ئایندە؛ لەدژی بەخێزانیکردنی سیاسەت‌و حوکمڕانی

رابون مه‌عروف
  2019-07-02     886
کاتێك، لەبەرامبەر شکستی سەرتاپاگیری سیاسەتی حیزبە تەقلیدیەکان کۆمەڵێك سەرکردەی گەنج، بەرەی "نەخێر لە ئێستادا" و دواتر "نەوەی نوێ" مان دامەزراند، بە ئاشکرا و لە چەندین بۆنەدا ڕامانگەیاند، ئێمە بە توندی دژی "بەخێزانیکردن و بە کۆمپانیاکردن و بە یەكکەسکردنی" سیاسەت و حیزبایەتین. جێگەی داخە، لە ماوەیەکی یەکجار کورتدا، لە رێگەی خراپ بەکارھێنانی پێگەی سەرۆکایەتی جوڵانەوەکە، "نەوەی نوێ" لە ھەرسێك ئەو بوارانە، زۆر پێش حیزبە تەقلیدیەکانی دایەوە. لەبەرامبەر ئەو دۆخە شەرمھێنەرەی بەسەر "نەوەی نوێ" دا سەپێنرا، ئێمەمانان، کە ھەمو ژیانی سیاسیمان بریتیە لە روبەڕوبونەوەی ئەو مۆدێلە لە سیاسەت، نەماندەتوانی بێدەنگبین.

کاتێك بۆ یەکەمجار، ململانێ لەسەر بەخێزانیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەستەکانی سەدەی رابردو سەریھەڵدا، ئەگەر سەرکردە گەنجەکانی ناو پارتی، ئەوکات پێکەوە و یەکدەست رێگریان بکردایە لە بەخێزانیکردنی پارتی، ئێستا سیاسەت و حوکمڕانی لە کوردستان لە قۆناغێکیتر دەبو. ھەمان لۆجیك بۆ گۆڕانکاریەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆڕان-یش راستە. بە ھەمانشێوە، ئەگەر ھەمو گەنج و خۆبەخشەکانی "نەوەی نوێ" یەکدەست بھاتنایەتە پشتی ئاراستەکەی ئێمە، "نەوەی نوێ" لەبری نمونەیەکی شەرمھێنەر، دەبوە شانازیەکی گەورەی گەلەکەمان. بەڵام حەسرەت؛ لە ھەمو ئەو گۆڕانکاریانە، لە پارتییەوە تا "نەوەی نوێ" ھەمیشە کۆمەڵێك چەورە و چەگل مل بۆ ماڵباتە سیاسیەکان رادەکێشن و زنجیری کۆیلەتیی دەخەنە گەردنی خۆیان.

ئێستا ئیتر ئاشکرایە، لە کوردستانی عێراق، سیاسەت، لە بری ململانێ لەسەر دامەزراندنی باشترین فۆرمی حوکمڕانی و ژیانێکی شایستە بۆ ھاوڵاتیان، بوەتە بواری کێبڕکێی کۆمەڵێك خێزان و کۆمپانیای چاوچنۆك، کە بڕیاریانداوە لە پێناوی کەڵەکەکردنی زۆرترین پارە و سامان، ھەمو بەھا و پرەنسیپێك پایەماڵ بکەن و ئایندەی ئەم میلەتە بخەنە تونێڵێکی تاریکەوە.

دەبێتە نەنگی بۆ گەلەکەمان، بێدەنگ و دەستە و ئەژنۆ سەیری خێزان و کۆمپانیا سیاسیەکان بکات کە قومار بە ئایندەیەوە دەکەن. نابێت گەلی ئێمە ئایندەی خۆی بخاتە دەستی چەند خێزان و کۆمپانیایەکی سیاسی کە ئایندەی گەلەکەمان بگۆڕنەوە بە چەند سەفەقاتێکی زەبەلاحی بازرگانی.

وەك ھەمیشە، بڕیاری ئێمە ئەوەیە کە نە بێدەنگ دەبین و نە قەبوڵ دەکەین ئایندەی ئەم میلەتە بخرێتە گێژەنی کێبڕکێی کۆمپانیا و خێزانە سیاسییە چاوچنۆکەکانەوە.

ئێمە بەردەوامین و بە دڵنیاییەوە ئایندە بۆ ئەوانەیە کە پاشەکەشە ناکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×