ڕامانێک سەبارەت بە "سێبەری قەلەبەرد" لەسەر ئەڵمانەو تاڵەسوار
  2024-01-06       1944       
بەرگی کتێبەکە

بەیان ناسێح

 

تا ئەم کاتە نەمتوانیوە هیچ کتبێکی سەرووی ٥٠٠ لاپەڕەیی لەماوەی چوار رۆژدا بخوێىمەوە جگە لە بیرەوەرییەکانی دادە مەلەکە نەبێ. لەزۆر شوێندا هەناسەت لێدەڕواو تووشی حەپەسان دەبی. تەنها کتێبێکە کە سەدەها بگرە زیاتریش سەمەرەی ژیانی کۆمەڵێ مرۆڤی پڕ لەژیان، شۆڕشگێرو خۆنەویست دەگرێتە خۆ. دەتباتە ناو توێی ژیانی گوندێکەوە، ناو ماڵیکەوە، ناو هەست و خەمی کیژۆڵەیەکی زیتەوە کە زۆر زوو ڕادێت بەوەی خەمی کچان و ژنەکانی دەوروبەری خۆی بخوات و خؤشی بوێن. لە توێێ ئەم بیرەوەرییەدا سەرت سووڕ دەمێنێ کە دەزوویەکی سوور سەرەتاو کۆتایی پێکەوە دەبەستێتەوە لەخۆشەویستی، هیوا، خەونی ئازادی بۆ ژیانێکی شکۆدار دوور لەچەوسانەوەو بێدادیی. پڕ لەفیداکاری و هاوسەنگەریی لەپێناو بڕوایەکدا، پڕ لەخۆنەویستی و بەخشین. هەموو ئەمانە و زۆری تریش بەدەر نەبوونە لە بوونی پەڵە هەوری ڕەش و تەماوی کە لافاویان هەستاندووە و وێرانکاری ڕوویداوە.

 

سێ پەڵەی ڕەش لەبەر چاوەکانم قوت دەبنەوە. یەکەم هەندێ لە هاوزمان، هاو گوند و هاوشارییەکان بەرەی دەسەڵاتی سەرکوتکەر هەڵدەبژیڕن. پرسیارێک لێرەدا دێتە کایەوە ئایا بەبێ هەبوون و دەست تێکەڵکردنیان لەگەڵ ئەو رژێمەی تازە هاتبووە سەر حوکم، چەند دەتوانرا تاوانەکان بەو شێوەیە ڕووبدەن. نووسەر و بیرمەندی پۆلەنی، زیگمۆنت باومان (Zygmunt Bauman) لە کتێبی 'هۆلۆکۆست و مۆدێرنە'دا باس لەوە دەکا پلانی کۆمەڵکوژی جوولەکەکان بەبێ بوونی خۆیان ئەستەم بوو بەو شێوە سیستەماتیکەی کەهیتلەر کردی بەڕێوە بچێت. پەڵەیەکی تر بوون و پایەی ژن لەو نێوەدا چۆن لە سەرەتاوە پەراوێز خراوە. قەناعەتم وایە کۆمەڵە بەبێ بوونی ژنانی شۆڕشگێر هەرگیز ئەو رێ و شوێنەی لە ناو خەڵکیدا نەدەبوو. ئەوە خودی توانای ژنان خۆیان بوو شوێنی خۆیان کردوە و پێیان نەبەخشرا، هەر ئەوەیە کە تەنانەت دایە بەهیە زۆر زوو هەست بەو پەراوێزکردنەی ژنان دەکات بۆیە بە دادە مەلەکە دەڵێت "بۆ چەک هەڵناگرن".

 سێیەم بوونی بۆشایی نێوان ئایدۆلۆجیا و ژیانی واقیعی مرۆڤەکان. لە کاتێدا بیری سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی زاڵ بوو بە سەر ئەو خەباتەدا نەک تەنها لە پێناو ڕزگاری لە چەوسانەوی میللی، بەڵکو بە هیوای ڕزگاری بۆ هەموو خەڵکی ئێران و مرۆڤاییەتی. کەچی ڕابەرایەتی قبووڵی خەرج کردنی پێنج دیناری نەکردووە بۆ کڕینی شیر بۆ منداڵێکی ساوا، بەڵام بۆ ئازادی مرۆڤایەتی شەڕی دەکرد. لابردنی ناوی دادە مەلەکە لە پەیامی سەرەخۆشییەکاندا لە کاتی مردنی د.جەعفەردا نموونەیەکی بچووکە لە دووبارەبوونەوەی هەمان کار کە سوپای سووری یەکێتی سۆڤیەت لە دوای کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەمدا ئەنجامی دا. ژنانێکی زۆر لە بەرەکانی شەڕدا بوون بەڵام دوای شەڕ ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە و چیتر شانازییان پێوە نە دەکرا بەلکوو بەپێچەوانەوە. ناونەهێنانی هاوژینی د. جەعفەر یان بەشداری نەدانی لە چۆنییەتی ڕێوڕەسمی ناشتنیدا نەک تەنها ڕێزنەگرتنی هاوژینەکەی بووە بەڵکو شێوەیەک لە لووتبەرزیش نیشان دەدات.

ڕووداوە خوێناوییەکانی یەک لەدوای یەکی ناو بنەماڵەی سوڵتانی و کۆمەڵە زۆرن، بۆیە جێی سەرنجە لەوە ڕابمێنین لەو نێوەیدەدا مرۆڤ چۆن توانیویەتی بە مرۆڤی بمێنێتەوە. دایە بەهیە چۆن توانی شکۆی مرۆڤبوونی خۆی و کوڕەکانی لەناو گۆڕیشدا پبارێزێ؟ ئوتو فرانک (Otto Frank)، باوکی ئانە فرانک (Anne Frank) کەتەنها خۆی لە خێزانەکەیدا ڕزگاری بوو لە ئۆردووگای کۆمەڵکوژی ئاوشویتش، ڕاستەوخۆ دوای کۆتایی شەڕ لە ١٩٤٥دا گەڕایەوە بۆ ئەمستەردام و کەوتە دوای سۆراغی چۆنیەتی گرتنەکەیان، دوای ئەوەی کە دوو ساڵ و چەند مانگێ خۆیان حەشار دابوو لەخانویەکدا لە ناوەراستی ئەمستەردامدا. ئۆتۆ فرانک دەیویست تێبگات، گەڕان بەدوای تێگەیشتنی ڕاستییدا بوو بە گرنگترین بەشی ژیانی.

ئەی دادە مەلەکە؟ دادە مەلەکە دوای ئەوەی ماڵە پڕ ژیانەکەیان لێ تێکدەچیت و دوای لەدەستدانی برا و هاوڕێکانی، دوای ناچار بوون بەوەی تەنانەت لە منداڵەکەشی جیابێتەوە. چ بەرخودانێکە لە پێناوی چ مەسەلەیەکدا وا دەکات مرۆڤ قوربانی لەو جۆرە بدات؟ هەموو کات کەسانێک هەن گیانی خۆیان فیدادەکەن لەپێناو مەسەلەیەکدا کە بڕوایان پێیەتی، لەلایەکی ترەوە کەسانێکی تر ڕێگایەکی تر هەڵدەبژێرن. لەوانەیە هەر یەکێک لە ئێمە ئەم یادەوەرییە دەخوێنێتەوە وەلامێکی هەبێت بۆ پرسیارێک کە  بۆ دوکتور چەعفەر لەوهەل و مەرجەدا کە منداڵەکەی شیری نەبوو بیخوا، ئامادە  بوو هەر کارێ بکات لەپێناو کۆمەڵەدا. وەکو دەردەکەوێت خۆ خودی خۆیشی زۆر پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەبووە، بەڵام نەیکردووە. لە کاتێکدا زۆر ئاسان بووە بۆ کوردێک پەناهەندەیی وەربگرێت! بۆ ئەو کارەی نەکرد؟ ئایا بڕوا و دلسۆزیەکەی بوو بۆ هاوڕێکانی؟ ئەی چۆن هەر لەو کاتەدا ئەو دەهاتە سوید بۆ بینیی هاوخەباتەکانی کەچی جارێکیان شەوێکی لە میترۆدا کردۆتەوە؟

ئەی سەرچاوەی خۆڕاگری و شەڕی ژیانی دادە مەلەکە سەرچاوەکەی چییە، سەڕەرای برینە یەک لەدوای یەکەکانی؟ ئایا هەر ئەو ڕووحەیە کە ئەمڕۆ دەبینرێت لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، کە پۆل پۆل لە کچ و کوڕی گەنج، دایک و باوکەکان سروودی ئازادی دەڵێنەوە، بەدەستی بەتاڵ و دڵێکی گەرمەوە روو لەشەقامەکان دەکەن؟ شۆڕشەکەی ژینا هەر شۆڕشەکەی دایە بەهیە و، دادە مەلەکە و بەیانیشە. شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئەو دایک و باک و خوشک و برایانەیە کە گوڵ لەسەر گلکۆ و سەری کۆڵان و بەردەرگاکان دادەنێن لە یادی خۆشەویست و ئازیزەکانیاندا. شۆڕشی ئەو نەوجەوانەیە کە بریاری لە سێدارەدانەکەی لە ئێوارەدا پێ دەدرێت داوا لە باوکی دەکات کە بە دایکی نەڵێت هەتا بەیانی تا دایکی خەم نەخوا. چەند کاتژمێر بۆ دڵی دایکی قەرز دەکات بەر لەوەی هەواڵەکەی پێبگات.

"سێبەری قەلەبەرد" تەنها وەکو بیرەوریی ژنێکی شۆڕشکێر و بنەماڵەیەک نییە کە بە مانای ووشە سەر و ماڵیان فیدا کردووە، لە هەمانکاتدا بەڵگەیەکی مێژووییە کە تائەم چرکەیەکش نووسینەوەی تەواو نەبووە. مێژوویەک بە کۆمەڵێ پرسیار ماوەتەوە لە بەرامبەر ڕیزێک ڕووداودا کە مرۆڤەکان لێی بەرپرسن، بەبێ ئەوەی کەسێک یان چەند کەسێک خەتابار بکرێت. جارێکی تر بیر لە ڕستەیەکی 'ئۆتۆ فرانک' دەکەمەوە کە دەڵی بۆ ئەوەی لە ئێستا و داهاتوومان تێبگەین دەبێت لە رابردوومان تێبگەین. تێگەیشتن بەو مانەیە نییە کێ هەڵەی کرد، دەرئەنجامەکانی چی بوو. بەڵکو تێگەشتن ئەوەیە کە باس لە بەرپرسیارێتی و چۆنیەتی هەڵسانگاندی کۆمەڵێ پرسی گرنگ بکرێت لەو سەرەتایەوە ڕوویداوە، لە چۆنیەتی هەڵبژاردنی بەرنامە و ستراتیجی. بەرپرسیارێتی لەوەی بگەیتە خاڵێ هەر ڕابەرێک، کۆمیتەی ناوەندییەک، حیزبێکیش هەڵەدەکات و کورتی دەهێنێ.

تائێستا لە چەندین کەسانی بەتوانای پێشمەرگەی کۆنی کۆمەڵە لە ژن و لە پیاویش گوێبیستی ئەوە بوومە کە کۆمەڵە سەرەرای هەموو شتێ، ڕۆڵی گەورەی هەبووە کە دەرگای بۆ ژن کردۆتەوە و چەکداری کردوون. گوایە کۆمەڵە پێشەنگ بووە لە بیری یەکسانی و بەرابەری، وەکو ئەوەی ژنە پێشمەرگەکان قەرزداری سیاسەتی کۆمەڵە بن، لە جیاتی ئەوەی یەکجار بۆ هەمووان ئاشکرا بێت ئەوە توانا و بوون و ویستی ژنان خۆیان بووە کە کۆمەڵەی ناچار کردووە شوێنی ژنان دیاری بکات. ئەم خاڵە بۆ من زۆر گرنگە، چونکە بیرمان نەچێت کۆمەڵە بیروباوەڕی سۆسیالیستی هەڵبژاردبوو کەواتە ئەوە کەمترین کار بووە کە کراوە و دەرگا لە ژنان کراوەتەوە. دادە مەلەکە لێرەدا ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەو ڕاستییانە کە ڕۆلێ ژن چۆن بووە. ئەم ڕاستییانە لە ئێستادا لە هەموو کاتێکی تر  گرنگترە کەلە شۆڕشی ژینا ژنان پێشەنگیان کردووە.

هەروەها "سێبەری قەڵەبەرد" ئەو پەردەیە دادەماڵێ کە لە ناو هەموو شۆڕش و بزووتنەوە سۆسیالیستی و کۆمەنیستیە جیهانیەکاندا هەبووە. لێرەدا پێویست بە بەراوردکردن ناکات تا ئەوە بگەیەنم کە جۆرج ئۆروێل لە رۆمانی "کێڵگەی ئاژەڵدا" ئاماژەی پێدەکات، مرۆفەکان یەکسانن بەڵام هەندێکیان لەوانی تر یەکسانترن. بۆیە من وای دەیبینم هەموو ئەو ڕابەرانەی لە سەرەتاوە بە ڕابەر ماونەتەوە لە ناو کۆمەڵەدا هەتا ئێستا(هەموو کۆمەڵەکان) کاتی ئەوە هاتووە کتێبی سپی خۆیان بنووسنەوە و رێگا بدەن بە نەوەکانی تر شوێنیان بگرنەوە. ئەو نەوەی ئەمڕۆ بڕوایان بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی ژن ژیان ئازادی هەیە. ئەمە تەنها رێگایەکە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە تێگەیشتوون لە ڕابردوو، با بەکردەوە نیشانی دەن کە شکۆ و شانازی دەبەخشن بە ڕابردووی ئەو شۆڕشە و شوێنەکانی خۆیان چۆڵ دەکەن بۆ نەوەیەکی تر.

سوپاس دادە مەلەکە و بنەماڵەی مستەفا سوڵتانی کە "سێبەری قەلەبەرد"، سەرەڕای قورسایی رووداوەکان، بە پەیامێکی زۆر گرنگ کۆتایی دێت. ئاخر زۆر ئەستەمە هەست بە هاواری ناخی ئەو دایکە نەکەیت لەگەل تەرمی خوێناوی دوو جگەرکۆشەی بەڕێوەیە بەرەو گوندەکەی تا بە شکۆوە ماڵاواییان لێ بکرێت. یان ئەو دایکەی هەشت سال وێل و شەیدای باوەش و بینینی 'بەیان'ـەکەی بووە، جارێکی تر دێن و تۆوی هیوایەک دەچێنن، بە شکۆدارییەوە جارێکی تر وێنەیەکی تری گەرمی مرۆڤبوونتان نیشان دەدەن کاتێ دەنووسن:

"راستتیەک کە ڕەنگە لە داهاتووی خەباتی ئازادیخوازانەدا وەک ئەزموونێکی زۆر گرنگ و پێویست دەبێ لەبەرچاو بگیرێ ئەوەیە: لە هەرکارێکی هاوبەشدا، لە هەر خەبات و خۆڕاگری و هاوسەنگەرییەکدا، تەنها ستایشی پێشەنگانی فیداکاری ئەو خەباتە کافی نییە، بەڵکوو سەمەرەی ژیانیان، کەسانی وەک بەیان، پیویستە لە ژیانی خۆیاندا بە کردەوە هەست بەو خۆشەویستییە و بە ئاوەدانیی دەوروبەریان بکەن."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×