سێبەری قەلەبەرد لە سەر ئەڵمانە و تاڵەسوار
  2023-12-16       1328       

ناسری حسامی

 

کتێبەکەی مەلەکەی مستەفا سوڵتانی – سێبەری قەلەبەرد لە سەر ئەڵمانە و تاڵەسوار- بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکەم پێش ئەوەی چاپ بکرێ دیتبوو. مەلەکە نوسخەی دەسنووسەکانی بۆ ناردبووم کە ئەگەر تێبینیم هەیە، پێی بڵێم. بێجگە لە هێژایان ڕەزا و حیشمەت براکانی مەلەکە، دوو کەسی دیکەش، کاک ئەحمەدی ئەسکەندەری و کاک تاهیر بۆکانی نوسخەی دەسنووسەکانیان لە لا بوو. هەموومان تێبینی و پێشنیاری خۆمان لە چەند کۆبوونەوەدا باس کرد. مەلەکە هەموو تێبینی و پێشنیارەکانی دەنووسی. بڕیاری کۆتایی بۆ نووسەر بوو کە چ لەو تێبینییانە لەبەر چاو دەگرێ.

کتێبەکە جگە لەوەی بیرەوەرییەکانی مەلەکەیە، زانیاریی زۆریشی لە سەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ناوچەی مەریوان، جوگرافیاکەی، شێوەی ژیانی خەڵکەکەی و دابونەریتیان تێدایە. شێوەزاری خەڵکی ئاوایی ئەڵمانە و دەوروبەری لە گێڕانەوەکەی مەلەکەدا هەیە و لەم بابەتەشەوە دەکرێ وەک سەرچاوەیەک چاوی لێ بکرێ.

لەو بیرەوەرییانەدا گەلێک ڕووداوی ساڵانی دوای ڕووخانی حکوومەتی شا و هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی چەکدارانە و جەماوەی لە کوردستان باسیان کراوە و لەم بابەتەوە کتێبەکە وەک ڕۆژژمێری ڕووداوەکان وایە.

کتێبەکە باسی زۆر کەس و ڕەوت و لایەنی سیاسی و جەماوەی و پیشەیی و هی دیکەی تێدا کراوە و لەوانەیە بڵێم سەدان کەس لەو کتێبەدا ناویان هاتووە و یادیان کراوە. یادی شیرین یان تاڵ، یادی بەخێر یان نابەخێر، کەسانێک کە پاڵپشت و هاندەری بوون و ئەوانەش کە قسەی تاڵیان پێ گوتووە و کۆسپیان خستووەتە سەر ڕێگای. زمانی گێڕانەوەکە سادە، ڕەوان و سەرنجڕاکێشە.

.

بەڵام لەوانە گرنگتر، ئەوەیە کە خوێنەر پێویستە بزانێ نووسەری ئەو کتێبە کێیە.

کچێکی خەڵکی ئاوایی ئەڵمانەی مەریوان، کە چالاکی ڕێکخستنی نهێنیی حیزبێک بووە: کۆمەڵە. لە ماڵێکی پڕ خێزاندا گەورە بووە. لە ماوەیەکی کەم دا، لە چەند مانگدا پێج برای، فوئاد، ئەمین، حوسێن، ئەمجەد و ماجیدی مستەفا سوڵتانی لە شەڕدا گیانیان لە دەست داوە یان ئیعدام کراون. ئەوە تا ئێرە پێنج برینی گەورە. لەگەڵ دوکتور جەعفەری شەفیعی ژیانی هاوسەریی پێک هێنا. دوای ماوەیەک دوکتور جەعفەریش لە ڕووداوێکدا کە کاتی خۆی بە گوماناوی زانرا، گیانی لە دەست دا. مەلەکە و دوکتور جەعفەر تاقە کچێکیان هەبوو. دوای دوکتور جەعفەر تەنیا "بەیان" بۆ مەلەکە مابووەوە. لە هەڕەتی گەنجیدا بەیانیش کۆتایی بە ژیانی هات.

ئەو گێڕانەوانەی لەو کتێبەدا هەن، هەموویان لەو چل ساڵەدا، مەلەکە دەیان جاری گێڕاونەتەوە. هەر بۆیەش زۆر لە شتەکانی باش لە بیر ماوە. کە دەیانگێڕیتەوە، بە زمانی ئەوکات دەیانگێڕێتەوە. بە زمانی ئەو کات کە برینەکان تازە بوون. بۆیە لە زۆر جێگا غەم و تووڕەیی و گلەییەکانی لە هی گەرمەی پرسە دەچن. ئاوڕدانەوە لە ڕابوردوو نییە، گێرانەوەی ڕووداوەکانە لە کاتی خۆیاندا. هەر کەس و لایەنێک لەوێدا ناوی هاتووە پێویستە بزانێ ڕەخنە و گلەیی کێ دەبیستێ و دەیخوێنێتەوە.

کاک فوئاد لە کوردستان کەسایەتییەکی ناسراوە، بە گشتی ئەو خانەوادەیە کە پێنج کوڕیان لە چەند مانگدا شەهید بوون، ناوبانگیان هەیە، بەڵام پەیکەرەی شکۆداری ناو ئەو کتێبە "دایە بەهیە"یە. ئەو ژنەی کاتێک لانکی کۆرپەکانی ڕادەژێنێ شیعری مەولەوی دەکاتە لایەلایە و دوایەش لە سەر تەرمی ڕۆڵەکانی شیعری مەولەوی دەخوێنێتەوە:

پەژارەت شادیم جە بێخ ئاوەردەن

دووریت ڕیشەی دڵ خەیمەکەن کەردەن

فیراقت فەرقم وە تووتیا کەرد

جیاییت ئازام جە هەم جیا کەرد.

ئەو ژنەی کاتێک دوای ئیعدامکرانی دوو کوڕی لە ڕۆژێکدا، خەڵک دێنە پرسە، بە کوڕ و کچەکانی دەڵێ: میوانمان زۆرە. هەمووشیان لە سەر قەبران ماندوو بوون و لە ڕێگەی دوورەوە هاتوون. مەگرین و بچن لەگەڵیان لە سەر سفرە دانیشن با نانەکەیان بخۆن.

من دایە بەهیەم پێشتریش دەناسی. نزیکەی بیست ساڵ لەوە پێش ئەم شیعرەم پێشکەش بە دایە بەهیە کردبوو:

ئه‌ستێره‌ خامۆش و

ئاسمان له‌ ڕه‌نگی خۆڵه‌مێش

پاییزێک بێڕه‌نگ و

زه‌وییه‌ک هیلاکی زام و ئێش.

.

ئێستاکه‌ تاڵه‌سوار

چاوه‌ڕێی ڕه‌هێڵه‌ی بارانه‌ و

چاوی له‌و هه‌وره‌یه‌

له‌ که‌لی تاسه‌وه‌

له‌ودیوی وڵاتی حه‌سره‌ت و هه‌ناسه‌ و

له‌وپه‌ڕی هه‌رێمی باوه‌شی گه‌رمه‌وه‌ دێته‌ پێش.

.

ده‌مێک بوو

نه‌یدیبوون.

زوڵاڵیی ده‌نگیانی به‌ ئاسته‌م له‌ یاد بوو.

ده‌مێک بوو تامه‌زرۆی

دیداری به‌هار و هه‌ناسه‌ی گه‌زیزه‌ و

ئامێزی گه‌رمی خاک

ده‌مێک بوو به‌ تاسه‌ی دیتنی فوئاد بوو.

.

ئێستاکه‌ چیت ده‌وێ

ئه‌وه‌ خاک تێر بۆنی پێوه‌ که‌ و

ئه‌وه‌ به‌رد بیگره‌ ئامێز و

ئه‌وه‌تا فرمێسکی هه‌ڵوه‌ریو له‌ چاوی هه‌ڵاڵه‌ی بریندار

ئه‌وه‌تا مه‌وله‌وی به‌ ڕیشی سپییه‌وه‌

که‌ ده‌گری له‌ گه‌ڵت و

ئه‌وه‌تا زرێبار.

ئه‌وه‌تا مرۆڤی وڵاتی ئاگر و

هاواری نێو سووتمان.

ئه‌وه‌تا شه‌پۆلی سه‌رکه‌ش و

باڵنده‌ی نێو تۆفان.

ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ خاک

ئه‌وه‌تا هه‌ڵه‌بجه‌ و

عومه‌ری خاوه‌ر و

کۆرپه‌که‌ی باوه‌شی و

ئه‌وه‌تا کوردستان.

.

ده‌مزانی هه‌وره‌کان

له‌ چاوی نێرگزدا

فرمێسکی بارانه‌ ده‌گێڕن،

ده‌مزانی ئه‌ستێره‌

ملوانکه‌ی تریفه‌ به‌ره‌و خاک ده‌نێرن،

ئه‌و ڕۆژه‌ی

سه‌ره‌نجام

ژانی تۆ له‌ لێدان ده‌که‌وێ و

سه‌ره‌نجام

خه‌می تۆ به‌خاکی تاڵه‌سوار ده‌سپێرن.

.

"تاڵەسوار" ناوی ئەو گۆڕستانەیە دایەبەهیە و کوڕەکانی لێی ئەسپەردە کراون و "فرمێسک" ناوی ئەو نەوەیەی دایەبەهیەیە دوای ئیعدامکرانی باوکی لە دایک بوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×