محەمەد تۆفیق رەحیم: ناگەڕێمەوە خانەی راپەڕاندن
  2019-08-21       883       

محەممەد تۆفیق رەحیم، كە لەبەر پێشكەشكردنی سیڤی تا وەك كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی جیگری سەرۆكی هەرێم دیاری بكرێت دەستی لەخانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە كێشابوەوە، ئەگەرچی لەلایەن رێكخەری گشتییەوە، مستەفا سەید قادر وەك كاندیدی پۆستەكە یەكلایی كرایەوە، بەڵام ئەو وێڕای رەخنە لە شێوازی یەكلاكردنەوەی كاندیدی حزبەكە، دەڵێت، ناگەڕێتەوە خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ ئەوەش لەبزوتنەوەكە بەردەوام دەبێت.

ئاوێنە: رۆژی یەكشەممەی رابردو، عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، ناوی مستەفا سەید قادر-ی وەك كاندیدی رەسمی بزوتنەوەكە بۆ جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم كرد.

ئەوەش لەكاتێكدا بو كە محەمەد تۆفیق رەحیم، بە قسەی خۆی تەنها كەس بو كە سیڤی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێشكەش كردبو.

محەمەد تۆفیق رەحیم، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە "روداو"ی راگەیاند"ئەو کاتەی سیڤیم پێشکەشکرد بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە هەر ئەو کات بەپێی عورفی یاسایی بزوتنەوەکە لە خانەی راپەڕاندن دەستم لەکارکێشایەوە، ئێستاش کە پۆستەکە بۆ من یەکلانەبویەوە ئامادەنیم بگەڕێمەوە بۆ خانەی راپەڕاندن، چونکە خۆی هەر لە بنەمادا تەمەنی یاسایی ئەو خانەیە بەسەرچوەو دەبێت لە گۆڕاندا خانەیەکی نوێی راپەڕاندن هەڵبژێردرێت."

محەممەد تۆفیق رەحیم وتیشی"میکانیزم و شێوازی یەکلاکردنەوەی كاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان شێوازێکی نادروست و نا یاسایی بو، بابەتی شەخسی خرایە پێش یاسا، تەنیا کەس بوم بۆ ئەو پۆستە سیڤیم پێشکەشکرد، دەبو قسەم لەگەڵ بکرێت و  پۆستەکەش لەسەر بنەمای سیڤی کەسێکی بۆ دیاری بکرایە نەک بابەتی شەخسی."

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دواهەمین کۆبونەوەی خۆیاندا رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەیان سەرپشککرد کە خۆی كاندیدی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە پشکی بزوتنەوەکەیە یەکلابکاتەوە، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ناوی مستەفا سەید قادری بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناردوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×