پێنج مانگ بەر لە ڕاپەڕین، لە شاخەوە بۆ شار!

خالید رەزا ئەمین
  2023-03-10     1416

خالید رەزا ئەمین

هۆڵەندا/ ١٠-٣-٢٠٢٣

سەرەتا ئەبێ ئەوە بڵێم، کە راپەڕین لە مێژوی کۆن و نوێی کورد دا روداوێکی بێ وێنە بو. رەفتارە فاشیەکانی رژێمی پەت‌وسێدارەی بەعس و تاوانەکانی، سەرچاوەی رق و توڕەیی خەڵک بو لەو دەسەڵاتە تۆتالیتاریەی بەعس. لەبەر ئەوە هەمو کوردێکی بە شەرەف بە گەورە و بچوکەوە، کە بەشداری راپەڕینیان کردوە، مافی خۆیانە شانازی بە راپەڕینەوە بکەن و بڵێن، راپەڕینمان کردوە.

بێگومان راپەڕین ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی لە راماڵینی حیزبی بەعس و دامەزراندنی پارلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان‌دا بەدی هێنا. ئەڵبەت منیش وەک یەکێ لەو هاوڵاتیانە بە مافی خۆمی ئەزانم  جاربەجار سەرەقەڵەمێ لەسەر راپەڕین، بۆ یادکردنەوە و بیرخستنەوە، بە شانازییەوە بنوسم.

دو مانگ  دوای داگیرکردنی کوەیت لە لایەن رژێمی فاشی بەغداوە، بەندە لەسەر داوای رێکخراوی سلێمانی کۆمەڵەی رەنجدەران و بە بڕیاری کاک نەوشیروان (لەو کاتەدا پێویست بو ناوی نهێنی بەکار بهێنین، بۆیە لەگەڵ کاک نەوشیروان وا رێکەوتین هەردو ناوی ئومێد و گۆران بەکاربهێنم) وە بە ئاگاداری ناوەندی کۆمەڵە بە نهێنی (ئیختیفا) هاتمەوە ناوشاری سلێمانی و لە گەڕەکی دورلئەمنی ئەوکات و ئاشتی ئێستا، لە ماڵی کاک حەمەنوری مام ئەحمەد (هاوڕێ موراد)، کە ئەندامی ریکخراوی سلێمانی بو، هەتا رۆژی راپەڕین مامەوە. ئەم چیرۆکەیان ئاو زۆر ئەکێشێ. بۆیە جێی ئەهێڵم بۆ نوسینێکی درێژتر.

لە سلێمانی لەگەڵ هاوڕێکانم لە رێکخراوی سلێمانی بەتایبەت کاک ئاکۆ وەهبی و کاک حەمەنوری لە ماوەی ئەو شەش مانگەی بەر لە راپەڕین، شەو و رۆژمان خستبوە سەریەک و هەرچیمان پێ کرا بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕیکخستن و بەستنەوەی بەشەپچڕاوەکانی رێکخستن کە بەهۆی گیرانی هاوڕیکانمانەوە دابڕابون، نوسینی پەخشانامە (تەعمیم) بۆ ریزەکانی رێکخستن و ئاراستەکردنیان، بۆ وەڵامدانەوەی نامە و راپۆرتی ریکخراوی (باوەڕ)، کە هاوڕێیانی زیندان لە ئەبوغرێب دروستیان کرد بو، بۆ دروستکردنی شانەی چەکدار و سەرپەرشتیکردنی سپای رزگاری کوردستان (سرک)، پەیوەندی بەردەوام بە ڕەتڵی پارتیزانەکانەوە لەگەرمیان و دۆڵی جافەتی، بۆ پەیوەندیکردن بە چەکدارەکانی سەر بە رژێمەوە، بەوپەڕی نکران زاتیەوە کردمان.

سەدان شانەی چەکدارمان لە رێی ریکخستنەکانەوە دروست کرد و ناومان لێنان "شانە چەکدارەکانی شاڵاو". بەهۆی ئەو پەیوەندیی‌یە گەرموگوڕەی، کە لەگەڵ رێکخستنەکانی هەولێر هەمان بو لە دوای دەستگیرکردنی کاک مستەفای سەید قادر، کاک مستەفای برایم دەروێش (هاوڕێ شاسوار)، سەرپەرشتی ئەکردن. ئەوانیش دەستیان کرد بو بە دروستکردنی شانەی چەکدار. لە یەکێ لە نامەکانمان دا بۆمان نوسین، ئێمە شانەچەکدارەکانی پارێزگای سلێمانیمان ناو ناوە "شاڵاو". ئێوەش ناوی شانەچەکدارەکانی خۆتان بنێن "بروسک" و پێشنیارەکەیان پەسەند کردین. ئیتر ناوەکانی شاڵاو و بروسک بون بە دوان لە رەمزەکانی راپەڕین.

بێگومان لە سەرتاسەری کوردستان‌دا ریکخستنەکانی ناوشار، هەم چاو و هەم ئاوێنەی هەڵسەنگاندنی روداوەکان بون بۆ سەرکردایەتی، بە تایبەت بۆ ناوەندی کۆمەڵە.
لێرەدا بە پێویستی ئەزانم ئەم چەند بروسکەیە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ڕاپەڕینی سلێمانی یەوە هەیە بڵاو بکەمەوە و پەراوێزیان بۆ بنوسم. لەمەدا تەنها و تەنها مەبەستم لە گێڕانەوەی مێژوە وەک خۆی و بەبێ تەزویرکردن و شێواندن و چەواشەکردن.

حەز و خۆزگە و ئاواتی من ئەوەیە، مۆزەخانەیەکی نیشتمانیمان هەبوایە بۆ کۆکردنەوە و پاراستن و  هەڵگرتنی هەمو بەڵگەنامەکانی شۆڕشەکانی کورد بە باش و خراپیەوە. هاوشان سەنتەرێکی ئەکادیمی‌مان هەبوایە بۆ نوسینەوەی مێژوی میلەتەکەمان لەسەر ئەو بەڵگە نامانە، دور لە کاریگەری حیزب و سەرکردەکانی، تا لە شێواندن و تەزویرکردن بپارێزرایە. هیوادارم ئەم خۆزگەیە لەگەڵ خۆم نەبەمە ژێر گڵ.


بروسکەکان و رونکردنەوەیان:

ئیمە لە رۆژی ٤-٣-١٩٩١ بەناوی (ئومید) ئەم بروسکەیەمان لە سلێمانی نوسی و بە تەتەری خۆمان‌دا ناردمان بۆ هەردو رەتڵی پارتیزانەکان (گەرمیان، شەهید حەمەڕەش فەرماندەی بو. سورداش، شەهید غەریب هەڵەدنی فەرماندەی بو) تا بەپەلە لەڕێێ جیهازەکانیانەوە بیدەن بە کاک نەوشیروان. ئەوان بۆ رۆژی دواتر (٥-٣) بروسکەکەمان ئەدەن بە کاک نەوشیروان.

دەقی بروسکەکە:

"لە/ ئومێدەوە

بۆ کاک نەوشیروان

                                                                          ٥-٣

سڵاو

وەزعەکان لای ئێمە چی تر تآخیربون هەڵناگرێ. داواکارین زۆر بەپەلە برادەران بێن بۆ هاوکاریمان. فریا نەکەون لەبار ئەچێ. زۆر وەختێتی. ئێمە ئامادەین".

ناردنی ئەم بروسکەیە و داواکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ گەیشتنە ناوشاری سلێمانی لە ئەنجامی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی کات، بەرپرسیارێتی مێژویی بو لەسەر شانی ئێمە.

وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێداوە، ریکخستنەکانی ناوشار لە هەمو قۆناغەکانی شۆڕش دا چاوی سەرکردایەتی شۆڕش و جێی متمانەی جوڵانەوەکە بون. بۆیە لەگەڵ گەیشتنی بروسکەکەمان، کاک نەوشیروان بە دەست و خەتی خۆی هەر لەژێر بروسکەکەی ئیمەدا، دەست بەجێ بروسکەیەک ئەنوسێ بۆ کاک ملازم عومەر و کاک حامیدی حاجی غالی (بە پێێ نەخشەی راپەڕین کاک ملازم عومەر سەرپەرشتیاری میحوەری سلێمانی و کەرکوک بو). داوایان لێ ئەکا بەپەلە هێز بنێرن بۆ (ناو) سلێمانی، چونکە ئەوانەی سلێمانی ساز و ئامادەن، با دەرفەتەکە لەکیس نەچێ.

"بۆ کاک عومەر

بۆ کاک حامد

١-  تکایە زۆر بەپەلە هێزێک بنێرن بۆ ناو سلێمانی چونکە ئەوانی شار ئامادەن و ئەگینا فرسەتەکە لە کیس ئەچێ.

٢ - ئەگەر بکرێ مەفرەزەکانی سلێمانی و مامۆستا جەمال و سەید ئەحمەد و ئەوان بنێرن".

رۆژی ٦-٣ کاک ملازم عومەر وەڵامی کاک نەوشیروان ئەداتەوە و فەرمانەکەی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە (کاک نەوشیروان) جێبەجێ ئەکا.



 

"لە/ کاک عومەر عەبدوڵڵا                               ٦-٣

بۆ/ کاک نەوشیروان


بەڵێ باشە فەرمان ئەدەین مامۆستا جەمال و سەید ئەحمەد و سەرکەوت هەر ئەمشەو بەرەو نزیکی شار بجوڵێن".

ئەو رۆژانە بەفروبارانێکی زۆر باریوە. بەهۆی زۆربونی ئاوی چەمی زاخێ* ئاستەنگی گەورە بۆ پەڕینەوە دروست ئەبێ. هەتا پرد دروست ئەکەن وسیم ئەبەستن و ئەپەڕنەوە، هێزەکان بۆ ماوەیەک دوا ئەکەون. بۆیە کاک ملازم عومەر بۆ دڵنیاکردنەوەی کاک نەوشیروان لە چارەسەرکردنی کێشەی پەڕینەوەی هێزەکە، جارێکی تر بروسکە  بۆ کاک نەوشیروان ئەنێرێ و لە بە رێکەوتن دڵنیای ئەکاتەوە.


"لە/ کاک عومەر

بۆ/ بەڕێز کاک نەوشیروان                                        ٦-٣-٩١


سڵاوێکی گەرم

مشکلەی پەڕینەوە چارەسەر کرا و دەستکرا بە پەڕینەوە ئەمشەو تا بەیانی هەمو دەپەڕینەوە و دەکەوینە رێ".

کاک نەوشیروان لەژێر بروسکەکەدا بە خەتی خۆی وەڵامی کاک عومەری داوەتەوە و نوسوێتێ: "خوا سەرکەوتوتان بکات".

بەهۆی سەختی ریگاوبانەکان و بەفر و باران، هێزەکان دوا ئەکەون، بەڵام هەر بەدەم رێگاوە بەتالێۆنی ٧ بۆ پشتیوانی لە جەماوەری راپەڕیوی سلێمانی بانگەوازێکی لە رێی  رادیۆی دەنگی گەلی کوردستانەوە بڵاوکردەوە: "لە بەتالێونی حەوتەوە بۆ جەماوەری راپەڕیوی سلێمانی، بەردەوام بن لە راپەڕین  ئیمەش ئەگەینە لاتان". بە قسەی هاوڕێم کاک خالید حسین کە عەدەدجیهازی بەتالێۆنی حەوت بو،  تەئکید لەوە ئەکاتەوە،  ئەو کاتەی بروسکەکەی داوە بە رادیۆکە، ئەمان گەیشتونەتە گوندێ نۆدێ.

ئیمەش پێشتر بانگەوازی راپەڕین‌مان بۆ رادیۆکە ناردبو: "لە زمناکۆوە بۆ ئازاد ١٧٦٠، برادەران ئاگادار بکەنەوە ٧ی مانگ زەماوەند بکەن".  

پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، کە نەخشەی راپەڕین بە جۆرێک دانرا بو، هەمو هێزەکانی وەکو دەنکی تەزبیح بە ئیمامەکەیەوە گرێ دابو بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکیەکەی، کە سەرخستنی راپەڕین و راماڵینی حیزبی بەعسی فاشی بو لە کوردستانی عێراق. بە واتایەکی تر، هەمو هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕەتڵەکانی پارتیزان و هێزی تایبەتەوە، بە هێزی پشتیوان و کەسایەتی‌یە ناسراوەکانەوە، بە رێکخستنی شارەکان و شانەچەکدارەکانی شاڵاو و بروسک و بارانەوە، بە پێشمەرگەکانی سوپاسی رزگاری کوردستانەوە، بەو شانە چەکدارانەی،  کە پارتیزانەکان و هێزی پێشمەرگە دروستیان کرد بو، بەوانەی لە رێی بانگەوازەکانی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستانەوە سەریان نابو بەیەکەوە و شانەی چەکداریان دروست کرد بو، بە سازدانی جەماوەری گەلەوە. هەر هەمو ئەمانە حەڵقەی پێکەوە بەستراو بون و هیچیان دابڕاو نەبون لە یەکتری و بۆ یەک ئامانج کاریان ئەکرد. نابێ ڕۆڵی گرنگی هەردوو ڕادیۆکەی دەنگی گەلی کوردستان و بەپرس و کادر و بێژەرو  پێشمەرگەکانی لە بیر بکەین کەتەنها هۆی ڕاگەیاندن بو لەو سەردەمەدا. هەمو ئەمانە پێکەوە زامنی سەرخستنی پلانی راپەڕینیانکرد. لەسەرو هەمو ئەمانەشەوە رۆڵی گرنگی بەرەی کوردستانی بو، کە یەکریزی گەلی کوردستانی سەرخستنی پلانی ڕاپەڕینی مسۆگەرتر کرد.

نەمری بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان.

* چەمی زاخێ : ئەم ئاوە لە ناوچەی شلێرەوە دێت، لە ئاستی گوندی زاخێ بە چەمی زاخێ ناسراوە، ئاوی ئەم چەمە سەر بەرەوخوار دەڕوات بە ئاراستەی کەناروێ وچەمی قوتابیان...

سەرچاوەی وێنەی بروسکەکان:

تۆڕی پەیوەندیی‌یەکانی پێشمەرگە لە شاخ، ئامادەکردنی، بەختیار مستەفا ئەمین و خالید حسێن، ل ٦١٦.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×