کێ بەهرەو خولیای خوێندکاران بدۆزێتەوەو بەشی دڵخوازیان لە زانکۆکان بۆ دیاریکات؟

د. هه‌رێم حەسەن ئەحمەد بابان
  2021-11-06     275

جێگەی داخە دوای دوانزە ساڵ خوێندن لە قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی، قوتابیان پێش وەرگیرانیان لە زانکۆو پەیمانگاکان، کەس نییە، ڕێنماییان بکات تاوەکو بەهرەو خولیاکانیان بدۆزنەوە، بۆئەوەی بەشی دڵخوازی خۆیان دیاری بکەن. ئەمەش وادەکات، دوای دوانزە ساڵ خوێندن و خەرجییەکی زۆرو شەونخونی، چارەنوسی چەندین ساڵ خوێندن و دهاتوویان لە لایەن، زانکۆلاین، دراوسێ،ناسیاو، مامۆستایەک، ڕێکخراوەکانی قوتابی و خوێندکاران کە چەند ڕۆژێک بەپەلەپەل و لەبەردەم لێشاوی سەدان خوێندکارو قەرەباڵغی بە چەند دەقەیەک بەشێکیان بۆ دیاری بکەن.تەنانەت ئێستا ئەو دیاردەیە هێندە ئاڵۆزبووە، لەگروپەکانی فەیسبوک و تۆڕی کۆمەڵایەتی قوتابیان پرسیار دەکەن و داوای بۆچون و کۆمێنتی خەڵک دەکەن ئایا بچنە چ بەشێکی زانکۆو پەیمانگا یان کام بەشەی زانکۆ باشترە له بەشەکەی تر؟
ئەو بابەتە یەکێکە لە گرنگترین کێشە بنەڕەتییەکان کە له ماوەی سی ساڵی حوکمڕانی کوردی، لەهیچ کاینەیەکدا هیچ یەکێک له وەزارەتەکانی پەروەرده،خوێندنی،باڵا،پلاندانان، کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، هیج کارێکیان بۆ ئەنجام نەداوە، کە ئەمه ش وایکردووە، ساڵانە هەزاران دەرچووی ئامادەیی بەگۆترەو بێ هیچ بەرچاڕوونییەک چارەنوس و داهاتووی خۆیان بدەنە دەست کەسانی تر، گرنگی، بەحەزو بەهره و تواناکانیان نەدرێت. نەزانن ئامانجی چەند ساڵ خوێندنیان بۆچی بووە؟ لە ئایندەدا دەیانەوێت چی بکەن و ببن بە چی؟ چۆن قۆناغەکانی داهاتووی خوێندن دەستپێبکەن؟. ئایا ئەو بەشەی هەڵیانبژاردووە، لەگەڵ حەز،تواناو بەهرەکانیان یەکدەگرێتەوە؟ یان تەنها خوێندنی داهاتوویان چاولێکەری و کات بەڕێکردنە؟ ئەمەش وادەکات دوای چوار ساڵ خافڵاندن و خەرجی و کات بەسەربردن لە زانکۆ، ئینجا تێدەگەن، ئەوان لەسەر ڕێڕەوێکی دروست نەڕۆیشتوون و ئەو بەشەی تەواویان کردووە، هەڵبژاردنێکی دروست نەبووەو تازە کاتیش ناگەڕێتەوە هەڵەکانیان چاک بکەنەوە

بۆچارەسەرکردنی ئەو کێشە بەردەوامەی ساڵانە ڕوبەرووی خوێندکاران دەبێتەوە، گرنگە ساڵانە بەچەند مانگێک پێش دەستپێکردنی دەوامی زانکۆو پەیمانگاکان، بەسەرپەرشتی وەزارەتی پەرەوەرده،خوێندنی باڵا،پلاندانان،کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ پشتبەستن بە کەسانی خۆبەخش، ڕاوێژکارانی ناوخۆیی،دەرەکی لانیکەم خولێکی یەک مانگی لەناو قوتابخانە ئامادەییەکان بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادیی بکرێتەوە، پسپۆڕو مامۆستایانی زانکۆ، سیمیناروزانیاری تازە لەبارەی سەرجەم بەشەکان بەقوتابیان بڵێن، هەروەها نوێنەرانی کۆمپانیاو ژورەکانی بازرگانی و پیشەسازی، بەهرەمەندوپیشەکاران وبازرگان و خاوەن کارە سەرکەوتووەکان ڕێگەیان پێ بدرێت باسی چۆنیەتی و هۆکارەکانی سەرکەوتن لە کارەکانیان بکەن، بۆئەوەی ئەو دەرچوانەی ئامادەیی کە حەزیان لەخوێندن نییەو ئەهلی ئەو بوارە نین، ژیانیان لە زانکۆو پەیمانگاکان بەفیڕۆنەڕوات و هەرزوو بەهرەکانیان بدۆزرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی بەشەکانی زانکۆو پەیمانگاکان بە ڕونی لەبارەی بەرنامەو پڕۆگرامی بەشەکان، شێوازی وانەخوێندن، بوارەکانی ئیشکردن لە دوای دەرچوون لەو بەشانەو کێشەو ئاستەنگەکانی هەر پسپۆڕییه ک هەر لەسەرەتاوە پێش وەرگیران لەو بەشانە بە قوتابیان بڵێن. نەوەک دوای وەرگیران و تەواوکردنی خوێندن ئینجا بزانن و ئەوکاتەش بواری گۆڕینی بەشەکان و گەڕانەوەیان نەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×