لەئامانجە سیاسییەکانی ئێمە

رابون مه‌عروف
  2019-05-03     767
یەکەم: سەرەڕای شەپۆلی بوختان و درۆ و تۆمەتی ناڕەوا لە بەرامبەر رەخنە راستەقینەکانمان، ھاوڕێیانی ئێمە لە ھەردوك فراکسیۆنی پەرلەمانیی ھەولێر و بەغداد، تێدەکۆشن وەك بلۆکێکی ئۆپۆزیسیۆن یەکدەست و یەکگرتو بن. وەك ھەمیشە لەبەرامبەر دەسەڵاتە ستەمکار و گەندەڵەکەی پارتی و یەکێتی ئازایانە نوێنەرایەتی خەڵکی ناڕازی بکەن.

دوەم: پارتی دیموکرات کەڵکی خراپی لە کێشمەکێش و ململانێ سیاسییەکانی ساڵانی رابردو وەرگرتوە و ھاوسەنگی ھێز لە کوردستانی عێراق بە قازانجی پارتی گۆڕاوە، بە جۆرێك کە مەترسی بۆ ئایندەی دیموکراسی و کرانەوەی سیاسی لە ھەرێم دروستکردوە. ئێمە ھەموان دڵنیا دەکەینەوە کە لە ھەستیاری ھاوکێشە سیاسییەکان دەگەین و ئامانجی ئاراستەی ئێمە پاراستنی ھاوسەنگی سیاسییە بە قازانجی دیموکراسی نەك بە پێچەوانەوە.

سێھەم: ئاراستەی ئێمە بە ئاشکرا و بە توندی دژی حوکمڕانی بنەماڵە و بە خێزانکردنی حیزب و سیاسەتە لە کوردستان. بە بەرنامە و ستراتیجی تۆکمە لە دژی ئەو پەتا ترسناکە دەوەستینەوە و بەجۆرێك بە بنەماڵەکردنی حیزب و سیاسەت شەرمەزار دەکەین، کە پشتیوانیکردنی بنەماڵەكانی سیاسەت ببێتە شەرم.

چوارەم: دوا شەپۆلی گەندەڵی لە عێراق و کوردستان، کۆنترۆڵکردنی حیزبە لە لایەن کۆمپانیاکانەوە. ئەم فۆرمە لە گەندەڵی بە جۆرێكە، پێشتر کۆمپانیاکان لق و دامەزراوەی حیزب بون، بەڵام ئێستا حیزبەکان وەك لقێکی کۆمپانیا گەورەکان بەڕێوە دەبرێن و یان خۆیان بون بە کۆمپانیای بازرگانی. ئاراستەی ئێمە روناکی دەخاتە سەر ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی ئەم فۆرمە لە گەندەڵی و تێدەکۆشین سەرچاوەکانی وشك بکەین.

پێنجەم: لە دوای ٢٨ ساڵ حوکمڕانی کوردی، ئێستا بە ئاشکرا پاشەکشەی دیموکراسی لە حوکمڕانی کوردی و ژیانی حیزبی و رێکخراوەیی دەبینین. حوکمڕانی ھەرێم خەریکی قایمکردنی پایەکانی دەوڵەتی پۆلیسییە و حیزبەکان و سیاسەتیش کەوتوونەتە دەست چەند خێزانێکی سیاسی و زۆرینەی ھەرە زۆری سەرکردە و ئەندامانی حیزبەکان کراون بە کۆیلە و شاگردی سیاسی. ئاراستەی ئێمە تێدەکۆشێت بۆ گێڕانەوە و بەھێزکردنی دیموکراسی ھەم لە حوکمڕانی ھەرێم و ھەم لە ژیانی حیزبی و رێکخراوەییدا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×