گۆڕان و چاوەڕوانی

نەبەز جەلال
  2020-05-10     514
پاش ددان بەخۆداگرتن و پشتیوانیەکی زۆری بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتەوایی و هێمنی پرۆسەی سیاسی و یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان، وەک هێزیکی کاریگەری سیاسی ناوچەکە ، کەوتۆتە دۆخێکی ئاڵۆز و ھەڵواسراوەوە لە ئاڕاستەی کار و بڕیاری سیاسییدا، بێگومان گۆڕان وەک دەنگ، ڕوونكردنەوەو پەیامی دیار و ئاشکرای ھەیەو ئاڕاستەکانی ڕوونن، بەڵام سستی لە کرداری بەرجەستەو و ھەنگاوی مەیدانیدا دەبینرێ، جگە لە پەرچەکرداری بچوک و ناوەند گیر، ھیچی تری بە ئاشکراو بڕیاردەر لێ نابینرێ، وەک جوڵاندنەوەیەکی تایبەت لە ناو خەڵکی کوردستاندا.

لەم سەرنجەوە کە سەرچاوەی تێگەیشتنی زەمەنێکە لە کارکردن، دەبێت میکانیزمی کارکردن و سیستەمی جوڵاندەوەو  جۆری داکۆکیەکانی بزوتنەوەکە بگۆڕدرێت، خۆی بکاتەوە بەزەروورەتی کارکردن بۆ گۆڕەپانی سیاسی و حیزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان هەر وەک چۆن ئەو پێویستییە لە سەرەتادا دروستیکردبوو، نەک وەک شێوە پاشگرێکی ئێستا لە سیمای دەسەڵاتەوە بۆ تەواوکاری ویستی پارسەنگ پێناسەو پیشانی خەڵکی کوردستان بدرێ و کاری لەگەڵ بکرێ.

ئەگەری هەمە جۆر و چەشنەی دەستی سیناریۆیەکانی '' یەکگرتوویی، ھاوبەشی، ھاوڕێگایی، هتد.. '' کار و پرۆژەو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی مەرامی حیزب بۆ حوکومەت و خەڵکەکەی وەڵامبدرێتەوە.

بێگومان سیاسەت و ویستی بەڕێوەبردنی هەردوو زلپارتی هەرێمی کوردستان لای هەموان ئاشکراو ناسراوە، کەچی و چۆن خواستێک کاردەکەن، جوڵە و ئامانجەکانیان لای هەموان ڕوونە بە تایبەت بەرامبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمەش پرسێکە لەدەرەوەی بەرنامەکارو خواستی گۆڕانخوازن و بزووتنەوەی گۆڕان، واتە چاوی قووتدان و پارچەبوونی بزوتنەوەکە لە تێکەڵبوونی ناچاری و یستەوە نەکەنە کەرەستەی نوقم بوون و توانەوەی گۆڕان و لایەنگیری سیاسی.

بێگومان خۆڕسکی گۆڕانخوازان و بزوتنەوەی گۆڕانە کە بە هیچ جۆرە تەڵەو فێڵە بادانێک ناتوانرێت ڕووی بپێچرێت لەو جۆرە بەرژەوەندیە تەسکانەوە بۆ دەستکەوتی مانەوەی جەمسەرو قازانجکاری، هاوشێوەی کار و پرۆژەکانی ڕابوردووی ئەوان، کە هۆکاری دروستبوونی ئەم دۆخە ناهەموارەن بۆ هەموان.
ئەوان بە زەمەنی تێپەڕیوی سیاسی و ململانێی کرداری ئەم دۆخەیان دروستکردووەو کردویانەتە دیوارێکی هەڵچنیو بەڕوی خەڵکی کوردستاندا کە ئێستا ئێمەی گۆڕان و زۆرینەی خەڵکی ھەرێمیش ڕەتی دەکەینەوە و بڕواشمان وایە دیوارێکی تۆکمەو بەهێز نییە بۆ خزمەتکردنی خەڵکەکەی.

لێرەدا باشترە بزوتنەوەی گۆڕان ڕوونتر و جەسوورتر داکۆکی لە مافی گەلی خۆی بکات و نەھێڵێت ئەو نییەت پاکییەی لەوە زیاتر لە شوێنی تردا بەکاربھێنرێت، وەک دژ و نەیار بەکارببرێت و ویستە خزمەتگوزاری و پرۆژەکانی گۆڕان پشتگوێ نەخرێ بۆ مەرامی تایبەتی و سەرکەوتنی سیاسی و دەستکەوتی کەسی.

ڕێککەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموکرات بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەم وا نزیکدەبێتەوە لە ساڵێک، ھێشتا گۆڕان لەدەرەوەی پرۆسەی حوکومدارییەکەدا چاوەڕوانە، بێگومان ئەمە جۆرێکە لە نابەجێیەتی و جێبەجێنەکردنی بەرپرسیارێتی ڕێککەوتن و گوێنەگرتن لە خواستی گشتی ئەو تەبایی و پێکەوە کارکردنە کە لەسەری کۆک بوون. کە بەداخەوە ئەم جۆرە کردارانە پرسیاری زۆر ھەڵدەگرێ، دەگەینە جۆرێک لە بێ متمانیی و بێ بڕوایی و نزیکبوونەوە، کە تێیدا بە نەرمی هەڵوێستی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و سەر کزگرتنی بە ڕازیبوون دەشکێتەوە، کە بەدڵنیایی باجەکەشی لەسەرمان وەک گۆڕانخوازان و دەنگدەرانمان قورس و بارگاوی دەبێت.

گۆڕان دەبێ ئەم جۆرە لە بێ متمانیی و بەکارهێنانی ئاوەزی پوچڵکردنەوەی گفت و بڕیاری ڕێککەوتنامە و پەیمانەکانیان ڕونبکاتەوەو هەڵبسەنگێنێت و بگات بە یەقین و بڕیاریان لەسەر بدات، ئایا بە ھەموو بەرکەوتەو مافەکانییەوە بەشداری ڕاستەقینەی حوکومەت دەبێت و ڕۆڵی خۆی دەبینێت وەک ھێزێکی کاریگەر ، یان بە پێچەوانەوە دەبێت بکشێتەوە لەم ڕێککەوتن و نیەتی پرۆژە خزمەتگوزارییە بەناو ھاوبەشەی، کە تێیدا بەس ناومان بۆتە دەنگۆو دەنگمان وەک بڕیار بزرە وەک هاوبەشێک کە ناومان دێت.

نزیکبونەوەو ساغبونەوە لە خاڵی کۆتایی و دوا بڕیاری ڕاشکاوانەی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستکراوەیی بەبێ دوو دڵی گۆڕان دەخاتە قۆناغێکی نوێ وە و نیەت پاکی و ئارامگیر و دڵسۆزیشی دەداتەوە بە گوێی تەواوی خەڵکی کوردستاندا کە ئەوەی دەبوو بیکەین کردمان، ئیتر ڕێگەکەمان دەگۆڕین.

گەرنا بەم شێوازە گۆڕان و گۆڕانخوازان و بەشێکی زۆر لە ئومێدی خەڵکی کوردستان، دەبنە قوربانی سیاسەتی خۆژیرکردنی دەسەڵاتی سیاسی و بێدەنگ بوونی گۆڕان لە خواستەکانیان ، ئەوسا لەویست و ئامانجی دەستکراوەیی دەسەڵاتی زۆرینەی سەر حوکم و بڕیارەکانی کە بۆمان دەبنە ئەگەر و کاری نەکردە، بەناچاری بێ ویستی ئێمەی گۆڕانخوازان دەسەپێن و لە ئاستیشیاندا بە ناچاری بێدەنگ دەبین.

ئەوسا بزوتنەوەی گۆڕان ناچارو مەحکوم دەبێت: خەباتی سیاسی خۆی چڕتر بکاتەوەو خۆی بۆ جۆرێکی فراوانتر لە مۆدێلی سیاسی کراوەی نوێ بەگەڕ بخاو دەستی گۆڕانخوازانیش واڵا ترو کراوەتربکات، تا بەرنامە داڕێژی وردتر بکەن بۆ بەگژاچوونەوەی ئەم دۆخە ناڕوون و سەپاوە، کە بژاردەکانی بۆ خەڵکی کوردستان ڕوونتر بونەتەوە بۆ کارکردن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×