بەری خۆر بەبێژنگ ناگیرێت

شێرکۆ وەهبی
  2023-01-30     545

لەم چەند ساڵەی دواییدا  بە مەبەستی ناشرین کردنی وڵاتی سوید لە لایەن حیزبە ئیسلامیە توندڕەوەکانەوە لە بابەتی سەلەفی و داعش هەروەها بە یارمەتی چەند دەوڵەوتێکی تۆتالیتار و دکتاتۆر کەوتوونەتە بەرپاکردنی هەڵمەتێکی نادروست و سەرلێشێوێن کە گوایە دامودەزگا خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکانی سوید منداڵانی خەڵک دەفڕێنێت و مافەکانیان زەوت دەکات.

هەڵمەتێک، بێوێنە لە پەنابردن  بۆ زانیاری ناڕاست و بێ بنەما. هەڵمەتەکە سەراپای تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی گرتەوە بە تایبەتی فەیس بووک. چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندنی تەلەفزیۆنیش هەیە کە لە لایەن چەند دەزگایەکی گومانلێکراوەوە پشتگیری دەکرێت و بە زمانی عەرەبی هەواڵ و زانیاری نادروست پەخش دەکات بۆ خوڵکردنە چاوی خەڵکی بێئاگا و ڕەشکردنی  ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان. 

لەم دواییانەشدا ڤیدیۆی ژنێکی زاخۆیی لە فەیسبوکدا  بڵاوکرایەوە کە لە شوێنێکدا ڕاوەستاوە میکرۆفۆنێکی بەدەستەوەیە و دەڵێت: "پۆلیسی سویدی کچێکی ١٥ ساڵانمی بەناوی (ئیسرا) کوشتوە و سۆشیالیش ٤ منداڵی فڕاندوم " و کەناڵێکی تەلەفزیۆنی گومالێکراوی عەرەبیش وەک ئەوەی هەنگی لە دارا دۆزیبێتەوە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دایکوباوکەکەدا ساز کردوە کە بە دروستکردنی بوختان و بڵاوکردنەوەی چەندین هەواڵی ناڕاست بۆ کۆمەڵگای پێشکەوتووی سوید و دەزگاکانی بەڕێوەبردن و پاراستنی هاووڵاتیان هەر لە پۆلیس و سۆشیالەوە تا دوایی، گوێێ خەڵکانی بێئاگای پڕکردووە و تەفرەیان دەدات.

 

لەم گوتارەدا دەمانەوێت ڕاستیەکان بخەینە ڕوو و تیشک بخەینە سەر حەقیقەتی باسەکە.                 

 سوید بۆ پاراستنی منداڵان پشتبەستوو بە مانیفێستی منداڵانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ( یو ئێنUN) یاساکانی ڕێکدەخات و لە پێشەنگی ئەو ووڵاتانەدایە کە ڕێز لە بنەماکانی مافی مرۆڤ دەگرێت و زیاتر لە نیو سەدەیە بە یاسا لێدانی منداڵانی قەدەغەکردووە. هەر لە دایەنگە و خوێندنگا بنەڕەتیەکانەوە هەوڵدەدرێت منداڵان بە ئاگا بهێنرێنەوە لە مافەکانیان و ڕێنەدرێت سوکایەتیان پێبکرێت بە تایبەتی لە لایەن کەسە نزیکەکانیانەوە وەک سەرپەرشتیار یان دایکوباوک و خێزان.  

بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵان لە سویددا دنیابینی تایبەت بە خۆی هەیە، سنگێکی فراوان و ئەزموونی باشی دەوێت. منداڵ گەورەکردن پێویستی بەوەیە کە سەپەرشتیاران  لە هەموو کایەکاندا بەشداربن، ئاگایان لە تەندروستی و گەشەکردنی منداڵەکانیان بێت  لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا و پابەندبن بە یاسا و ڕێساکانی سویدەوە و چاکەو خراپەی منداڵەکەیان  لێکدەنەوە و لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا ڕێکەن. خەڵکانی سوید بە بەرنامە منداڵ دروست دەکەن، بە خوێندن و دنیابینی تەیاریان دەکەن ئەوجا ڕادەستی کۆمەڵگایان دەکەن، نەک خوا وەکیلی ژمارەیەکی زۆری منداڵ دروستکەن بە بێ ئەوەی ئەرکی بەرپرسیارێتیشیان بگرنە ئەستۆ. دەشێت منداڵان لە کەشوهەوایەکی ئارام و ژینگەیەکی تەندروستدا پەروەردەکرێن، بۆ ئەوەی بتوان پەرە بە توانستەکانی خۆیان بدەن و پاشەڕۆژێکی گەش چاوەڕوانیان بکات.

با بزانین پڕۆسەی ئەو منداڵ دزین و فڕاندنە! لە دایکوباوکیان لە سوید چۆن دەچێت بەڕێوە؟ بۆ دەستەبەرکردنی کەشوهەوایەکی لەبار بۆ گەورەبوونی منداڵ لە ژینگەیەکی تەندروستدا و لانەدان لەو بنەما گرنگانە سوید یاسایەکی هەیە کە پێی دەگوترێت) ئێل ڤێ ئو (LVU کە کورتکراوەی یاسای چاودێریکردنی منداڵان و لاوان بە پێی بڕیارنامە تایبەتیەکان .

 

LVU واتای چی دەگەیەنێت یە؟

LVU یاسایەکی سویدیە کە کۆمەڵێک بڕیارنامەی تایبەت لەسەر چاودێریکردنی منداڵان و لاوانی ژێر ١٨ ساڵ لەخۆ دەگرێت. کاتێک منداڵ بەپێی ئەم یاسایە دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە، کارەکە بە زۆرەملێیی جێبەجێ دەکرێت. مەرجی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بریتیە لە ڕەچاوکردنی مەترسی لە سەر تەندروستی و گەشەکردنی نائاسایی منداڵ، بەهۆی خراپ مامەڵەکردن، بەخێوکردن و پەروەردەکردنەوە کە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت منداڵەکە بە شێوەیەکی بەرجەستە زیانی پێبگات و باش گەشە نەکات. یان گەر منداڵ یان لاوەکە دەستبداتە مەی خواردنەوە، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی خراپ، کەوتبێتە  تاوانکردن یان لە هەلومەرجێکی سەختدا لە نێو خێزانێکدا گوزەران بکات کە سەرپەرشتیاران کەمتەرخەمبن لە بەخێوکردن و بەسەرکردنەوەیدا یاوەخود دایکوباوک خۆیان کێشەی قورسی تاوان، ئاڵودەیی بە مەی و مادەی هۆشبەر یان تاوانکارییان هەبێت کە ببێتە مایەی بەدبەختی بۆ منداڵان و کێشەی کۆمەڵایەتی جددی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە بە ناچاری سۆشیال هەڵدەستێت بە دەستەبەرکردنی چاودێری لە شوێنێکی تری گونجاودا و هەوڵدەدات منداڵەکە لەو ژینگە نالەبارە بهێنێتە دەرەوە.

گرتنەبەری ئەم دەستبەسەراگرتنە بە پێی LVU دوا ڕێگایە بۆ چاککردنی هەلومەرجی منداڵ یان لاوەکە. لە پلەی یەکەمدا هەوڵدەرێت بە یاسا خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی سۆشیال بەدیلێک  بدۆزێتەوە بۆ چارەسەرکردن. ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، ئینجا دەتوانرێت دەستێوەردانێک بەپێی LVU ئەنجام بدرێت. ئەمەش جاری وا هەیە هەلومەرجێکی بەپەلەی وا دێتە پێشەوە کە ئەنجومەنی سۆشیال بڕیار دەدات دەمودەست دەست بەسەر منداڵ یان تەواوی منداڵانی خێزانێکدا بگرێت بە یارمەتی پۆلیس و سەرەتا ڕەنگە لە شوێنێکی ئارام و ئاسوودەدا لای خێزانێکی ئێشکگر یان لە خانەیەکی ئێشکگرتندا دایان نێت.

 

پرۆسەی خستنە ژێر چاودێری کوتوپڕ بەم هەنگاوە یەک بە دوای یەکانە ئەنجام دەدرێت:

لە هەمان کاتدا، و لە ماوەی  1 هەفتەدا دەشێت چاودێری دەستەبەر دەکرێت، پێویستە ئەنجومەنی سۆشیال داواکارییەک پێشکەش بە دادگای کارگێڕی بکات تاکو دادگا بڕیار لەسەر LVU بدات.

پاشان بە شێوەیەکی ئاسایی دادگا دەبێت لە ماوەی 1 هەفتەدا بڕیاری سەرەتایی بدات دوای وەرگرتنی بەڵگەنامەکان لەسەر ئەو پرسەی کە ئایا دەستبەسەرکردنی دەستبەجێ دەبێت بەردەوام بێت تا پشکنینی کۆتایی دادگا بۆ بابەتەکە  دەکرێت.

لە ماوەی چوار هەفتەدا بە شێوەیەکی ئاسایی دانیشتنێک لە دادگا ئەنجام دەدرێت کە سەرپەرشتیاران بانگهێشت دەکرێن بۆ دانوستانێک. لەوێدا سەپەرشتیاران دەرفەتێکیان بۆ دەڕەخسێنرێت کە دژ بە داواکە بێنە گۆ و شایەتحاڵی خۆیان بانگ بکەن.

ئەگەر بەپێی LVU دادگا بڕیاری دەستبەسەراگرتن و چاودێریکردنی منداڵ یان منداڵەکانی دا ، ئەوا دەگوازرێنەوە بۆ خانەیەکی خێزانیی جێگیرتر بە نیازی بەخێوکردن و چاودێریکردن.

پاشان ئەنجومەنی سۆشیال دەبێت هەر شەش مانگ جارێک هەڵسەنگاندن بۆ پێویستی دانان لەو خانە خێزانیەدا بکاتەوە. جاری وا هەیە ئەم پڕۆسەیە ساڵەهای ساڵ دەخایەنێت

پرۆسەی یاسایی LVU  بۆ ئەو حاڵەتانەی کە دەسبەسەرداگرتن و خستنە ژێر چاودێری کوتوپڕ ئەنجام نادرێت

خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بەزۆری دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن، چونکە کەسێک ڕاپۆرتێکی نیگەرانی بۆ سۆشیال ناردووە. بەزۆری لێکۆڵینەوەکە نزیکەی ٤ مانگ دەخایەنێت.

ئەگەر خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بەپێی LVU پێویستی بە چاودێری ناچاری هەیە، ئەنجومەنی سۆشیال بڕیار دەدات کە داواکاریەک بۆ چاودێریکردنی ناچاری پێشکەش بە دادگا کات.

پاشان دادگا بە شێوەیەکی ئاسایی لە ماوەی 1 هەفتەدا بڕیار دەدات کە ئایا سەرپەرشتیکردنی کاتی دادەمەزرێت یان نا. دواتر دانیشتنێکی چارەنووسساز لە دادگا ئەنجام دەدرێت و جا لەو کاتەدا سەرپەرشتیار یان دایکوباوک دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنرێت کە بێنە گۆ و شایەتحاڵ بانگ دەکرێن و لە بەڵگەنامەکان دەکۆڵرێتەوە.

ئەگەر دادگا پەسەندی بکات و بڵێت بەڵێ بۆ داواکاری ئەنجومەنی سۆشیال بە پێی LVU، ئەوا منداڵەکە دەگوازرێتەوە بۆ خانەیەکی خێزانیی. لە هەمان کاتدا دەتوانرێت تانە لە بڕیاری دادگای کارگێڕی بدرێت و جارێکی تریش دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیاری لەسەر بدا، کە لە بەرامبەردا داوای دانیشتنێک دەکات لە ماوەی ئاسایی 13 مانگدا.

ئەنجومەنی چاودێری کۆمەڵایەتی دەبێت هەر شەش مانگ جارێک هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکە بکاتەوە کە ئایا چاودێری بەپێی LVU هێشتا پێویستە یان نا.

دایک و باوک دەتوانن هەمیشە و لە هەر کاتێکدا بیانەوێت داوای کۆتاییهێنان بە LVU بکەن و داوایەک بخەنە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی  منداڵەکە بگەڕێتەوە ماڵەوە.

 

کێ دەتوانێت ڕاپۆرتی نیگەرانی بدات؟

ئەو کەسانەی کە لە دایەنگە یان خوێندنگا، چاودێری تەندروستی و هاوشێوەکانیان کاردەکەن، ئەرکیان لەسەر شانە کە ڕاپۆرتێکی نیگەرانی پێشکەش بکەن ئەگەر لە ڕۆڵی پیشەیی خۆیاندا تێبینی بکەن کە منداڵەکە ڕەفتارێکی خراپی لەگەڵدا کراوە، لێیدراوە یان هەڵسوکەوت و ڕەفتاری خراپی لە نێو کۆمەڵگادا هەیە.  بەڵام دەکرێت کەسێکی پریڤاتیش بە نهێنی ڕاپۆرتێکی نیگەرانی بدات بە سۆشیال.  

 

ئەنجام

جاری وا هەیە ئەم پڕۆسەی دەستبەسەرداگرتنە ساڵەهای ساڵ دەخایەنێت. لەو میانەیەدا ڕەنگە زۆر شت ڕووبدات، منداڵەکە لە شوێنەکە ڕابکات و پەرە بدات بە تاوانکاری، یان دایکوباوک هەوڵدەن سەریان لێتێکدەن و دنەیان بدەن بۆ مانگرتن و هەڵاتن یان ڕەنگە بە باشی پڕۆسەکە بە ئەنجام بگەیەنرێت و منداڵەکە و سەرپەرشتیاران هەردوولایان بێنەوە هۆش خۆ و خۆیان چاککەن و بەرە بەرە منداڵەکەیان وەرگرنەوە

بە شێوەیەکی گشتی مەحاڵە بە بێ ئەوەی هۆکارێک لە ئارادابێت  یان بە ناڕەوا منداڵ دەستی بەسەردا بگیرێت و لە هیچ هەلومەرجێکدا شتی وا ڕوو نادات . جا هەموو ئەو هەڵمەتە ناڕەوایانەی دەکرێتە سەر سوید و گومانی بردن و فڕاندنی منداڵانی بێگانە دروست دەکات هەر هەمووی بێ بنەمایە و هێرشێکی ناڕەوای پیس و چەپڵە بۆ تێکدانی کۆمەڵگای سوید. . شایانی باسە پڕۆسەکە تەنها منداڵانی بیانی ناگرێتەوە بەڵکو هەمان یاسا و ڕێسا منداڵانی بە ئەسڵ سویدیش دەگرێتەوە. 

من وەک زار وەرگێر تا ئێاستا زیاتر لە ٥٥ حاڵەتی لێسەندنی منداڵم هەبووە  لە دایکوباوک و تەنها یەک دانەیان بە گومانێکی بەد و ناڕەوا دەستی بەسەردا گیرابوو کە ئەویش پاش تەنها دوو ڕۆژ ڕاستیەکەی دەرکەوت و منداڵەکە درایەوە بە خێزانەکە.

جا تکایە بەسە واز بهێنن و باوەڕ بەو درو و دەلەسانە مەکەن کە لە فەیسبوک و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ووڵاتە دواکەوتوەکاندا لەسەر سوید بڵاودەکرێنەوە. من لە دڵەوە ئاواتەخوازم ڕۆژێک بێت کە دام و دەزگای بەڕێوەبردنی ووڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەند بگاتە دامێنی ئەم ووڵاتانە و ئەوانیش منداڵانی بەدبەختی وڵاتەکانیان بەسەرکەنەوە.   

گەر دوچاری شتێکی وا بوویت یارمەتی لە پارێزەرێکی بە ئەزموون وەرگرە. پارێزەری چاک کە دەچێتە ناو پرۆسەیەکی یاسایی LVU ەوە پێویستە  هەست و سۆزی  ووروژاوی سەپەرشتیاران خاو کاتەوە و ڕاستیەکانیان بۆ شیکاتەوە. جا تەنانەت ئەگەر تۆ لەگەڵ تێڕوانینی ئەنجومەنی سۆشیالیشدا نەبیت کاتێک منداڵەکەت لێدەسەنن و دەیخەنە ژێر چاودێریەوە، لە قازانجی تۆدایە ئەگەر ددان بە هەڵەکانی خۆتدا بنێیت و هاوکاری سۆشیال بکەیت. بۆیە پێویستە هەمیشە پێش کۆبوونەوە لەگەڵ خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی (سۆشیال)دا ڕاوێژ بە پارێزەرێکی شارەزا لە بواری LVU دا بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە سەرەتاوە ستراتیژێکی باش داڕێژن. کاتێک بە LVU منداڵ دەستی بەسەردا دەگیرێت گرنگە هەستو سۆزەکانت بخەیتە لاوە و تێکۆشیت بۆ ئەوەی کەموکوڕیەکانت پڕکەیتەوە وە چ پێشنیارێک دەکرێت بۆ چوونە کۆرسی فێربوونی دایکوباوکێتی یان بەدیهێنانی خواستەکانی سۆشیال و منداڵەکە گشتیان قبوڵ بکەیت، داوای لێبوردن بکەیت لە منداڵەکە و هەوڵدەیت بە خۆتدا بچیتەوە. چاک بزانە ئەو پەروەردەکردنەی منداڵ کە لە وڵاتەکەی خۆتدا فێری بوویت، لێرە ناخوات. بۆیە دەشێت هەم ئەزموون و هەم لێهاتوویی بۆ چۆنیەتی کارکردنی پرۆسەی یاسایی لەو شێوەیە و ئەوەی کە لە تۆ وەک دایک و باوکێک داوا دەکرێت، بە دەست بهێنرێت.  گرنگە وەک سەرپەرشتیار هەست بە دڵنیایی و ئاسودەیی بکەیت و لەو ڕاستییە تێبگەیت کە دەوڵەتی سوید هەردەم بە دوای بەرژەوەندی خۆت و منداڵەکەتدا دەگەڕێن. چاک بزانە کە پارێزەر شەڕتان بۆ دەکات بۆ ئەوەی منداڵەکەت بگەڕێننەوە ماڵەوە، جا بە هەڵە تێیان مەگە و مەڵێ هیچیان بۆ نەکردووم. گوێ لەم و لەو مەگرە هانت بدا بۆ کاری ناڕەوا چونکە بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت . لە کۆتاییدا دەمەوێت پێتان بڵێم درەنگ بێت یان زوو  "زەمەن هەموو برینەکان ساڕێژ دەکات".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×