لە موو باریکتر
  2024-01-23     

چیرۆکی :  نەوزاد بەندی

 

ئەو بنەماڵەیە هەر هەموویان پلەی دکتۆرایان هەبوو ..بە یەکتریان ئەوت پڕۆف یان یائپڕۆڤ ..وەک ئاماژەیەک بۆ پڕۆفیسۆر و یاریدەدەری پڕفیسۆر ...تێکڕایان تێکسمڕاو بوون ، ملئەستوور و.. قاچ و شان کۆتەرە ، لە دوورەوە لە کەرتە شاخ ئەچوون ...باپیرە گەورەیان دکتۆرای لە نانەقەیسیدا هێنا بوو ، پرسیارێکی بێ وەڵامی وروژاندبوو ، ئاخۆ نان پێش قەیسییە یان قەیسیی پێش نان  ؟ ..خۆی تێزی دکتۆراکەی لەسەر ناوساجی بوو کاتێ بە بنی تاوەوە ئەنوسێ ...برا گەورەکەی یاریدەدەری پڕۆفیسۆر بوو ، لە بواری قنچکی پیازدا ...خوشکێکیان هەبوو ، زۆر ناشیڕین بوو ، پێیان ئەوت لوت باینجان ، دکتۆرای لە بواری گیزەی مێشولەدا هێنابوو لە شەوی یەڵدادا ، بە پلەی نایاب  .. یەکێک لە توێژەران خۆی پێ نەگیرا بوو ، هەتا هێزی تێدا بوو ، جڕتێکی لێ دا بوو ، جا نەڕاندبووی : لە شەوی یەڵدادا نەک مێشوولە ، تەنانەت شەمشەمەکوێرەیش لە سەرماندا ، نایەتە دەرەوە و لە لە ساتیرەی ئەشکەوتێکا بۆ خۆی خەریکی جۆلانەکردنە ..

هەر ئەو کات و ساتە ، دوو شینە زەلام ، توێژەرەکەیان وەک پارچە فلینێک هەڵگرتبوو و بردبوویان ، ئیتر توێژەر خۆتان خۆش .. ئەو هەموو زانا و دانایه ، هەر نەیشیانپرسی بوو ئاخۆ توێژەرەکە بە چ شێوەیەک کوژراوە ؟ یان چۆن نێژراوە ؟

مامێکیشی هەبوو دکتۆرای بە پلەی زۆر باشە ، لە جیڕەی دەرگادا هێنا بوو ، بە تایبەت لە شەوانی زستاندا ... ئەوەندە بە جوانی ئەو جیڕە جیڕەی لێکدابۆوە  ، حەزت ئەکرد نەک هەر دەرگاکانی ماڵەوە ، تەنانەت دەرگای مزگەوت و ئوتومبیل و هێلانەی مریشکیش جیڕەیان تێ بکەوێ  ، ئەمیش لە خوای ئەویست ، هەر دوای تێزە بە پێزەکەی ، زانکۆیەکی گەورەی دامەزراند ، درەختی دانسقەی وای بۆ هێنا بوو ، نرخەکانی پیاوی تووڕە ئەکرد ، بۆ نمونە درەختێک هێندەی قەلێکی سوور ئەبوو ، نرخەکەی چل هەزار دۆلار .. لەو زانکۆیەدا ، کوڕە زۆر دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووەکان فێری جیڕە جیڕ ئەکران ..چۆن دەرگایەک یان پەنجەرەیەک دێنیتە جیڕە ..یەک کۆرسی تەواو لەسەر جیاوازی نێوان جڕت و جیڕە دەڕۆیشت ..ئەمانیش هەڵبەت هەر وا بە ئاسانیی نایخۆن ، چونکە کۆمپانیاکانی زەیتی دەرگا و دەڕابە هاواریان لێ بەرز بۆوە ، ئێ وای لێهاتبوو بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا ساغ نەدەبوونەوە ..خەڵک بەجۆرێ ئاڵودەی جیڕە بوو بوون ، بابت بکوشتنایە ، بەس باسی ڕۆنی نەرمکردنی ئەنجامەی دەرگات بۆ نەکردنایە .. ئەمان پشتیان قایم بوو ، بە داواکاری گشتییان وتبوو هەر دەوایەک دژی جیڕەی دەرگا بەرز کرایەوە ، لوولی کە و بیخەرە تەنەکەی خۆڵەکەوە و خاوەنەکەیشی بە مادەی پەنجا و شەشی تیرۆر سەرنگون بکەن ...کار گەیشتە ئەوەی هیچ کورسییەکی بەتاڵ له زانکۆی جیڕە جیڕ نەمایەوە و ..زانایەکی زۆری تیا بەرهەم هات ، کە لە ئاهەنگی دەرچوونیاندا ، زیاتر پاو پوز و ڕانی سپی خانمان نمایش دەکران ، کە هیچ پەیوەندییەکیشی بە جیڕەوە نەبوو ، بەڵام ڕاستەوخۆ لە زانکۆیەکی ئەسکەندنافییەوە وەرگیرا بوو ..جێی شانازی و چاو لەوەڕاندن بوو ..

خوارزایەکیان دکتۆرای لە موشێندا هێنابۆوە ، لە ئەدنبەرە ی بەریتانیا ، یاسای زۆر سەرسوڕهێنەری لەو یارییە میللیەدا داهێنابوو ، بۆ نمونە بە بەڵگەوە حاڵەتی ( حەپولکی )  ڕەت کردبۆوە ، چونکە تۆ کە حەج ئەکەیت ، یان یاری ، هیچ پێویست ناکا بە حەپولکی سڕ بکرێی .. ئەمەیش وایکرد بازرگانیی هەڵمات و گلۆر  پێشکەوتنێکی بەرچاو بە خۆیەوە ببینێ ، بە تایبەت دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکان زۆر بە دڵشادییەوە دادەنەوینەوە وەک چۆن لەسەر سیفۆنی ئاودەستی ڕۆژهەڵاتیی دادەنیشیی ، ئا بەو شێوەیە ، سەریان بۆ هەڵماتەکان نەوی دەکرد ، بۆ ئەوەی یارییەکە بەردەوام بێ ...کوڕ ئەو کوڕە بوو موشی زۆر بباتەوە ، ئەوە لە ئەولەویاتی کارەکانیان بوو ...

خاڵۆزایەکیان دکتۆرای لە خاڵخاڵۆکەدا هێنا بوو .. دەرمانێکی دۆزیبۆوە ، لە توانایدا هەبوو خاڵەکانی سەر باڵەکانی خاڵخاڵۆکە بسڕێتەوە ، بەوەیش ناوەکەی گۆڕی بۆ باڵباڵۆکە ، یان کاڵکاڵۆکە ... شایانی باسە ئەم تێزی دکتۆرایە کە لە تۆڕە کومەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە ، لە پێنج خولەکی یەکەمدا ، سیانزە ملیۆن لایک و .. دە ملیۆن کۆمێنتی دەستخۆشیی بۆ خۆی کۆکردەوە ..ئەمە وایکرد یاریزانە جیهانییەکان پەیوەندی پێوە بکەن و داوای لێ بکەن خاڵەکانیان بۆ لێبکاتەوە ..لە بەرامبەر هەر خاڵێکدا ، چەند پارەیش داوا بکا ، ئامادەن بیدەنێ ، بەڵام ئەو هەستی نیشتمانیی بەسەریدا زاڵ بوو ، لە کۆنگرەیەکدا ، تابلۆی خاڵخاڵۆکەیەکی بەرزکردەوە و نەڕاندی : هەتا خاڵی خاڵخاڵۆکەکانی نیشتمانەکەم وەستابن ، خاڵ بۆ باوکیشم لێ ناکەمەوە .. هەرچی سەروەت و سامانی دنیایەیە بیخەنە بەڕکمەوە ، نەک خاڵێک ، نیو خاڵیشتان بۆ لێ ناکەمەوە ..

ئەڵێن کەس چەپڵەی بۆ ئەو داستانە لێنەدابوو ، هەر بۆیە خەڵکێکی زۆر دەستگیر کرابوون و .. حوکم درا بوون ، هەندێکیشیان سەرنگووم کرا بوون ..

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×