بیرکردنەوە لەسەردەمی کۆرۆنادا

شادمان ئەحمەد مەحمود
  2020-03-25     830
ئامانجی ئەم بابەتە هەوڵدانێکە بۆ ڕووناکی خستنەسەر (ڕووناکی وەک چالاکیی فیکر) لە زەمەنی کۆرۆنادا. بە هیچ شێوەک نە دەمانەوێ لە گرنگیی ئەم بابەتە کەم بکەینەوە، نە لە خۆی گەورەتری بکەین، بەڵکو هەوڵ دەدەین ئەوەندەی ئەم کورتە بابەتە بوار بدات، ”حەقی خۆی” بدەینێ، بە ئاواتی ئەوەی فیکر تووشی کۆرۆنا نەبێت؛ واتا نە پشتگوێی بخەین و نە لە ترسان بمرین!

سەیرە، پەیوەندییەکی پێچەوانە لە نێوان ترس و بەرەنگاریدا هەیە: هەتا ترس زۆرتر بێت، بەرەنگاریی مرۆڤیش کەمتر دەکات. لە کاتێکدا لە ماڵەوە دانیشتووین، کاتێکی باشمان لە بەردەم ئاوەڵە بووە بۆ بیرکردنەوە. دەرفەتێکیشە بۆ ئەو کەسانە تا ئێستا لە ترسی بیرکردنەوە، هەڕاهەڕایان بووە بە دوای ئیشدا، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە دەبنەوە کە هیچی تر ناتوانن تاهەتاهەتایە خۆیان لە بیرکردنەوە بدزنەوە.

گرنگیی ئەم بابەتە لەوەدایە کە کەم بوار هەیە لەم پەتایە نەدوێین، بەڵام بۆ خوێنەری وریا کە بیەوێ تێبگات ”چ باسە؟” لەوەیە سەری لێ تێک بچێ، لەبەر ئەوەی هەموو لایەنێک لەسەری دەدوێ، لە کاتێکدا زۆربەی زانیارییەکان کافی نین لە شکاندنی تینوویەتیی حەز و مافی بیرکردنەوە و زانین.

هەموومان دەزانین، واقیعی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، دوو لایەنیان هەیە: لایەنی یەکەم، دیاردەکە خۆی و لایەنی دووەم، باسکردنی دیاردەکە. باسکردنێک، کە بەپێی بەرژەوەندیی کەسەکان و شوێن و کات، لە گۆڕاندایە. لە لایەکەوە، ڕوانگەی تایبەنمەندیی بواری تەندروستی، وەکو ئەوە وایە لە دارستانێکدا لە نزیکەوە سەیری درەختێک بکەیت و بیرت بچێتەوە لە دارستان چ باسە. گرنگیی باسکردنی ئەم پەتایە پێویست بەوە دەکات لە کاتێکدا لێرە بیری لێ دەکەینەوە، لە هەمان کاتدا لەسەر ئاستی جیهان بیر لە بابەتەکە بکەینەوە. هەروەها ڕوانگەی گشتگیریش، وەکو سەیرکردنی دارستانێکە لە دوورەوە، بەڵام یەک درەخت نەبینیت. بۆیە، بۆ تێگەیستن، گرنگە ڕوانگەی لە هەردوو گۆشەنیگاکانەوە تێبڕوانین، کاتێک سەیری درەختێک دەکەین بیرمان نەچێ لە دارستانداین و لە هەمان کاتدا کە سەیری دارستان دەکەین، بیرمان نەچێ لە درەخت پێک هاتووە و هەر درەختێکیش، هەرچەندە لەوانی تر دەچێ، لە هەمان کاتدا تاقانەیە.


بە هەمان بۆچوون، ئێمە لە کڵاوڕۆژنەی کۆمەڵناسییەوە باسی کۆرۆنا دەکەین، کە وەک مێتۆدی تێگەیشتنی دیاردەیەک، پێویست دەکات بە بەستنەوەی بەلایەنی کەمەوە بە دیاردەیەک یا زیاتری کۆمەڵایەتییەوە. مامەڵەی کۆمەڵناسی، وەک هەر دیاردەیەکی تری کۆمەڵایەتی، مامەڵەی کایەی تەندروستی وەک بوارێکی دانەبڕاو لە بیروبۆچوونی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و دەروونیدا دەکات، وەک نموونە. هەروەها لەم سەردەمەی پێی دەڵێین بەجیهانیبوون، ”دارستانەکە” لە هەمان کاتدا بیرمان لای لۆکاڵیبوون بمێنێ. چۆن دارستان بێ درەخت بێمانایە، بە هەمان شێوە بەجیهانیبوون بێ ئاگاداربوون لە لۆکاڵ، بێمانایە.


قۆرخکاریی بواری تەندروستییش تەنها بۆ تایبەتمەندکاران بەرتەسککردنەوەی فیکرە لە ئاست حەز و مافی زانیندا. بێگومان، کاری تایبەتمەند جێگەی دانپێدانراوی خۆی هەیە، بەڵام زانیاریی تەواومان پێ نادات. بۆ نموونە، کاممان ئەگەر متمانەمان بە دکتۆرەکەمان نەبێت، دەچین بۆ لای بۆ چارەسەر؟ کاتێ باسی بڕوابوون دێتە پێش، ڕاستەوخۆ بواری تەندروستی دەخلیسکێتە ناو بواری کۆمەڵایەتییەوە. بڕوابوونی کۆمەڵ بە دکتۆر، زۆربەی کات دەگەڕێتەوە بە سومعەی کۆمەڵایەتیی دکتۆرەکە. تێکهەڵچوونی بواری تەندروستیی ئابووری و سیاسی و ئایینی و… هتد، چەند نموونەیەکی تری بواری کۆمەڵایەتین، کە ڕاستەوخۆ کار دەکەنە بواری تەندروستی و ئەم بوارە تەنها دکتۆر بڕیاردەری کۆتایی نییە. سەیرە، هەندێ حەب هەیە سومعەی کۆمەڵایەتیی لە هەندێ حەبی تر زیاترە، لە کاتێکدا حەبەکان بێدەنگن.

ئەمڕۆ پێداویستیەکانی گواستنەوەی هەواڵ لەمسەری دنیا تا ئەوسەری بە ئاسانی، لەمیانەی چەند خشتەیەکەوە، پیشانمان دەدەن چەند کەس بەم پەتایە نەخۆشە و چەند کەس مردوون. بەپێی خشتەکان، تا کاتی ئەم نووسینە، نزیکەی هەشت هەزار کەس بەم پەتایە مردوون. بەڵام هۆکاری مردنی هەر نەخۆشییەکی تر لە ئاستی دنیادا ناخرێتە بەرچاو. لە کاتێکدا کە نەخۆشیی هەڵامەتیش، چاری بۆ نەدۆزراوەتەوە، بووەتە هۆکاری مردنی لە و ژمارەیە زیاتر. باشە بۆ لەم کاتەدا، ئەم پەتایە هێندە ترسی بڵاو کردەوەوە و هەموو دنیا قسەی لەسەر دەکا؟

یەکێک لەو بوارانەی باس لەم دیاردەیە دەکەن، میدیایە، ئەو شوێنەی پێ دەگوترێ دەسەڵاتی چوارەم. لەم زەمەنەدا، لەگەڵ خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، باسکردنەکان لە هەموو دنیادا بڵاو دەبنەوە. ڤایرۆسەکە چەند خێرایە، بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی هێندە خێرا. وەلێ خوێنەری وریا درک دەکات کە ئەرکی میدیا ئەوە نییە ڕوونکردنەوەمان دەربارەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بداتێ، هەر وەکو هەموو دەسەڵاتەکانی تر، ئەمیش هەوڵ دەدات ژمارەی هەواداران بۆ خۆی زیاد بکات، دەنا دەبێ لە ماوەیەکی کەمدا کەناڵەکە دابخەن و بێکار دەبن. سەیرە، لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا، ڕۆژنامەوانەکان دەکەونە کێبڕکێ لەسەر ئەوەی کامیان زیاتر بینەریان پەیدا کردوووە لەوی تر، بۆ شرۆڤەکرنی هەمان هەواڵ. بۆ نموونە، لە دوای مردنی کەسێک لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا، ئەو وێنەیە هەڵدەبژێردرێ کە لە هەموویان سەرنجڕاکێشترە، واتا لە هەموویان زیاتر تۆقێنەرترە.

لێدان لە وەتەری دڵی بەکارهێنەر (بینەر یان بیسەر) ئامانجی میدیاکارانە، بە جۆرێک زیاتر شاز بێ، سەرنجڕاکێشتر بێ، زەوق و هەستورووژێنەر بێ، یا ترس بخاتە دڵی بەکارهێنەرەوە. بیرکردنەوە ئامانج نییە. هەروەها ئەگەر بابەتەکە خۆیشی ترسهێنەر بێ، وەک بابەتی شەڕ، ئەوا بابەتەکە هێندەی تر شاز دەخرێتە ڕوو. بۆ نموونە، ڕووداوی تۆقێنەری ۱۱ی سێپتێمبەر لە ئەمەریکا، بە باشترین بابەتی میدیا دادەنرێ.

دیارە میدیایش وەڵامدەرەوەی یەکێک یان زیاتر لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگەیە. کاتێ بەیانی ڕادیۆ دەکەیتەوە و باسی ڕووداوی لێکدانی چەند سەیارەیەک و مردن و برینداربوونی سەرنشینەکانی دەکات، ئەگەر گوێگر خۆشییەک لەم جۆرە هەواڵانە نەبینێ، پێویست ناکات هەموو ڕۆژێ بۆ گوێگرتن لە هەواڵ ڕادیۆکە بکاتەوە. لەوەیە خۆشیی ئەوەی ئەو لە سەیارەکەدا نەبووە و بەسەر ئەم نەهاتووە، چێژبەخش بێ، ئەم چێژەیش هەموو ئازارەکان و ترسەکانی خۆی لە بیر بباتەوە.

لەم ڕۆژانەدا، ساڵیادی شەڕی سووریا بوو، لەژێر هەواڵەکانی کورۆنادا بە کورتی بۆ چەند ساتێک باس کرا. شەڕێک کە زیاد لە دە ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و نزیکەی چوارسەد هەزار کەسی مەدەنیی تێدا کوژراون. لە ساڵی یەکەمیدا، شەڕی سووریا یەکەم هەواڵ بوو، سەرنجی خەڵکی ڕادەکێشا. دوای ئەم چەند ساڵی شەڕە، هەموو زلهێزەکان نەیانتوانی چارەیەی ئاشتیخوازانە بدۆزنەوە و بۆیان دەرکەوت دەستەوسانن لە دۆزینەوەیدا. ئەمڕۆ گوێگرتن لە باسی شەڕی سووریا زەوقی بینەر کەم ڕادەکێشێ، تازە نییە، باسی شەڕ بوو بە بەشێک لە ژیانمان. شەڕی سووریا هێندەی کۆرۆنا سەرنجی دنیای ڕانەکێشا. لەوەیە یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوە بێ، هەندێ لە بینەرەکان ئەو شەڕەیان تەنها بۆ بیرچوونەی خەمەکانی خۆیان سەیر کردبێ و تەنها وەک خەمی سوورییەکان سەیریان کردبێ، دوور لەوان !

هەواڵەکانی کۆرۆنا وەک گێژەڵووکەیەک وان، چەندین هەواڵی تری لە جۆری سووریا دەکەن بە ژێرەوە. بە جۆرێک کۆرۆنای میدیا و ”خۆشیی ترس”، وای لێ کردووین دنیامان تەنها لێ ببێتە خەم یان خۆشیی ژیان. چەند کورتبینانەیە ئەو بیرۆکانەی باسی ژیانمان بە مان و نەمان بۆ دەکەن، کە هەوڵ دەدەن هەموو ڕەنگەکانی ژیانمان بیر بەرنەوە و تەنها ڕەنگی ڕەش یان سپیمان پێ دەڵێن !


لە لایەکی تر، سیاسەتمەداران باسی کۆرۆنامان بۆ دەکەن. ئەمانیش بەپێی فیکری و بەرژەوەندیی سیاسی و شوێنی خۆیان. سروشتی ململانێکان هاوئاوازە لەگەڵ ئاستی دەسەڵاتیان لە هاوکێشە سیاسییەکاندا، وەک هەموو بابەتێکی تری سیاسەت. کاتێک ئەمان خولیایان دەسەڵات بن، هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لێ چاوەڕێ ناکرێ. تەندروستی و دەسەڵات کەم پێکەوە دەگونجێن. لە لایەک ژمارەی تووشبوان دەشارنەوە و قەوانی سواوی ”نەزەریەی موئامەرە” بە خەڵکی ساکار دەفرۆشنەوە بە ئامانجی کۆکردنەوەی هەواداری زیاتر بۆ بەرنامەکانیان، لە لایەکی دی ماسولکە با دەدەن لە دروستکردنی گەورەترین خەستەخانە لە کەمترین کاتدا و زاڵبوون بەسەریدا، لە لایەکی دی ناوی وڵاتی دوژمن لەجیاتیی کۆرونا دەڵێن، لە لایەک باسی پچڕانی پەیوەندیی پچڕاو دەکەن. خۆپارێزی، جووڵەی زۆربەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی، سنووردار کردووە (چ سەفەری دەرێ، یان هیی وڵات)، کە بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ژیان دادەنرێ.

سیاسەتمەداران کەمتر لە میدیاکاران کار بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لە میدیا ناکەن. تۆبڵێی ئەمانیش ترسی شاراوەی خۆیانمان پێ نەفرۆشنەوە، ئەویش لە بێدەسەڵاتییاندا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتییانە لە چەند ساڵی کاریاندا، یان ترسی خۆیان لەوەی کەسیان نەمر نین. کە باسیش دێتە سەر دیموکراسی، کورۆنا بیری هەموو لایەکی دەخاتەوە کە هەموو کەس دەشێت تووش ببن؛ چ هەژار چ دەوڵەمەند و هەموومان لەم گوندەدا یەکسانین لە بەردەم مردندا.

خاوەندارانی میدیا و دەسەڵاتداران، بە ئاگایی بێت یا نائاگاییان، هەوڵ دەدەن لە بیرمان بەرنەوە، کە پێش مردن، چەندەها هۆکار هەن دەبنە هۆی درێژدان بە تەمەنی مرۆڤ. واتا، هەرچەندە کۆرۆنا لە دنیادایە، بەڵام لە هەندێ شوێن، پارێزگاری لێی ئاسانترە وەک لە هەندێ شوێنی تر، هەروەها بۆ هەندێ کەس وەک لە هەندێ کەسی تر ئاسانترە. بۆ خۆپاراستن، پێمان دەڵێن دەستشتن یەکەم هەنگاوە. وەلێ دەیانەوێ، لەژ ێرناوی شەڕی بایۆلۆجیدا، لە بیرمان بەرنەوە کە چەندەها کەس و گیاندار هەن زۆر دەمێکە و ئێستایشی لەگەڵ بێ، ئاوی پاکیان دەست ناکەوێ بۆ خواردنەوە. ئەو ڕێنماییە ساکارانە لە هەموو دنیادا بە یەکسانی دەست ناکەون. ئەوەی وتی جیهان بووە بە گوندێک، باسی یەکسانی و نایەکسانیی لەو گوندەدا نەکرد، لە کاتی خۆپاراستن لە مردن. ڕێژەی درێژیی تەمەنی مرۆڤەکان بەرزترە لە هێندێ شوێنی دی. ئەم گێژەڵووکەی پەتای میدیای کۆرۆنایە هەواڵی ژیان و مردنی هەزارەها زیندەوەری سەر ئەم زەمینەی کردووە بە ژێرەوە. بیرکردنەوە، واتا مافی زانین، ئەوەیە مرۆڤ تەنها لە دووی ئەو باسانە نەگەڕێ کە دێتە پێش، بەڵام لە دووی ئەو باسانەیش کە پەتای میدیا هەوڵ دەدات بیانکات بە ژێرەوە و خەریکن بیر دەچنەوە؟


زۆربەی دەسەڵاتدارانی میدیا و سیاسەت و ئایین، بە تایبەتی لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی بواری ئابووری، هەوڵ دەدەن ئەم ئەزمەیە بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجێکی ئابووری، پەراوێزخستنی زیاتری وڵاتە هەژارەکان. ڕاستە هەندێکیان چەندین ملیار دۆلار تەرخان دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە، لە هەمان کاتدا، نرخی نەوت لە دابەزیندایە، کە وڵاتە هەژارەکان هێندەی تر هەژارتروو بێدەسەڵاتتر دەبن. وا زلهێزەکانیش مشتومڕی ئەوەیانە کامیان بتوانێ قۆرخی دەرمانێک بکات، کە هێشتا نەدۆزراوەتەوە. بەستنەوەی بواری ئابووری و تەندروستی، زۆر زیاتری پێویستە، بەڵام لێرەدا دەمانەوێ تەنها گرنگیی ئەو پەیوەندییە بخەینە ڕوو کە چۆن لە سیستمی ئابووریی نیولیبڕاڵ هێندەی تر هەوڵ دەدات ئیستیحقاقی ژیان تەنها بۆ دەوڵەمەند و بەهێزەکان بڕوانێت. لێرەوە، ئەم سیستەمە ئابوورییە هێندەی تر کولتووری ڕەگەزپەرستی و خۆپاراستن لەوی تری جیاواز لە خۆ، پتەو دەکاتەوە. لە پشتەوەی ئەم کولتوورە، ”فەلسەفەی ژیان وەک جەنگەڵ” پیادە دەکرێ. پێمان دەڵێن، لەم جەنگەڵەدا تەنها بەهێزە ئابوورییەکان دەتوانن مافی ژیانیان هەبێ.

ڕاستە هەموو کەس دەمرێت. بێگومان ئەم فیکرەیە تازە نییە، بەڵام تازەییەکە لەم سەردەمەدا ئەوەیە، هەموو مرۆڤەکان، هەژار یان دەوڵەمەند، لێرە یان لەوێ، فیکرەیەکی کۆنیان دێتە بەرچاو کە مردن لە ڕێی هەموومانە. ئایا بە ڕاستی ترس لە مردن هەستێکی تازەیە بۆ مرۆڤایەتی؟ یان ترسی تازەی کۆمەڵێ خەڵکی گوندە لە بەرژەوەندییەکانی داهاتوویان؟ ترس ئەوەیە ئەو باسانەی لە سەردەمی پێش کۆرۆنادا بەلامانەوە گرنگ بوون، دوای سەردەمی کۆرۆنا خەریکن لە بیر دەچنەوە و بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.

بەرژەوەندخوارانی ترساو لە کۆرۆنا، خەریکە بەروارێکی تر دەخەنە هۆشمانەوە بۆ دابەشکرنی سەردەم و مێژوو: پێش کۆرۆنا و دوای کۆرۆنا. ئەگەر وا دەرچوو، لەوەیە ڕاستتر بێ بڵێن: سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی ترسی کۆرۆنا و دوای بڵاوبوونەوەی ترسەکە .

ئەو پڕوپاگەندانەی مۆدێرنە دەیکردن دەربارەی توانای مرۆڤ، جارێکی دی دەچنە ژێر پرسیارەوە. شانبەشانی ئەو نەخۆشییانەی مۆدێرنە دەستەوستان ماوە بۆ چارەسەرکردنیان، ئەم پەتایەیش جارێکی تر بیرمان دەخاتەوە کە مرۆڤایەتی بڕیاردەری هەموو چەندوچوونەکانی ژیان نییە و لە چەند ساتێکدا ئەگەری هەیە زۆربەی زانراوەکان بچنە ژێر پرسیارەوە. مرۆڤی مۆدێرن بۆی دەردەکەوێ توانای بڕیاردانی سەدی سەدی نییە بۆ پلاندانانی پاشەڕۆژ. تۆبڵێی ئەم ترسەیش ترسی مرۆڤی مۆدێرن نەبێ لە ڕۆژگاری داهاتووی نەزانراو؟

کاتێک باس دێتە سەر داهاتووی نەزانراو، وەک بەشێک لە ژێرخانی بیری مرۆڤ، ئایین ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ بۆ دامرکاندنەوەی ترسی مرۆڤ. مەبەست لێرەدا، ڕاستی و ناڕاستیی هیچ ئایینێک نییە، بەڵکو هاتنەپێشەوەی کاراکتەرە ئایینییەکانە لێرەولەوێ. هەرسێ ئایینە ئاسمانییەکان، بە ڕێگەی خۆیان، باسیان لەم پەتایە کردووە لەپێناوی دڵدانەوەی بڕواداراندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ترسە. میدیاکانیان لە دنیادا وانەکانیان دەڵێنەوە و نزا بۆ خوداوەند دەکەن، چۆن لە ماوەیەکی هێندە کورتدا، شتێکی نەزانراو ئاوا بووە هۆی ئەم بەڵایە. لە نامەکانیاندا دەیڵێنەوە کە ئەمڕۆ دیسانەوە فرسەتێکی گەورەیە بۆ بڕواهێنان بە گەورەیی خوداوەند. ئەگەر ئایینەکەیشیان بڕوای بە خودا نەبێ، ئەوا ڕێگای تر لە ئایینەکەیاندا دەبیننەوە، وەکو چۆن زووتر بۆ پرسیارەکانی تر وەڵامی ئارامکەرەوەین، هەبووە بۆ ترسەکانیان.

لە کۆتاییدا، هیوادارین لەم سەردەمەدا، هەر وەکو چۆن مرۆڤایەتی لە کاتی نەخۆشییەکانی تردا، کە چارەسەری هەبووبێت یان نا، نموونەی سەردەمی هەڵامەت، بیرکردنەوە لەو مرۆڤانەی نایەکسانی لە گوندەکەیاندا بووەتە ڕێگر لە هەوا و ئاوی پاک، زەوت نەکرێ. نەوەک سەرەڕای نایەکسانی، تووشی ترس ببن و ئەو هێزی بەرگرییەی هەیانە، بۆ ئەمڕۆ کەم نەکات؛ وەکو سبەی و سەردەمی کۆرۆنا، فرسەتێک بێت بۆ بیرکرنەوە لە ژیان، دوور لە ترسی مردن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×