانانی تاقیگه‌ی بیناسازی بۆ پشكنینی مه‌ودای خانووبه‌ره‌، قیر، له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ری ڕاویژكاری سه‌لامه‌تی ئه‌ندازیاری بۆ ڕاویژكاری له‌ دروستكردنی بینا.
20-هاندانی به‌شی كیمیای زانكۆكان بۆ دروستكردنی مه‌وادی جوانكاری-سابون... له‌گه‌ڵ دروستكردنی سه‌نته‌ری ڕاوێژكاری كشتوكاڵی بۆ چاودیریكردنی كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كان-حه‌وزی ماسی-كیڵگه‌ی په‌له‌وه‌رو ده‌واجینه‌كان و پرۆژه‌كانی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ و شیره‌مه‌نی.به‌رهه‌مهێنانی به‌روبومی كشتوكاڵی... .
21-دروستكردنی سه‌نته‌ری تاقیگه‌ی كۆنترۆڵی جۆری به‌ تایبه‌تی پشكنینی خۆراك وده‌رمان.
22-دروستكردنی سه‌نته‌ری ڕاوێژكاری زمانه‌وانی له‌ كۆلیژی زمانی زانكۆكان، بۆ پێدانی ڕێنمایی به‌ نوسه‌ران-كۆمپانیاكان و داهاته‌كه‌ی بۆ زانكۆ بێت.
23-دانانی سه‌نته‌ره‌كانی ئامار- ڕاپرسی- جی ئای ئێس، له‌ زانكۆكان كه‌ ده‌توانرێت داهاتێكی باش بۆ زانكۆكان په‌یدا بكه‌ن.
24- كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی-هۆبه‌-به‌شێك له‌ پۆسته‌كانی زانكۆ، كه‌ خه‌رجییه‌كی زۆر له‌سه‌ر زانكۆ ده‌كه‌وێت. له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل له‌ به‌رپرسانی زانكۆ.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×