موزایه‌ده‌ نییه‌ به‌سه‌ر که‌سه‌وه‌، باوه‌ڕو بڕیاری خۆمه‌

ئومێد خۆشناو
  2020-03-27     913

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هه‌ژاری و نه‌داری گه‌وره‌بووم، باش له‌ ئازاره‌که‌ی ده‌گه‌م، ئێستاش وڵات له‌وپه‌ڕی نه‌بوونییه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نییه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆران دواکه‌وتییه‌، به‌ڵکو هه‌زاران کاسبکار بێکارن و ئه‌وانه‌ی قوتی ماڵ و منداڵیان به‌رهه‌می ماندووبوونی رۆژانه‌یانه‌، ئێستا له‌ پێناو ژیان و سه‌لامه‌تیان بێکارو نه‌دارن.


بۆیه‌ به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕه‌وه‌ داواکارم له‌ حکومه‌تی کوردستان، تا چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ سێ به‌شی مووچه‌که‌م ببڕێ و پێشکه‌شی هه‌ژاران بێت و بۆشم به‌ پاشه‌که‌وت حیساب نه‌کات و کاتێ بارودۆخیش باش بێتەوە، که‌ دڵنیام باش ده‌بێتەوە، نامه‌وێته‌وه‌.


بۆیه‌ دیسان ته‌ئکید ده‌که‌مه‌وه‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌م باوه‌ڕی خۆمه‌و په‌یوه‌ندی به‌هیچ کارێکه‌وه‌ نییە، به‌ڵکو باوه‌ڕی مرۆڤبوون و ویژدانمه ‌و ئه‌و چه‌ند خاڵه‌ش ڕوونتر ده‌که‌مه‌وه‌.


*که‌س نه‌ڵێ بۆ ڕاکێشانی سۆزی خه‌ڵکه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ژیانم ماوه‌ به‌نیازی هیچ خۆکاندیدکردنەوەیەک نیم، من دووجار تاقی کراوه‌ی سه‌رکه‌وتووی ده‌نگی زۆربه‌ی هه‌ژارانم.
*جگه‌ له‌ مووچه‌ی خۆم، خاوه‌نی هیچ داهاتێکیتر نیم، ئه‌گه‌رنا به‌بێ ده‌نگی کاری خۆم ده‌کرد.


*ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ش نه‌بێت، خودا یاربێت به‌ بێ ده‌نگی کاری خۆم ده‌که‌م و بڕیاری خۆم داوه‌، له‌وەته‌ی خاوه‌نی مووچه‌م یه‌ک مانگیش نه‌بووه‌ مووچه‌که‌م ته‌نها بۆ خۆم بێت، له‌پێناو ڕه‌زامه‌ندی خودا، ئه‌وه‌ی له‌توانا بووه‌ کردوومه‌.


*پێش چوونم بۆ په‌رله‌مان و ئێستاش دوو خوله‌ له‌په‌رله‌مانم، هه‌میشه هه‌ستم کردوه‌ دیوارێک له‌ نێوان خه‌ڵک و به‌رپرسان هه‌یه‌، به‌چه‌ند هه‌ڵوێستێک له‌ ڕابردوو هه‌وڵمداوه‌، ئه‌و دیواره‌ بچووک بکه‌مه‌وه‌، ئێستاش کاتی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌ک هه‌وڵده‌ین ئه‌و دیوار بڕووخێنین.


خودای گه‌وره‌ خه‌ڵک و خاکی کوردستان بپارێزێ و حکوومه‌ت و دامه‌زراوه‌کانی کوردستانیش سه‌ربخات....

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×