هاوزاکەی هەمووان..!
  2023-12-21       1089       

هێمن مەحمود

 

"من دۆستی مرۆڤە شەریفەکانم و دەمامک ناکەمە دەموچاوم"

چۆنە ڕۆژێک لە پڕ کەسێک هاوشێوەی تۆ، بەهەمان ناوی تۆ، بەهەمان ڕووخساری تۆ، لەهەمان شوێنی کاری تۆ دەربکەوێت و ڕووبەڕووی تۆ بوەستێتەوە و خۆیت نیشانبدات؟ چۆنە ساتێک لە خەیاڵی خۆتدا کەسێکی دیکەی هاوشێوەی خۆت بدۆزیتەوە و قسەی لەگەڵدا بکەیت؟

(هاوزا) یاخود دەتوانین بڵێین(دووانە) جیاواز لەهەموو ڕۆمانەکانی دیکەی، لێرەدا دۆستۆیڤسکی قوڵترین و وردترین کاری لەسەر دەروونی مرۆڤ کردووە و بابەتێکی هەرە ئاڵۆز و قورسی دەروونی شیکردۆتەوە و قسەی لەسەر کردووە و گەلیادکینی پاڵەوانی کردۆتە نمونەی مرۆڤێک کە لەساتێک لەساتەکاندا هاوزایەکی لە واقیع و لە خەیاڵی خۆیدا بۆ دروستدەبێت و سەرەنجام بەهۆیەوە ڕەوانەی شێتخانە دەکرێت.

هەروەک (کەیوان هەورامی) وەرگێڕی کتێبەکە ڕوونیکردۆتەوە هاوزا مانای زۆری لێ دەکەوێتەوە و حەکایەتگەلی لەبارەوە دەگوترێت لە دیدگەی عیرفان و فۆلکلۆر و دەروونناسییەوە.

لەڕووی دەروونناسییەوە هاوزا نەخۆشییەکی وەهمییە و بەشێکە لە بوونی مرۆڤ، کاتێک تاک تووشی کێشەی ڕۆحی و پەشێوییەکی توندی دەروونی دەبێت توشی هاوزا دەبێت، ئەو کەسانەی کە هەست بە تەنیاییەکی زۆر دەکەن بەنیازی هاودەم و دڵنەوایەکن بۆ ئەوەی دڵیان بکەنەوە و هاوزاش ئەم نیازەیان بۆ بەدی دەهێنێت.بەشێوەیەکی باو هەمیشە ئەو کەسانە هاوزا دەبینن کە لە لێواری شێتیدان و لەگەڵ ئەودا گفتوگۆ دەکەن، ئەو کەسانەی تووشی تەنیایی و خەمۆکی و پەرێشانی دەبن سەرەتا لەگوێی خۆیاندا دەنگێکی وەک چرپە یان ورتەورت دەبیستن کە ئەمەش چالاکییەکە لە دەرەوەی ویستی دەمار و مێشکدا بەتێپەڕینی کات ئەم چرپە و ورتەورتە زیاتر دەبێت و کەسی تووشبوو باری دەروونی خراپتر دەبێت و هەڵسوکەوتی نەشیاوی لێ دەوەشێتەوە و کەسانی دەوروبەری لێ دووردەکەونەوە و کەسی تووشبوو بەناچاری دەخزێتە کونجێکەوە، بەکورتیەکەی دێوانە دەبێت.

بەبڕوای من دۆستۆیڤسکی لە خوڵقاندنی کەسایەتی پاڵەوانی ئەم ڕۆمانەدا داهێنانێکی گەورەی کردووە و دەروونی مرۆڤی بە دوو جۆر نمایشکردووە کە لە گەلیادکینی یەکەمدا کەسێکی چاکەخواز و دەروونپاک و بێ وەی و ڕاستگۆ و شەرمن ڕەنگدەداتەوە و لە گەلیادکینی دووەمدا کەسایەتییەکی درۆزن و فێڵباز و ساختەچی و زمانلووسی و بەرژەوەندیخواز ڕەنگدەداتەوە و ململانێی ئەم دووانە لەگەڵ یەکدا بەردەوامە.

ململانێی هەردوو گەلیادکین ململانێی چاکە و خراپەیە لە دەروونی مرۆڤدا، ململانێی خێر و شەڕە، ململانێ ڕاستی و درۆیە.

گەلیادکینی یەکەم دەڵێت" خۆتان باش دەزانن...من هەر لە بنەڕەتەوە پیاوی زمانشیرینی و مەراییکاری نیم..هیچ لەو جۆرە قسە پڕووپووچ و جوان و باقوبریقەدارانەش نازانم کە خانمان حەزیان لێدەکەن..خۆتان دەزانن کە ڕواڵەتیشم ئەوەندە سەرنجڕاکێش نییە..بەخۆداهەڵگوتنی بێماناش نازانم و خاوەنی هیچ حەیایەکی درۆینە نیم و هەر لێڕانەشدا بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە دان بەمانەدا دەنێم".

دەشڵێت" من دۆستی مرۆڤە شەریفەکانم و دەمامک ناکەمە دەموچاوم".

دۆستۆیڤسکی بە سوودوەرگرتن لە دۆخی دەروونی خۆی کە نەخۆشی (فێ)ی هەبووە و بەدۆخی سەختی دەروونیدا تێپەڕیووە توانیویەتی لە کەسایەتی گەلیادکینی پاڵەوانیشدا دەروونی پەرتبووی مرۆڤ شیبکاتەوە و ئاڵۆزییەکانی بخاتە ڕوو.

هاوزا ڕۆمانێکی سادەو ساکار نییە و بەسەدان لێکۆڵینەوەی لەسەرکراوە و قوتابخانەی دەروونناسی سودێکی زۆری لێ بینیووە، خوێندنەوەشی زۆر سانا نییە و خوێنەر دەبێت زۆر بە وردی لەگەڵیدا بڕوات، بەڵام تا بڵێی ڕۆمانێکی ناوازەیە و چێژێکی تایبەتی هەیە، ئەوانەی لە دۆستۆیڤسکی تێنەگەیشتوون و چێژ لە ڕۆمان و دۆخە دەروونیەکانی پاڵەوانەکانی نابینن پێشنیاریان بۆ دەکەم نەیخوێننەوە چونکە ئاسان نییە بۆیان و تووشی بێتاقەتیان دەکات.

دواجار و وەک هەمیشە زۆر سوپاس بۆ (کەیوان هەورامی) کە ئەم بەرهەمە قورس و ئاڵۆزەی دۆستۆیڤسکی کردۆتە کوردی و لە زمانە جوان و پاراوە کوردییەکی بێبەشی نەکردوین.

"دەمەوێ بڵێم ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەم ڕۆژانەدا دەمامک دەکەنە دەموچاویان ئێجگار زۆرە... ئەمڕۆکە ناسینی کەسایەتیی مرۆڤەکان لەژێر دەمامکەکانیانەوە کارێکی زۆر دژوارە".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×